لە گوندێکدا هەڵدەکەوێت کەسێک ببێتە فەرماندە و کۆنترۆڵی هەموو کێشەکانی خەڵکی گوندەکە بکات و بڕیار بەسەر چارەنووسیاندا بدات.
رەنگە ئەو کەسە لەوان زیاتر موڵک و باخ و ماڵی هەبێت، یان خێزانێکی گەورە و کوڕی زۆری هەبێت، یان لە باوانەوە وەک ئاغا و دەرەبەگ و سەرۆک تیرە بۆی مابێتەوە.
لەم جۆرە کەسانەدا، دەشێت کەسێکی دیکەی گوندێکی نزیک لە خۆی لەو بەتواناتر و بەهێزتر هەبێت و ئەمیان نەتوانێت خۆی لەبەردەمیدا رابگرێت و لە ئاستیدا هیچ قسەیەکی پێنەبێت، هەمووشیان لەبەردەم بەرپرسێکی کارگێڕیی حکومیدا سەر دادەنەوێنن، چونکە بڕیارە یاسایییەکان لای ئەوە و بەمیشەوە لە ئاستی سەرۆکی وڵاتدا دەسەڵاتیان سفر دەبێتەوە.
ئەمانە ئەو کەسانە دەیانکاتە دەسەڵاتدار کە لە زۆر رووەوە خۆیان لەو بە کەمتر دەزانن، یان ئەو توانیویەتی (خاڵی لاوازیان) بگرێت تا لە رێیەوە کۆنترۆڵی ژیان و جووڵەیان بکات.
لە سیاسەتیشدا ململانێکان هەر بەم شێوەن و هەندێک جار کەسایەتییە سیاسییەکان هەوڵ دەدەن نەک هەر ململانێی توند بکەن، بەڵکو ملی یەکتریش دەشکێنن، هەندێک جار پەنا دەبەنە بەر کەیسە کۆمەڵایەتییەکانیش تا لەوێوە ئابڕووی یەکتریی ببەن، وەک ئەوەی بەسەر بیڵ کلینتۆندا هات لە کەیسی مۆنیکا لوینسکیدا، یان ئەو گەڕەی کە بە ترەمپیان کرد لەبارەی پەیوەندییە تایبەتیی و کەسییەکانییەوە پێش بوونی بە سەرۆک.
هەموو ئەمانە بۆ وەرگرتن یان فراوانکردنی دەسەڵاتە، تا ئامانجەکەیان دەپێکن، دەیان بەڵێنی بریقەدار و دروشمی سەوز و سوور دەخەنەڕوو بۆ خەڵک تا فۆکەس بخرێتە سەریان.
کەسێک لە بەرەی گەلدا دەرکەوتبێت و لەناو ئازارەکاندا سەریهەڵدا بێت، وێنەی کەسایەتی مام جەلال، پێویستی بە ریکلام نەبووە و نییە و پێویستیشی بە خستنەگەڕی چەندین ملیۆن دۆلار نەبووە تا بیکاتە شیرینیی پێش هەڵبژاردن و دەنگدان.
رەنگە بە سەدان هەزار کەس هەبن لە نزیکەوە چاویان بە مام جەلال نەکەوتبێت، رەنگە نیوەی زیاتری شەهیدەکان لە نزیکەوە نەیانبینیبێت، بەڵام کاریگەریی رێبازەکەی وایکردووە کە بچنە ناو حزبەکەیەوە و بە رابەری خۆیانی بزانن.
زۆر سیفەتی خۆسەپێنەرانە و تاکڕەوانە لە زۆرێک لە سەرکردە کوردەکاندا دەگێڕنەوە و تیاشیاندا هەیە هەر لەم رێگەیەوە خۆی هێشتۆتەوە.
بەگشتی ئەو جۆرە کەسانە لە رووەکەی دەرەوەدا خۆیان وەک بەشێک لە خەڵک پیشان دەدەن، بەڵام لە دیوە شاراوەکەدا هەژموونی تاکڕەویی و سەپێنەرانەی ئەوە لە خوارەوەی حزب و حکومڕانییەکەدا رەنگدەداتەوە.
سەدام چەند دیکتاتۆر و تاوانبار بوو، هەرچی بەسەر گەلانی عیراقدا هات هەر بە فەرمانی ئەو بوو، کەچی کە درا بە دادگا، تەنانەت لە کۆمەڵکوژییەکەی دوجەیلیش رەتی دەکردەوە ئاگای لێ بووبێت.
مێژوو سەلماندوێتی هیچ سەرکردەیەکی میللی و خۆشەویستی خەڵک، لە یادەوەریی میللەتەکەیدا ون نەبووە، ماندێلا ئێستاش جێگەی شانازیی زۆرێک لە مرۆڤایەتییە لە جیهاندا، گاندی-یش هەروا.
تاکڕەویی هیچ سەرکردەیەک ناگەیەنێتە دوا قۆناغ، کەم سەرکردەی دیکتاتۆر بە مەرگی ئاسایی خۆیان مردوون، مۆدێلی حکومڕانیی ئێستاش لە جیهانی پێشکەوتوو و دیموکراتدا بریتییە لە پێکەوەیی و گەڕانەوە بۆ دەنگ و خواستی خەڵک.