کۆڕا و کۆنگرە

رابەر و رایەڵ

10:08 - 2023-09-25
ئاریان محەمەد
372 خوێندراوەتەوە

12

ئۆشۆ لە وێناكردنی كۆمەڵگەیەكی ساغڵەم، دیمەنی راكەڕاكی رابەرێك دێنێتە بەرچاو كە شوێن هەنگاوەكانی عاریف دەكەوێت تا حیكمەت و ئاوەزی لێوەربگرێ و عاریفیش بەجێ پێی هەژارێكدا دەست ‌و بردیەتی تا هونەری پەیداكردنی نانی فێر بكات، تێزی دروست بۆ سیاسەت و حوكمڕانی بەگوێرەی دنیابینی ماكس ڤێبەر هەر دەچێتەوە سەر چیرۆكەكەی ئۆشۆ و دەسەڵات و رابەر بۆ ئەوەی لەناو بازنەی نیشتماندا باڵا بكەن، دەبێت رایەڵ لەگەڵ كۆمەڵگە بە پتەوی بهێڵنەوە، لێرەوەدا رابەر هەر رابەرە و عاریف لە كایەی سیاسیدا دەبێتە دەستەبژێر ‌و هەژارەكەش هاووڵاتیە و هەرسێكیان پێكەوە دیمەنە گشتیەكەی كۆمەڵگا تەواو دەكەن، لەم تێزە سیاسییەدا مام جەلال بێ هاوەڵ و هاوتا بوو، دۆستی عاریفەكان بوو، بەڵام خەڵكی بۆ كەس جێنەدەهێشت و هەر خۆی بە قەولی كیسنجەرـ یانە سەرەداوی هەموو پەیوەندیيەكانی لە دەستبوو. 
فیگەرە میللییەكان، رەنگە هەندێكیان نەخوێندەوار بن، بەڵام كە قسە دەكەن نەك هەر دیمەنەكە تەواو دەكەن، بەڵكو قسەكانیان بۆ هەمیشە وەك حیكمەت دەمێنێتەوە، جارێك پیرە پیاوێكی دنیادیتەی پشدەری بە سەرۆك مام جەلال ـ ی وتبوو «ژیان وەك كۆكلە وایە، سەرەداوەكە بەدەست خۆتە بە هەر كوێدا بیبەی، ژیانت بەمجۆرە دەبێت»، ئەگەر بەناو شیلەدا رایبكێشی ژیانت شیرین دەبێ و ئەگەریش ئاراستەكەی بەناو تاڵاودا بێت روونە چیت بەسەردێت. بۆ ئەوەی حزبایەتی لە واتا دروستەكەی خۆی بچێت و رابەرایەتیش مانای بمێنێت، پێویستە سەرەداوی بەكرەكە بەناو شیرینایی خواستی خەڵكدا ببرێ و بۆ هەمیشە پەیوەندی و رایەڵی بەهێز بە كۆمەڵگا و جەماوەرەوە بمێنێتەوە. 
یەكێتی لە فۆڕمی رێبەریدا، بەهۆی فەرهەنگی دەوڵەمەندی مام جەلال كەس شان نادات لە شانی، هیچ هێزێك بە ئەندازەی ئەو قوڵایی جەماوەری و رایەڵی پتەوی نییە، بەهۆی تێكۆشەرانیەوە، ماڵباتی شەهید و قوربانیەكانیەوە، سەركردە و پێشمەرگەكانیەوە، هەمیشە لەناو خەڵكدا یادگارێكی شیرین و پەسەندكراوە، هێزێكی كەمەندكێشە بۆ جەماوەر و بەردەوام خەڵك داهاتووی خۆی لە سیاسەت و هەڵوێستەكانیدا دەبینێتەوە، دەشێت لە هەندێك وێستگەدا، یان لە قۆناغێكدا زویربوون و رەنجان و سزادانیش لەو پەیوەندییەدا سەری هەڵدابێت، بەڵام شوێنەواری ئەم گاپ و دابڕانە كاتی بووە و رایەڵە روحیەكە هەر زوو پەیوەندییەكەی هێناوەتەوە جێگەی خۆی، دروست لەمەدا ئەوەی لەسەر حەقە خەڵكە، چونكە كەمتەرخەمی و خاوەخاوی هەندێك ئۆرگان لە پچڕاندنی ئەم رایەڵە توڕەیی لێكەوتۆتەوە، ستراتیژەكەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانیش كە لەمانگی شوباتی ئەمساڵدا لە گەڕانەوە بۆ ناو خەڵك و گواستنەوەی روگەی خەبات لە بارەگاوە بۆ شەقام خستیەڕوو، یان دیدار و دانیشتنی لەگەڵ خوێندكارانی ناڕازی و كاسبكار و چین و توێژەكانی دیكە، هەروەك كردنەوەی هێڵی گەرم و بەخشینی كۆڵ سەنتەر بەڵگەیە كە سەرۆكی یەكێتی، لەسەر رێگا ئاوریشمیەكەی كوردایەتی، رێگایەك كە سەرۆك مام جەلال سكێچەكەی كێشاوە، درێژە بە كاروانی گەڕانەوە بۆ خەڵك دەدات و دەیسەلمێنێ‌ خەباتی دروستی رابەر هەر رایەڵە لەگەڵ خەڵك، ئەمەش كڕۆكی پەیامی كۆنگرەی پێنجەم دەبێت.

وتارەکانی نوسەر