کۆڕا و کۆنگرە

خەبات و خاوەنداری

09:54 - 2023-09-18
ئاریان محەمەد
149 خوێندراوەتەوە

9

بۆ مانەوە لەناو یادەوەریدا پاڵەوان تەنها ئازایی ناوێت، بەڵكو بڕێك خۆویستی و خودپەسەندی گەرەكە، چەندەش بوێر و بە جەرگ بێت، ئەگەر لە سەركەوتنەكاندا بە شوێن داگیركردنی یادگەی خەڵكدا نەچێت، درەنگ یان زوو بیر دەچێتەوە و دەستكەوت و ناوبانگ دەبێتە موڵكی ئەوانی دیكە، ئەم بیردۆزە سەلماندنی زۆری پێویست نییە، بەڵام واچاكە چیرۆكێكی چینی لەبارەی پاڵەوان و كۆیادی خەڵكەوە ئاماژە پێ بكەین، دەگێڕنەوە پاڵەوانێك لە چین و ماچینی دێرینە ناوی جیزۆنگ بووە، دەرەقەتی ئەژدیها هاتووە و شێری بە ئاسانی راوكردووە، بەڵام چونكە خەیاڵی خۆویستی نەبووە، لە تۆماری كۆشكدا پاڵەوانێتییەكانی بۆ میر نووسراوەتەوە، گوایە یەكێتی خانەوادەی پادشای مەقسەد بووە و لەو پێناوەشدا هەموو شتی لەگەڵ زڕبرادا دەکردە هاوبەش، بەڵام ئەم دڵە چاكەی جیزۆنگ میری برای ژیر نەكرد، بەڵكو خۆی لێ ببووە پاڵەوانە راستەقینەكە و لافی بە سەرکەوتنێکەوە لێدەدا کە هی خۆی نەبوو، لە كوردستانیش پارتی وادەكات، لەو خەبات و دەستكەوت و نەبەردیانەی یەكێتی بەشی داوە، خەریكە بیری دەچێتەوە، خۆی تێدا نەبووە و لە پشكی یەكێتی پێیبڕاوە.
جارێك مام جەلال لە وتارێكدا نوسیبووی دەستكەوت و نەبەردییەكان هی هەمووانن و دەبێ حزبەكان و بەرەی كوردستانی بكرێنە خاوەنی، لەژێر فەرمایشتی ئەو فەرمانەدا یەكێتییەكانیش وایان دەوت و سووربووین بۆ پاراستنی قەوارەکە، شانازییەكان دابەش بكەین و هاوبەش بۆ سەروەرییەكان بدۆزینەوە، وا راهاتبووین بۆ دروستكردنی شوناسێكی نیشتمانیی خەبات لەگەڵ ئەوانی تردا بكەینە نیوە سێو، كەچی ئەوانەی لە رای خوا و یەكڕیزی، لەدەستكەوت و پاڵەوانێتییەكان كرانە هاودەم، خەریكە خۆیان بیردەچێتەوە و بە بیرەوەری و یاداشت، یا لەبەرنامە و دیدار، مۆری خاوەن ماڵ دەدەن لە گەردنی رووداوەكان، بەدبەخت ئەوانەی بە هەڵبەستنی درۆ و شانامەی چەواشە، یەكێتی بە وتنی كۆی راستییەكان تاقیدەكەنەوە، راستە قەوارە و فەرمایشتەكەی مام جەلالمان خۆشدەوێت، بەڵام چیتر لە خۆشویستنی خۆمان نكۆڵی ناكەین.
لە قۆناغی رزگاریی نیشتمانیدا پێوانەی حزب هەر خەباتە، ژمارەی شەهید و داستانەكانێتی، كەچی لەشاردا خەریكە زۆرینەی ساختە و پاوانخوازی جێگەی تێكۆشان دەگرێتەوە، جارێك نووسەرێك نوسیبووی سەری بڵندی هیچ هێزێكی كوردستانی لە خەبات ناگات بە كەمەری یەكێتی، لەوەتەی بۆ خەبات سوڵحاوە نە سنوور دەناسێ و نە مەحاڵی، لە هەر جێگایەك كوردایەتی بانگی كردبێت، لەوێ بووە دەی بەو هەموو خەباتەوە جارێكی تر رێگا نادرێت كەس خۆی بكاتە خاوەنی دەستكەوتەكانمان، دوو ساڵیشە راگەیاندنی یەكێتی هەر ئەمە دەكات و خاوەندارێتی سەروەرییەكان بۆ خاوەنە راستەقینەكەی دەگێڕێتەوە، لە راپەڕین و رۆڵی ئەندازیارانەی یەكێتی و داستانی كۆڕێ و زۆر رووداوی تریش، مۆرە راستەقینەكەی یەكێتی لێدرایەوە.
پێنجەمین كۆنگرە، كۆنگرەی جێگیركردنی بەها و بنەماكانە، بۆ خەباتی درێژی یەكێتی، ئەمجارە هەموو بەشداران خەبات و تێكۆشانی یەكێتی دەگێڕنەوە بۆ خاوەنە راستەقینەكە و خاوەنداری لەهەر پنتێكی ئەم سەروەرییە مێژووییە دەكات و كەس ناكەینە هاوبەشی تێكۆشان.
 

وتارەکانی نوسەر