كورد و هەڵبژاردنەكەی ئەمڕۆی توركیا

10:39 - 2023-05-28
م- عوسمان كانی پانكەیی
258 خوێندراوەتەوە

عوسمان كانی پانكەیی

گەلی كورد لە باكووری كوردستان بەشداریكرد لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکی نوێی تورکیا.
 هەرچەند هەدەپە وەكو نوێنەرایەتییەكی پەرۆش بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتن بۆ گەلی كورد لە باكوور و دیموکراسی لە تورکیا، رۆڵی خۆی بینی دوای ئەوەی كە  فەزای چالاكیی و هەڵسووڕانی سیاسی لەبەردەمیدا بەرتەسك كرایەوە لەلایەن ئەردۆغان و بەرپرسانی حزبەکەیەوە لە حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان و دادگاکان  زۆرێک لە ئەندامان و چالاكوانەكانی خرانە زیندانەوە، بەڵام توانی خۆی لەو رێگرییانە قوتاربکات و بچێتە ناو هاوپەیمانییەوە لەگەڵ حزبی سەوزی چەپی توركیا و ئەو ئەنجامەی بەدەستهێنا و ئەندامان و دەنگدەرانی راسپارد بۆ دەنگدان بە كەمال کلچیدار ئۆغڵو بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار  و رێگریی لە سەركەوتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، كە لەم چەند ساڵەدا هەموو هەنگاوەكانی دژی خواستەکانی گەلی كورد بووە و بە هەموو پیلان و بەرنامەڕێژی و لەشكركێشی لە ناوچە کوردنشینەکانی توركیا لەناوەوە و لەدەرەوەش بۆ باشوور و رۆژئاوای کوردستان و رۆژانەش هەڕەشەی كوشتن و بڕین و دەربەدەركردن و بۆمبارانكردنیان لێ دەکات.
لەلایەکی دیکەوە هێزی سەربازیی لە بەشێک لە خاکی باشوور و رۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریادا جێگیرکردووە. 
وێڕای چەندەین كاری تێكدەرانە دژی كورد كە زۆر كاریگەریی لەسەر پەرتەوازەیی و سستی چالاكییەكانی هەدەپە كردووە لە باكووری كوردستان ئەنجامەكەشی بە لاوازبوونی دەنگەكانی هەدەپە کەوتۆتەوە.
ئەوەی مایەی شەرمەزارییە هاوكاریی ئەو بەناو كەسایەتییە ئیسلامییانەیە  كە بە پێچەوانەی پڕەنسیپی ئایینی ئیسلامەوە هاوار و بانگەشە بۆ دەنگدان بە ئەردۆغان و حزبەكەی دەكەن و ئەردۆغان بە خەلیفەی ئیسلام دەزانن، لەكاتێكدا ئەگەر زەیتونەكانی عەفرین و زیندەوەرەكانی شاخەكانی كوردستان لە هەموو بەشەكانی كوردستان بێنە زمان، بە رەز و باخەكانیشەوە بۆن كڕووزی سووتاندنیان دەگەیەننە ئاسمان. 
سەیر لەوەدایە ئەو هەموو زوڵم و زۆرەی ئەردۆغان و دەسەڵات و سوپاكەی دەرهەق بە گەلی كورد  دەبینن، کەچی هێشتا چەندین چەكداری كورد و ئەڵقە لەگوێ پشتیوانیی ئەردۆغان و حزبەکەی دەکەن و ناتوانن پەند لەو تاوانبارانەی مێژوو وەربگرن كە لە ئەنجامی تاواندا بەرامبەر بە شۆڕشی گەلەكەیان چۆن ریسوا بوون لە نموونەی حەسەن خەیری كە ئەتاتورك بە جلی كوردییەوە لەناو پەرلەمانی توركیادا بەكاریهێنا و بەرپەرچی سكاڵای كوردەکانی دایەوە كە لە رێكخراوی کۆمەڵەی گەلان کردبوویان و لە پاداشتی ئەو نۆکەرایەتییەشیدا ئەتاتورك حەسەن خەیری لەسێدارە دا حەسەنیش خێزان و كەسوكارەكەی راسپارد کە لە سەرە رێگایەكدا بینێژن تا كورد بەردبارانی گۆڕەكەی بكەن، لەهەمان كاتدا ئەو سیخوڕە كوردە تاوانبارەی كە زانیاریی لەسەر شۆڕشەكەی شێخ سەعید دەدا بە دەوڵەتی تورکیا و رێگای پێ گرتن لە پردی قەندیل و شێخ سەعید و نزیكەی 47 سەركردە و کەسایەتیی كوردی گەیاندە پەتی سێدارە لە پاداشتی ئەو سیخوڕیی و خۆفرۆشییەدا دوورخرایەوە بۆ دوورگەیەك کە هەتا مردن بەو سزایەوە سەری نایەوە.
لێرەدا ئەركی دەبێت هەدەپە بەرنامەیەک بۆ بەخۆداچوونەوە دابڕێژێت کە تا چەند بتوانێت ئەم هەنگاوە پێویستانە پەیڕەو بکات:
*خەباتی جەماوەریی خۆیلەناو خەڵك و ئەو سنوورانەدا بەهێز بكات کە کوردنشینن و رێژەی کورد تیایاندا زۆرە و بەرگریی لە مافی گشتی و مافی مرۆڤ و دیدگا پێشكەوتنخوازەكان بكات لەسەر ئاستی تورکیا بەگشتی و تا كاریگەریی میكرۆبی رەگەزپەرستی نەهێڵێت.
*هاوپەیمانییەكانیان بەهێزبكەن و سیاسییانە و بەمتمانەوە لەسەر بنەمای هەندێک دەسكەوت بۆ گەلی كورد و چین و توێژەكان هەنگاوی هاوپەیمانی بنێن.
*هەوڵ بدات پەكەكە كە ئێستا وەكو هێزێكی چەكدار لەئارادایە، تا ئەوەندەی بۆی دەکرێت سیمای گەشی ئاشتی و ئاشتیخوازی بکاتە بنەما و زیاتر هەنگاو بەو ئاراستەیەدا بنێت بۆ هەموو گەلان و پێکهاتەکانی توركیا بەتایبەتی توركە پێشکەوتنخوازەکان و لێیان  نزیك ببێتەوە و خۆی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نزیک بکاتەوە تا ناوی لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا بسڕنەوە، بەوەش دەتوانێت لەم ململانێیەدا حکومەتی تورکیا ورەوتە نەژادپەرستەکانی ئەو وڵاتە تەریک و بێ پشتیوان بکات.
*هەدەپە هەوڵ بدات خۆی  لەلایەنە ئیسلامییە سوننەكانیش نزیك بکاتەوە تا لە نزیکەوە بە چەوساندنەوەی كوردیان ئاشنابکات  و تا بەرەیەکی فراوانی پشتیوانی لە دەوری داوا و خواستە مرۆیی و دیموکراسییەکانی کۆبکاتەوە، چونکە گەلی کورد لە باکوور بەگشتی چاوەڕوانی هیممەتی ئەو حزبەن.


ئەمڕۆ خەڵکی تورکیا پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلایی دەکەنەوە

وتارەکانی نوسەر