رێبازی مام جەلال لە كۆنگرەی پێنجەمدا

10:17 - 2023-09-10
م- عوسمان كانی پانكەیی
319 خوێندراوەتەوە

بڕیاردان لەسەر بەستنی كۆنگرەی پێنجەم لەم هەلومەرجە هەستیارەدا بوێرانە و لەكاتی خۆیدا بوو، دڵسۆزانی یەكێتی بەگشتی، بە ئومێدێكی زۆرەوە دەڕواننە سەركەوتنی ئەم كۆنگرەیە، بەو هیوایەی سەرجەم كێشە كەڵەكەبووەكانی دوای كۆنگرەی چوارەم، بە روانگەیەكی پێشكەوتووخواز و لەئاستی هێنانە پێشەوەی خواست و پێویستییەكانی خەڵك و ناوخۆی یەكێتیدا بێتەدی.
كردارەكانی مام جەلال كە لە رەوشتە بەرزەكانی حزبایەتیدا بەدیدەكرا، لە ماوەی تەمەنی و لە رۆژگارە سەختەکاندا چ لە شاخ و رێکخستنەکان و هەوڵی دیپلۆماسییدا. 
چ لە راپەڕیندا و دوای راپەڕینیش بە گشتی و هەڵبژاردنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم، رۆڵی مام جەلال لە هەمویاندا دیارە. 
مام جەلال لەلایەك چاوێكی لەسەر كارەكانی حزب و رێكخستن و ئۆرگانەكانی بوو، لەلایەكی تریشەوە سەرقاڵی عیراق و داڕشتنەوەی دەزگاكانی حكومی و كۆبوونەوە لەگەڵ جەماوەری جیاوازی ناوچە دابڕێنراوەكان بوو، كە بەوپەڕی پەرۆشی و خۆشەویستی و متمانەوە گوێیان لێ دەگرت. 
بۆ چارەسەری كێشەكانی ناو یەكێتی دەبێت لە كۆنگرەی داهاتوودا و لە ئاستی لێپرسراوێتی مێژوویی رێبازەكەی مام جەلال بە كردار یەكلایی بكرێتەوە و بۆ سەركەوتنی رەوشتە بەرزەكانی حزبایەتی لە دروشمە بەرز و بەنرخەكەی مام جەلال ئەم چەند خاڵە لەبەرچاو بگیرێت:
1- پێداچوونەوە بە ناتەواوییە حزبییەكانی ناو ئۆرگانەكانی یەكێتی دوای كۆنگرەی چوارەم بە گشتی، هەڵسەنگاندنی رابردوو، ئایندەیەکی باش بنیات دەنێت.
2- پێویستە ئەندامانی كۆنگرە لە كادرانی خاوەن ئەزموون و ئەو كادرانە بن كە لە هەڵبژاردنەكانی مەڵبەند و مەكتەبەكان پەراوێزخران، دەبێ 3- پرسینەوە و بەشداریكردنی كۆنگرە لەو دوو ئەنجومەنە دیارییە كە ماوەی نزیكەی زیاتر لە 3 ساڵە لێیان نەپرسراوەتەوە كە ئەوانیش:
- ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی كە هەموویان سەركردە و فەرماندەی رۆژگاری سەخت و هاوڕێی مام و خاوەن ئەزموونێكی مەیدانی حزبی و سیاسین.
- ئەنجومەنی راورێژكاریی سەرۆك كە ژمارەمان لەسەرووی 60 كادرەوە دەبێت،  زیاتر لە 25 مان پێشمەرگەی دێرین و چەندمان خاوەنی شەهید و دوو شەهید و چەندەها رێكخستن و تێكۆشەری دێرینین، وا دوو ساڵ و نیوە لە ماڵەوەین و خۆشمان نازانین سزاكەمان چییە؟ 
لەكاتێكدا هەڵبژێردراوی كۆنگرەی سێهەمین و ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی بووین و رۆژگارێك ئێمە سەرچاوەی چارەسەری كێشەكانی ناو یەكێتی بووین.
4- پرسی رەخنە و رەخنەلەخۆگرتن لە كۆنگرەدا بەكاربهێنرێت بۆ خستنەپێش چاوی هەڵەكان و راستكردنەوەی بەرنامە و ئەركەكانی دوای كۆنگرەی پێنجەم بۆ سەرجەم كادرە سەركەوتووەكان بەگشتی.
 مام جەلال هەمیشە لە كۆبوونەوەكاندا بەكادرەكانی دەووت: رەخنە بگرن و لە منەوە دەستپێبكەن و زۆر دژی مەدح و پیاهەڵدانی ناڕەوای كادر بوو.
زۆرێک وتوویانە: سەرۆكایەتی یان سەركردایەتی دەستكەوت نییە بۆ خۆت، بەڵكو سەرۆكایەتی دەستكەوتێكە دەبێ دابەشبكرێت بۆ خەڵك.
5-هەڵسەنگاندنی تواناو رابردووی ئەو كادرانەی خۆیان كاندید دەكەن بۆ سەركردایەتی و زانیاری پێویستیان لەبارەوە هەبێت.
6- ماوەی كۆنگرە با چەند رۆژێك بخایەنێت، چونكە هەلومەرجەكە هەستیارە و پێویستی بە گفتوگۆی چڕ و پڕ هەیە.
داڕشتنی پەیڕەوی ناوخۆ زۆر گرنگە ئەبێ لە ئاستی هەلومەرجەكانی ئێستا و سەردەمیانەدا بێت و دوای هەڵسەنگاندنی تەواو لە كۆنگرەدا پەسەندبكرێت.
6- ئەو ئەنجومەنەی لە كۆنگرەدا هەڵدەبژێرێت یان بڕیاری لەسەر دەدرێت وەكو ئەزموونێكی سەركەوتوو، ناوی ئەنجومەنی ناوەندی لێبندرێت و لە كادری بەتوانا و خاوەن ئەزموون لەبەر رۆشنایی سنووری جوگرافیای هەرێمی كوردستان بێت و ژمارەیەكی باش لە زۆربەی كادرە چۆنایەتییەكانی ژن و پیاو بگرێتەوە.

وتارەکانی نوسەر