کۆنگرەی نوێگەریی و کۆدەنگی

10:10 - 2023-09-18
وتار
311 خوێندراوەتەوە

عەلی دەروێش 

دروشمی ئەمجارەی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کودستان  پێماندەڵێت، یەکێتی دوای کۆنگرە جیاواز دەبێت لە یەکێتی پێش کۆنگرە.

لە بنەڕەتدا ئامانج لە بەستنی کۆنگرە لە حزب و رێکخراوە سیاسییەکانی جیهاندا، بریتییە لە نۆژەنکردنەوەی پەیکەری رێکخراوەیی و سەرلەنوێ ئەبدەیت کردنەوەی هەیکەلی ئەو حزب و رێکخراوەی کۆنگرە دەبەسێت.
لە حزبدا کۆنگرە دەتوانێ ئەو کەلەبەر و وردەبرینانەی رێگە لە هەنگاو و جووڵەی سیاسی دەگرن، ساڕێژ و هەتوان بکات، واتا هەر حزبێک لەوە گەیشت کە هەندێک لەمپەر هۆکاری خاوکردنەوەی کاری سیاسی و گەشەی رێکخراوەیین، باشترین کارێک بیکات بەستنی گۆنگرەیە، ئەمە بۆ هەر حزب و رێکخراوێکی سیاسی راست بێت، بۆ حزبێکی وەک یەکێتی کە مێژوویەکی هەیە و هێشتا جەماوەرەکەی چاوەڕێی شتی گەورەی لێدەکات، باشترین و گرنگترین هەنگاوە.
حزبی زیندوو ئەوەیە، هەمیشە لە ئەبدەیت و گۆڕانی بەردەوامدا بێت و لەگەڵ سەردەم و ژینگەی سیاسیدا خۆی نوێبکاتەوە. 
یەکێتی کە سەلیقەیەکی باشی لەکاری رێکخراوەیی و گۆڕانی فۆرمی سیاسیدا هەیە، بە ئاسانی دەتوانێت ئەم دروشمە بکاتە کردار و لە ئایندەدا بەوپەڕی نوێگەرییەوە هەنگاوی سیاسی بهاوێ، بە شێوەیەک لە ئاست خواستی زۆرینە و ژینگەی سیاسیدا بێت.
لە سیاسەتدا هەمیشە کۆدەنگی فاکتەری سەرەکی هێزە، هیچ پەیام یان جووڵەیەکی سیاسی کاریگەری نابێت ئەگەر کۆدەنگی لەپشتەوە نەبێت.

 

یەکێتی کە سەلیقەیەکی باشی لەکاری رێکخراوەیی و گۆڕانی فۆرمی سیاسیدا هەیە، بە ئاسانی دەتوانێت ئەم دروشمە بکاتە کردار و لە ئایندەدا بەوپەڕی نوێگەرییەوە هەنگاوی سیاسی بهاوێ

 

یەکێتی لە دوو زۆنی جیاوازدا ئەزمونێکی باشی لەگەڵ کۆدەنگیدا هەیە، زۆنی یەکەم: لەئاستی حزبدا وەک یەکێتی هەر کاتێک کۆدەنگی هەبوو بێت، توانیویەتی بەسەر ئاڵۆزترین پێشهاتدا زاڵبێت. 
ئەگەر هەڵگیرسانی شۆڕش لە سەختترین قۆناغ و بڕینی ئەو رێگا دوورەی خەبات بەنموونە وەربگرین، باشتر لە گرنگیی کۆدەنگیی لە بڕیاردا تێدەگەین.
زۆنی دووەم: لەسەر ئاستی کوردستان و ناوچەکە، سەلمێنراوە لە رابردوودا کۆدەنگی لە بڕیاردا چەند بەرهەمدار و گەیشتن بە ئامانج بووە، پێکهێنانی بەرەی کوردستانی و دامەزراندنی یەکەم ئەزموونی حکومڕانی، کە یەکێتی یەكێکە لە ئایکۆنە دیارەکانی ناو ئەو پڕۆسەیە و بەرهەمی کۆدەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بووە. 
خراپی دۆخی ئێستای کوردستان و مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێمیش بەهەمان شێوە بەرهەمی پەرتەوازەیی و نەبوونی کۆدەنگییە لە نێوان لایەنەکاندا.
یەکێتییەکی بەهێز
مێژوو ئەوەی سەلماندووە کوردستانێکی بەهێز پێویستیی بە یەکێتییەکی بەهێزە، ئەوکاتەی یەکێتی لە هاوکێشەی سیاسیدا هێزی کاریگەر بووە، کوردستانیش لە ئەوجی هێزدا بووە بە پێچەوانەوە هەرکاتێ یەکێتی تووشی قەیرانێک هاتبێت کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەزموونی هەرێمی کوردستان و گوزەرانی خەڵک هەبووە، غیابی سەرۆک مام جەلال و گۆڕینی باڵانسی هێز لە کوردستاندا دیارترین گەواهیدەری راستییەکانە. ئێستاش لە ئەگەری گۆڕێنی هاوکێشەی سیاسیدا پێویستمان بە یەکێتییەکی بەهێز و نوێخوازە.

وتارەکانی نوسەر