11ی سێپتەمبەری 2001 لە دیدێکی مرۆڤدۆستانەوە

09:41 - 2023-09-11
هیوا محەمەد
353 خوێندراوەتەوە

ئەو رۆژە و پێشتریش هیچ كەس مێشكی بۆ ئەوە نەدەچوو كە كردەوەیەكی تیرۆریستی بەو قەبارەیە رووبدات، بەتایبەتی كە چەند فڕۆكەیەكی مەدەنی تێدا بەكاربهێنرێت و سەرنشینەكانیشی بكرێنە قوربانی، ئەمەش بە گەورەترین كاری تیرۆریستی دادەنرێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. دانانی ئەم هەموو پلانە و رێكخستنی و مەشقپێكردنی بكەرەكانی، بەلای دەزگا هەواڵگرییە جیهانییەكانەوە، مایەی سەرسووڕمان بوو، بۆچی پێشتر سەرەداوێك لەم كردەوە تیرۆریستییە ئاشكرا نەكرا؟ دەزگا هەواڵگرییەكان لەكوێ بوون؟. ئەو رووداوە لەدوای 22 ساڵ، ئەوەمان بەبیردەهێنێتەوە كە گروپی لەو جۆرە تا ئێستاش لە هەموو جێگەیەكی جیهان زۆرن، بەڵام تەنها شتێك كە تائێستا رێگربووە لە روونەدانەوەی كردەوەیەكی وەك 11ی سێپتەمبەر، گرتنەبەری ئەو رێوشوێنە توندوتۆڵەیە كە لەدوای ئەو رووداوەوە لە فڕۆكەخانەكان گیراوەتەبەر و هێشتاش بەردەوامە، دەنا لەسەر زەوی بە سەرهەڵدانی داعش و بۆكۆحەرام و دەیان گروپی دیكە بەناوی جۆراوجۆرەوە، لە زۆرێك لە جیهان بڵاوبوونەتەوە و ئامانجیان بەزۆر سەپاندنی مەرامەكانیانە كە زۆر دوورن لە خزمەت بە مرۆڤایەتی و جیهان. دەیان كردەوەی تیرۆریستیی دیكە لە شوێنە هەستیارەكاندا جێبەجێكراوە، وەك ئەوەی لە فڕۆكەخانەی برۆكسل لە 22ی ئایاری 2016 روویدا و هێرشەكان كرایەسەر وڵاتانی دیكەی ئەوروپا، بەتایبەتی پاریسی پایتەختی فەرەنسا، كە زیاتر لە 600 قوربانی بە كوژراو و بریندارەوە لێكەوتۆتەوە. ئەمە جگە لە كۆمەڵكوژییەكەی سەربازگەی سپایكەر و وێرانكردنی زۆر شاری وەك موسڵ و رەققە و تەدمور و هەموو ئەو شارۆچكە و گوندانەی داعش چوونە ناوی، ئەمە سەرەڕای كاریگەریی خراپیان لەسەر ژیانی خەڵك و كوشتن و ئازاردانی ئەوانەی لەگەڵیان نەبووبێتن. تیرۆر بەردەوامە و زادەی ململانێ سەختەكانی نێوان زلهێزی سیاسی و سەرمایەدارەكانی جیهانە، تەنانەت ئەوانەش كە قاچاخچێتی دەكەن بە مادە هۆشبەرەكانەوە، هەندێكجار پەنا بۆ ئەو گروپە تیرۆریستیانە دەبەن بەرامبەر پارەیەكی زۆر، سەدان كیلۆ لەو مادانەیان بۆ بگوازنەوە. هەرچی زلهێزەكانیشە، كە دەیان لقیان هەیە لە وڵاتاندا، ئەم گروپە تیرۆریستییانە بەكاردەهێنن لە دژی یەكتری. چەند گروپێك لەوانە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن و وڵاتانی ئیقلیمی داڵدەیان دەدەن و لەدژی یەكتری هاوكاری دەكرێن، كەوابوو دەتوانین بڵێین داڵدەدانی تیرۆریستان و بەخێوكردن و هاوكاریكردنیان لە ئەنجامی ململانێ سیاسییەكان و سەپاندنی هەژموون، بەردەوامە و چەندیش بازاڕیان گەرم بێت، ئەوا هەواداریان زۆر دەبێت و دەبێتە بەشێك لە بازرگانیی مرۆڤ كوشتن. پێویستە بیرمەندە سیاسییە ژیرەكان لە جیهان، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەوڵبدەن چیدی تیرۆریستان نەبنە زادەی ململانێ سیاسییەكان، تیرۆریست سەر بە هەر نەتەوە و ئاینێك بن، هەر تیرۆریستن و مەترسیی بۆ سەر كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەیە. ئەوانەی هێرشیان كردە سەر ناوەندی بازرگانیی جیهان لە نیۆیۆرك و بووەهۆی گیانلەدەستدانی نزیكەی 3000 كەس، پێشتر هاوسەنگەری ئەمریكا بوون لە دژی یەكێتیی سۆڤیەت. ئێستاش جیهان لەبەردەمی مەترسیی گەورەدایە، لەدوای لێدانی تاڵیبان و مانەوەی بۆ ماوەی 20 ساڵ لەژێر دەستی ئەمریكا و هاوپەیمانانی، جارێكی تر گەلانی ئەو وڵاتە كەوتوونەتەوە ژێر ستەمی تاڵیبان كە دوژمنی پێشكەوتن و ئازادیی تاكەكانە، بەمەش گەڕاینەوە بۆ خاڵی دەستپێكی پێش 11ی سێپتەمبەر، چونكە هەر ئەوێ دەبێتەوە ناوەندی پلاندانان بۆ كارێكی دیكەی تیرۆریستیی گەورەی جەرگبڕ.

وتارەکانی نوسەر