کۆڕا و کۆنگرە

كارایی و كاریزما

09:56 - 2023-09-27
ئاریان محەمەد
360 خوێندراوەتەوە

ئاریان محەمەد

14

كاریزما لەبنەڕەتەوە وشەیەكی یۆنانیە و لە گریكی دێرینەدا بە مانای دیاری یان بەخششی خودایی بەكارهێنراوە، پاشتریش بۆ یەكەمینجار (ماكس ڤێبەر) دەیكات بە چەمكێكی سیاسی و بۆ لێوەشاوەیی و توانای بێ وێنەی سیاسەتمەدار بەكاری دێنێ‌، لە تێگەیشتنە گشتیەكەیدا كاریزما، كارەكتەرێكە سەرچاوەی دەسەڵاتەكانی خۆی لە بنەما و بەها باڵاكانەوە وەردەگرێ و پەسەندنامەی میللی پێدەدرێت. دروستە ئەم كەسایەتیە لەكایەی سیاسیەوە پێدەگات و دەگات بە دۆخی كەماڵ، بەڵام كاریگەرییەكەی دەچێتە ئەودیو حزب و سیاسەتەوە و نەخشی لەسەر داهاتووی وڵات و نەتەوە و بوارەكانی تر جێدەهێڵێ و تا رۆژگارێكی درێژ لە یادگەی خەڵكدا بەزیندویی دەمێنێتەوە، رەنگ بێت قسەكەی محەمەدی حاجی مەحمود كە بەگوزارشتێكی سادە و سادق وتبووی «مام جەلال، مام جەلالە»، رەنگدانەوەی كاریزماتیكی مام جەلال بێ لەسەر رێڕەوی خەباتی نەتەوەیی و بزووتنەوەی سیاسی كوردستانیی، داخۆ دەبێت ئاستی ئەم كاریگەرییە بەهۆی خەسڵەت باڵایی مام لەسەر یەكێتی خۆی چۆن بێت. 
 راستییەكەی كاریزما هاوشێوەی هەر كەسێكی دیكە دەمرێت، بەڵام مردنە فیزیكیەكەی كۆتایی كاریگەرییەكەی ناگەیەنێت، ئەندرێ بۆدان لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن لە راڤەكاریەكدا شوێنەواری مردنی كاریزما لەسەر پارتی سیاسی و نەتەوە وا لێكدەداتەوە كە تا رۆژگارێكی درێژ هەژموونی كاریزما لەسەر مەنزومەی بیركردنەوە و بڕیار و ستراتیژ هەر هەیە، بەڵام ئەگەر پارتی سیاسی تێزەكانی باوكە كاریزماكەی لە سیاسەت و نەخشەڕێگاكەیدا ئەبدەیت نەكاتەوە، نەك هەر دەگاتە دۆخی دابڕان لەو سەرمایە گەورەیە، بەڵكو خۆشی لەناو گۆڕەپانەكەدا مۆدێل و مانەوەی بەسەردەچێت، چونكە بوون و مانەوە و رەوایەتی هەر لە باوكە رۆحیەكەیەوە وەرگرتووە. 
 تائێستاش مام جەلال بە ئەندێشە و فەرهەنگ، بەدەنگ و رەنگ، هەر لەناوماندایە ‌و لەگوتار و رەفتارماندا ئیدیۆم و خەیاڵە باڵاكەی بەكاردەهێنینەوە، ئەمە نەك هەر بۆ كوڕە خوێنییەكانی كە لە كەسایەتی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی  و هەڤاڵ قوباد تاڵەبانیدا بەرجەستە دەبن، بەڵكو بۆ رۆڵە باوەڕییەكانیشی هەر دروستە، چونكە هەمووان تێدەگەن دوركەوتنەوە لە بەها و بنەما باڵاكانی مام جەلال، پشتكردنە ئەندێشە و تێزە كەموێنەكانی ئەم رابەرە، دواجار دەبێتە سەرچاوەی لاوازبوون و پوكانەوە، لەبەرئەمەشە سەرۆكایەتی یەكێتی لە ماوەی رابردودا دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی پێكهێناوە و پەیتا پەیتاش كۆنفڕانس لەسەر ئەندێشەی سەرۆك رێكدەخرێ و ئەدەبیاتە زارەكیەكەی مام جەلال چاپدەكرێتەوە، ئەمە تەنها بۆ پاراستنی نییە لە فەوتان، بەڵكو لەپێناو ئەوەیە وەك نەخشەڕێگای پیرۆز لە خەباتی سیاسی یەكێتیدا پشتی پێ ببەسترێت. 
 كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی، جارێكی تر پابەندبوونەوە بە وورد و درشتی ئەندێشەكانی مام جەلال دوپاتدەكاتەوە و بۆ قۆناغێكی پڕ گرێ و گۆڵی سیاسی وەك روگەی رەسەن بۆ خەبات بەكاری دێنێتەوە، چونكە پێشمەرجی كارایی و بە كارا مانەوەی یەكێتی لە گۆڕەپانی سیاسیدا، ئەگەر بەشێكی پەیوەندی بە فۆڕمی سەرۆكایەتیكردنی ئێستایەوە هەبێت، ئەوە بەشە زۆرەكەی پەیوەستە بە دید و دنیابینی مام، ئەزموون و هەڵوێستە پێشینەكانی، خەونی گەورە بۆ نەتەوە و زۆر بواری دیكەش، ئەمەش ئەمانەتێكە و كۆنگرە و سەركردایەتی بۆ جێبەجێكردنیان ساز و ئامادەن.

وتارەکانی نوسەر