ئیسرائیل پێیوابوو کە بە نەمانی رژێمی ئەسەد ئیتر سوریای بۆ دەبێتە (شامی شەریف) و کۆتایی بەو مەترسییانە دێت کە لەوێوە بۆی دەهات، ئەوان وایان دەزانی بە نەهێشتنی هێزی حەماس و حزبوڵڵا، ئیتر ئاو دەکرێت بە ئاگرەکەدا، دەیانووت ئیتر نۆبەی حوسییەکانە سەرکوتیان بکەین. ئەمە بۆ ئیسرائیل گەورەترین سەرکەوتنە لە مێژووی دروستبوونیانەوە تا ئەمڕۆ، بەڵام ئەگەر بە قووڵیی لێی بکۆڵینەوە راستییەکەی وانییە، چونکە بمانەوێت یان نا، بەشێکی ئەو خەباتەی ئەو لایەنانە دەیکەن دژ بە ئیسرائیل لەسەر هەقن (ئەگەرچی دەستەیەک بازرگانی سیاسییش بۆ سوودی خۆیان ماکینەکەی بگێڕن)، بەڵام دەیان و سەدان هەزار کەس وەک بیروباوەڕ و خۆ بەهەق زانین بۆی دەڕوانن، بۆ نموونە ئەوانەی خاکیان داگیرکراوە و بەدەر نراون لەسەر خاکی خۆیان. بەمەش دەبێت لەوە تێبگەین کە ئەوەی ئیسرائیل دەیڵێت و ئەوانە بە تیرۆریست دەشوبهێنێ راست نییە.
ترەمپ رێککەوتننامەکەی دڕاند
ترەمپ، ئەوەی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا کردی و رێککەوتننامەکەی دڕاند، هەرخۆی لەم خولەدا، بە گەرمی و خێرا چووە دانوستاندنی راستەوخۆوە لەگەڵ ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.
ئەوان گوایە تەنها باسی ئەتۆم و پیتاندنی یۆرانیۆم دەکەن و دانوستاندنەکانیان بۆ ئەوەیە، بەڵام لە ناوەڕۆکی ناڕاگەیەندراو و شاراوەدا، دەبێت دەیان خاڵی دیکە هەبێت، لەوانە نەهێشتنی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە، چونکە هەموو ئەوانەی ئیسرائیل لەگەڵیان بەشەڕ هاتووە و بە دوژمنی زانیون و بایی دەیان ملیار دۆلار تەقەمەنی بەسەردا باراندوون، ئەوانەن کە ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوپەیمانی ئێرانیان دەزانێت و پێیانوایە بزوێنەرەکەیان ئێرانە!
دەیانەوێت رێککەوتنەکان تێک بدەن
لەدوای سێ هەفتە دانوستاندنی شەممانە لە دەوحە و رۆما، دوا دانیشتن کە بڕیار بوو شەممەی رابردوو بێت لە رۆما، دواخرا بێ ئەوەی هیچکامیان رایبگەیەنن هۆکارەکەی چییە؟ لەدوای دوا دانیشتنیان لە رۆما، تەقینەوەکەی بەندەر رەجائی لە بەندەر عەباسی ئێران روویدا و نزیک بە 100 کەس کوژراو سەدانیش بریندار بوون و زیانی گەورەی ماددیشی لێکەوتەوە، ئێران تا ئێستا خەریکی لێکۆڵینەوەیە تا هۆکارەکە بدۆزێتەوە و لێرە و لەوێش گومانیان هەیە دەستی تێکدەرانە بێت.
لێرەوە ئەوە بە بیر دێنمەوە کە بە چەند رۆژێک پێش ئەوەی ترەمپ لە رێککەوتنەکەی 5+1 لەگەڵ ئێران بچێتە دەرەوە و بیدڕێنێت، ناتانیاهۆ ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران و وتی ئێمە پابەند نابین پێیەوە و نامانەوێت ئێران بەردەوام بێت لە خاوەندارێتی ئەتۆم، ئیتر بەدوایدا ترەمپ پەشیمان بۆوە و دڕاندی.
ئەو مووشەکە دەکەنە هەوێنی تێکدان
ئێستاش ئیسرائیل لەگەڵ دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران نییە، بۆیە دەکرێت هەوڵدان بۆ تێکدانی دانوستاندنەکان دەستێکی ئیسرائیلیشی تیادا بێت.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، گوایە حوسییەکان موشەکێکی بالیستییان هەڵداوە بۆ فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن لە تەلئەبیب و لە نزیکی کەتۆتەوە و ئیسرائیلیش نەیتوانییوە لە رێگەی بەرگریی ئاسمانییەوە رێگریی لێبکات و بیتەقێنێتەوە، کەچی کە ساڵی پار ئێران مووشەکبارانی ئیسرائیلی کرد، وەک ئیسرائیل وتی نزیکەی 400 مووشەک بوو، هەموویان لە ئاسماندا تەقاندەوە! بەڵام ئەم تاقانە مووشەکەی حوسییەکانیان بۆ نەتەقێندرایەوە، ئەمە ئێستا گوایە ئیسرائیلی جووڵاندووە.
حوسییەکان هاویشتوویانە، ئێران بۆ؟
ناتانیاهۆ هەڕەشەی کرد لەوەی زۆر بە توندی رەتی حوسییەکان و ئێرانیش دەداتەوە، چونکە ئەو پێیوایە، ئێران سەرچاوەی هاوکاریی سەربازیی حوسییەکانە و وتیشی کە وەڵامی دەبێت بۆ هەردوولایان.
رەنگە تەقینەوەی مووشەکی حوسییەکان لای فڕۆکەخانەکەی بنگۆریون، راست نەبێت و سیناریۆ بێت، بە ئامانجی گوشار خستنە سەر ئێران بۆ ملکەچکردن و رازیبوون لە دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران، دەنا ئیسرائیل هێرشی دەکاتە سەر، یان بۆ تێکدانی دانوستاندنەکان و دوور خستنەوەیانە لە رێککەوتن، تا ئەمریکا بێتە سەر هێڵی ئیسرائیل و بژاردەی سەربازیی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بگرنە بەر، چونکە ناتانیاهۆ نایەوێت ئەمریکا و ئێران بە ئاشتییانە رێک بکەون و دەیەوێت ئێران لە رێگەی هێرشی سەربازییەوە لاواز بکات، ئەمریکا و ئەوروپاش ئەمە بە کارەسات دەزانن لە ناوچەکە و دەیانەوێت ئێران رازیبکەن مل بنێت بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی، هەرچی ئێرانیشە چەند جارێک لە رێگەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیانەوە ئامادەییان دەربڕیوە بۆ رێککەوتنی ئاشتییانە، ماوەتەوە بڵێین، هەموو هەنگاوێکی ئاشتی، دەیان کۆسپی دەخرێتە بەردەم، چونکە زۆرێک لە ناوچەکە لە بەرژەوەندییان نییە سەقامگیری بێتە دی، بۆیە کۆسپی بۆ دروست دەکەن.
ئەمریکا بەردەوام لە دەریاوە هێرش دەکاتە سەر حوسییەکان لە شوێنە جیاوازەکان