لەناو رووداوەکاندا

9000

10:31 - 2023-09-11
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
388 خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ژمارە (9000)ی رۆژنامەی كوردستانی نوێ، كەوتەبەر دیدەی خوێنەران، نۆ هەزار تەنها ژمارەیەکی ماتماتیكییانە نییە، بەپێی رۆژ و مانگ و ساڵ گەیشتبێتە ئێستا و ئیدی لێكدانەوە و بەهایەكی سیاسی و ئازادی و ئیتیكی كاری رۆژنامەنووسی نەبێت، بە پێچەوانەوە تێپەڕینی نۆ هەزار ژمارە لەم رۆژنامەیە، پێش هەر شتێك، واتە نۆ هەزار رۆژ بەرپرسیارێتی و وردی و كاری پڕۆفیشناڵانە و دووركەوتنەوە لە تەشهیر و ناوزڕاندن.
ئەمڕۆ كە میدیای كوردی بە گشتی لەبەردەم سەردەمێكی نوێی میدیای مۆدێرن و دیجیتاڵیدایە و هەواڵ و زانیارییەكان ئاسانتر و نزیكترە بۆ وەرگر و خوێنەر، كوردستانی نوێ هێشتا هەر وەك رۆژنامەیەكی رۆژانەی سیاسی _ گشتی کاری خۆی دەكات، نەك هەر ئەوە، تەنانەت لەم رۆژگارەدا كە كاری میدیایی بەجۆرێك لە جۆرەكان تووشی دۆخێكی پڕ قەیرانی ئیتیك و بێسەروبەرەیی لە زانیاری و دروستكردنی هەواڵی فەیك بۆتەوە، كوردستانی نوێ لە دەرەوەی ئەو هەڵایەدا دەبینرێت، لە كاتێكدا هێشتا بڵاوبوونەوەی نووسین و وتاری نووسەران مایەی  دڵخۆشییە لەم رۆژنامەیەدا، هاوكات خوێنەرێكی تایبەت و تاسوقیشی هەیە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هێشتا گەوهەری ناو خۆڵەمێشی ئەو هەموو میدیا كوردییە، بە نرختر و جوانترە!
قسەكردن لەسەر كوردستانی نوێ، بەبێ قسەكردن لەسەر ئازادیی كاری راگەیاندن، بەبێ گەڕانەوە بۆ پاشخانێكی عەقڵی گەورە كە داهێنەرەكەی سەرۆك «مام جەلال»ە، شتێكی ناتەواوە، چونكە خودی كاركردن لەم رۆژنامەیەدا، بۆخۆی واتە كاركردن لەسەر بنەمای گەشەی بیر و دووركەوتنەوە لەو جیهانە شێواوەی سۆشیالمیدیا و زۆرێكی میدیای بینراو و بیسراوی كوردی دروستیكردووە.
كاتێك قسە لەسەر كوردستانی نوێ دەكەین بەو مانایە نییە كە ئەم رۆژنامە رۆژانەیە پەیوەستە بە جیهانێكی سیاسی دیاریكراوی كەسێك و حزبێكی سیاسییەوە، بۆیە دەبێت لەسەری بدوێین و پێداهەڵدانی بۆ بكەین، بەپێچەوانەوە قسەكردن لەسەر ئەم رۆژنامەیە لەو گۆشەیەوە گرنگە كە لە پێشینەكانی میدیای نووسراوی كوردیدایە و هێشتا «گەورەترین میدیای كاغەزییە»، گرنگی ئەم میدیایە لەوێدایە كە دەتوانێت لەو جیهانە شێواوەی میدیای كوردیدا، شتێكی نوێ ببەخشێتە خوێنەر، هاوكات سەكۆیەكیش بێت بۆ را جیاوازەكان، هەروەها فلتەرێكیش بێت بۆ دەركەوتن و پێگەیاندنی رۆژنامەنووسی باش لە دەرەوەی ئەو هەڵتۆقینە نائاساییەی رۆژنامەنووس كە لە كوردستاندا دەبینرێت.
دوای تێپەڕینی مێژوویەكی درێژی ئەم رۆژنامەیە بەناو دۆخی سیاسی و ئەمنی و میدیایی و ئابووریدا، ئێستا كوردستانی نوێ دوو ئەركی گرنگی لە ئەستۆدایە، یەكەمیان: روبەڕوبوونەوە و بێكاریگەركردنی ئەو شەپۆلە خێرایەی میدیای نوێ كە دەیەوێت جۆرەكانی دیكەی میدیای كلاسیك رابماڵێت و خۆی ببێتە پاشای هەواڵگەیاندن لە كەمترین چركەدا، دووەم: دەبێت كوردستانی نوێ لە دۆخە میدیاییە ناوخۆییەكەی باشووری كوردستاندا هێزی خێر و چاكە بێت بۆ ئاشتكردنەوەی وەرگری كورد لەگەڵ خوێندنەوە و نووسینی باش و گەڕاندنەوەی وشەی كوردی پەتی جوان بۆ ناو زمانەكەمان، نەك هەر ئەوەش بەڵكو دووربێت لەو فەوزا و جیهانە فەیكەی كە هەندێك میدیا و سۆشیالمیدیا لەسەری دەژین.

وتارەکانی نوسەر