ئەمڕۆ 11/9 رێكەوتێكی جوانە لە مێژووی میدیای یەكێتیدا، رێكەوتێكیان جێگیرە كە یادی یەكەمین تەلەفزیۆنی كوردیی ئازادی دوای راپەڕینە كە لە 11/9/1991دا سەرگوڵی بەرنامەكانی بە پەخشی وتارێكی هەڤاڵ مام جەلال دەستیپێكرد لە ستادی سلێمانییەوە، سەرەڕای كورتیی مەودای پەخشەكەی، بەڵام مێژوویەكی درێژی بۆ سەرەتای میدیایەكی بینراو هێنایە گۆڕێ كە تا ئەمڕۆش كاروانەكەی بە گەشەسەندنەوە رووەو رەوتی جیهانگیری و كەناڵی ئاسمانی و پەخشی (HD) ملی ناوە.
ئەو كەناڵە، كە لە یەكەم ستۆدیۆی خۆیەوە لە ماڵی عوسمان چێواری مەزنەوە و بە چەند شارەزایەكی بواری میدیا، دەستی بە پەخش كرد، ئێستا بە دەیان كچ و كوڕی گەنجی دوای راپەڕین لێیەوە پەیامی جۆراوجۆری میدیایی سەنگین بۆ جیهان پەخش دەكەنەوە.
ئەگەر ئەم كەناڵە درێژكراوەی كاری دەنگی گەلی كوردستان بێت لە میدیای بیستراوی متەوازیعی شاخەوە، ئەوا یادەكەی هاوكاتە لەگەڵ رۆژی دەرچوونی 9000 -ەمین ژمارەی رۆژنامەی كوردستانی نوێ، كە ئەویش درێژەپێدەری كاروانەكەی رێبازی نوێ و هەواڵنامە و كۆمەڵە و كوردایەتی و رزگاریی شاخە.
هەرچەندە دەرچواندنی ژمارە سفری كوردستانی نوێ ماوەیەك دواتر بوو لە تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان و كەوتە 12/1/1992، بەڵام ئەم رێكەوتە جوانەی ئەمڕۆ زۆر ناوازەیە بۆ كاروانی میدیایی یەكێتی، لەلایەك 32 ساڵ لەمەوبەر گەلی كوردستان پەخشی خۆی دەستپێكرد، لەلایەكی دیكەشەوە كوردستانی نوێ لەم رۆژەدا كاروانەكەی 9000 ژمارەی تێپەڕاند.
ئەم دوو دامەزراوە میدیاییە سەنگینەی یەكێتی تا ئێستاش هێندە بە ویقار و رووسووری لەبەردەم مێژووی رۆژنامەنووسیی كوردیدا سەربڵندانە راوەستاون، كە هەموو ئەوانەشی كە رۆژێك لە رۆژانی ئەم 32 ساڵەی رابردووی گەلی كوردستان و كوردستانی نوێ-دا كاریانكردووە و بە هەر هۆكارێك دابڕابن یان لە كەناڵ و شوێنی دیكە خزمەت بكەن، بە شانازییەوە لە سیڤییەكانیاندا ئەو خزمەتە بكەنە گەواهیی شارەزاییان لە بواری كاری میدیاییدا.
بگرە هێشتاش ئەو هەڤاڵە دێرینانە بۆ هەڵسەنگاندنی كاری میدیایی هاوسەنگ و سەلار و راستگۆیانە، ئەو دوو كایە میدیاییەی یەكێتی دەكەنە سەنگی مەحەك بۆ پێوانی ئاستی راستگۆیی و سەنگینیی هەر میدیایەك، چونكە ئەم دوو شاكارەی یەكێتی هەمیشە راستگۆییان لە گواستنەوەی هەواڵ و رووداودا خستۆتە سەرووی ئەو دەستەواژە هەڵخەڵەتێنەرەی ناوی نراوە (سبق الصحفی)، لەبەرئەوەی زۆر میدیای چالاك و گورج و گۆڵ كە سەبقیان خستە پێش راستگۆیی و پاراستنی شیرازەی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە، بۆ ماوەیەك بۆڕی ئەم میدیا هاوسەنگانەیان دایەوە، بەڵام زۆرێكیان لە نیوەی رێگە هەناسەسوار بوون و هەندێكیشیان بەجۆرێك هەڵدێران، كە ناویان لە هیچ كلۆجێكی مێژوودا نەما، بەڵام دەبینین ئەمڕۆ پاش نزیكەی سێ یەكی سەدەیەك لە كۆشش و بەخشش بە كاروانی میدیایی، هەم گەلی كوردستان و هەم كوردستانی نوێ لە گەشانەوە و بوژانەوەی بەردەوامدان.