کۆڕا و کۆنگرە

كەڤاڵ و كەرنەڤاڵ

09:54 - 2023-09-28
ئاریان محەمەد
332 خوێندراوەتەوە

15
پێشینەكان وتوویانە بە بیردۆزی ئەوین و راڤەی ئایینەكان، روحیانەتی مردووەكان هەمیشە بەسەر ئاسمانی زیندوانەوە دێت و دەچێت، لەودیو ژیانەوە چاوێكیان هەر لەسەر هاوەڵ و هاوبیر و ئازیزانیانە، پێ بە پێ رێگا سەختەكان ئاسان دەكەن و وزەی ئەرێنی دەبەخشنەوە، لەمەدا مام جەلال شتێكی تر و بوونێكی باڵاترە لە مرۆڤ، ئەو زاتە باڵایە هێشتا لە یادگەی شوێنكەوتوانیدا هەر زیندووە، ئێستاش هەر ماوە و هێزی رێنما و بنەمایە بۆ خەبات، پەیڕەوانی تێز و ئەندێشەكانی لە هەموو كات و ساتێكدا پابەندێتی خۆیان لە رەفتار و گوتاریاندا دوپاتدەكەنەوە، كەوابێت كەرنەڤاڵی كۆنگرەی پێنجەم و ئەو هەموو سەنگە دیپلۆماسیەی یەكێتی، بە ئافەرینێكی مام جەلال هەر ستایش وەردەگرێت. 
هێزی گەورە، كۆنگرەی گەورەی دەوێ و كۆنگرەی حزبەكەی مام جەلالیش هەر دەبێت كەرنەڤاڵێكی گەورەی بۆ ساز بدرێت، ئاپۆڕای خەڵك و كادر، میوانی بیانی و نێردەی دیپلۆماسی، سیاسەتمەدار و هاوەڵانی رۆژگاری خەباتی ئازادی هەمووی هەر لەوێ بوون، ئامادەگی ئەم هەموو میوانە، تەنها بۆ دوپاتی پێزانین نییە بە یەكێتی و سەنگە سیاسییە ناوخۆیی و عیراقییەكەی، بەڵكو رێزلێنانە لە خەباتی مام جەلال، كە لە ژیان و مردنیشیدا هەر رایەڵی پتەوی پەیوەندی و جێ متمانەی ناوخۆیی و گوێ لێگیراوی هەرێمی و جیهانی بوو. 
ئەم دەركەوت و دەستكەوتە بۆ سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەژمار دەكرێت، كە هەم پەیوەندییەكانی لەگەڵ ناوخۆ و دەرەوە بە لۆژیكەكەی مام جەلال زیندو هێشتەوە و هەمیش بە رێكارێكی سەنگین و لێپرسراوانە، فەرمووی لە میوانەكانی عیراق و جیهان كرد تا تەشریف بێنن بۆ سلێمانی، بۆ پایتەختی رۆشنبیریی و ئاگایی. 
كۆنگرە و وێستگە دیموكراسییەكان لە ژیانی حزبدا بۆ خۆڕێكخستنەوە و داڕشتنی ستراتیژ و نەخشەڕێگای ناوخۆیین، بەڵام مەراسیمی دەستپێك و كردنەوەی دەرگای هۆڵ بە رووی میواندا، رەهەندێكی دیكەی تەواوكاریی كەڤاڵە دیموكراسیەكەیە. ئەم دیاردەیە دەمێكە لە ژیانی پارتە سیاسییەكان بۆتە نەریتێكی نایاب و ناوازە و دووبارە دەكرێتەوە، بەتایبەت كە ئاستی بەشداری هێز و لایەنەكان هەم دەشێت ببێتە دەرچەی نیازپاكی و دەرگایەك بەرووی ئاشتەوایی و رێكەوتندا بكاتەوە و هەمیش سەنگی حزبەكە لەناو هاوكێشەكان دیاریدەكات، بەرمەبنای ئەم راستییە، كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەلماندی سەنگ و قورساییەكەی هەر وەك جاری جاران لە ترۆپكە و هێزەكانیش بە بەشداریكردنیان خواستیانە لاپەڕەیەكی نوێ هەڵبدەنەوە، كەوابێت لەو كەرنەڤاڵەی دوێنێ‌، كە هەر خۆی بووەتە كەڤاڵی دیموكراسیی و نیشتمانیی، ئەوەی هاتووە بە تەنگ پەیوەندی و دۆستایەتی یەكێتی و یەكڕیزیەوەیە و  بۆ داهاتووش یەكێتی هەر لەسەر بنەمای نیەت پاكی دەستی هەماهەنگی دەخاتە ناو دەستی، خۆ ئەوەشی بەهەر پاساوێك لە هۆڵ و كەرنەڤاڵەكە بەشدار نییە، رۆژێك دێت تێدەگات كاروانی كۆنگرەی پێنجەم و راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی نەك بە كەس پەكناخرێت، بەڵكو دەبێت بە ماكی سەركەوتنی هەمیشەیی یەكێتی.

وتارەکانی نوسەر