لەناو رووداوەکاندا

وێنەیەک لە بەغدا، وێنەیەک لەلای نەیارەکان

10:16 - 2023-09-18
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
286 خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە سەرۆک فراکسیۆنە کوردییەکان، لە دوای سەردانی وەفدی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە یەک وێنەدا دەرکەوتن، بەندە بەشبەحاڵی خۆم ئەم وێنەیەم ناوناوە (وردە بەختەوەریی کاتی)، ئەگەرچی کورد رانەهاتووە هەمیشە یەکگوتاربێت، یان پێی قورس بووە یەکێتیی ناوماڵی خۆی بپارێزێت لەبەرامبەر سیحری دوژمنەکاندا، بەڵام ئەم وێنەیە ئەگەر بۆ چەند رۆژ و مانگێک بێت، یان بۆ چرکەساتی تەنها وێنەیەکیش بێت، دڵخۆشی و جوانییەکی بە پێگەی کورد و گوتاری کوردی لە بەغدا بەخشی.
دەمێکە وێنەیەکی لەم چەشنەی کوردیی دڵسۆزانە، سیاسی و بەهێزمان نەبینیووە لەلایەن نوێنەرانی کوردەوە لەگەڵ بەغدا، ئەم یەک وێنەییە بۆ ناوخۆی کوردستان ئەگەر زۆریش بەردەوام نەبێت و لایەنەکان لەسەر شتی بچووک دیسان ناکۆکی بکەوێتەوە نێوانیان، بەڵام نەیارەکانی کورد دەمێک ساڵە جیاوازییان لە نێوان رەنگ و روخسارە جیاوازەکانی کورددا نەکردووە و هەموانیان بە یەک وێنە و یەک چاو بینیووە و هەوڵی سڕینەوەی کوردیان داوە، بە واتایەکی دیکە ئەگەر درەنگ درەنگ و ماوەی جارێک کورد لە یەک وێنەدا دەرکەوتبێت، ئەوا لەلای نەیارانی کورد، هەمیشە کورد یەک وێنەیە.
دیدگای نەیارانی کورد روون و رەوانە، ئەگەر بتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت، ئەوا پێماندەڵێت ئێوەی کورد ئەگەر لەنێو خۆشدا چەندان بەرە و سیاسەت و حزب بن، ئەوا لەلای ئێمە هەر یەکن و هەمووتان بە یەک چاو دەبینین و دەستپارێزیتان لێناکەین، بەڵام کرداری کورد خۆی رێک پێچەوانەی دیدگای نەیارەکانە، هێڵە جیاوازەکانی کورد چەندە هەوڵبدەن بۆ یەکگرتوویی و بەهێزبوون، دواجار لە کردار و ئامانجدا چەندان بەرەی ناچونیەک و هێز و بەرژەوەندی جیاوازە کە چارەی یەکیان ناوێت و لەیەکتر دەخوێنن، بۆیە لە روانگەی وێنەی نەیارەکانی کوردەوە بۆ یەکبوون و یەکجەستەیی کورد لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە کردار و هەنگاوی کورد خۆی بۆ بەرهەمهێنانی ئەو یەکگوتاری و یەکڕیزییە، مەعقول نییە وەسفی نەیارەکانی کورد جوانترە لەبەرامبەر جووڵەی کورد لەناوخۆی خۆیدا.
لەناو ئەم مێژووە دوور و درێژەدا، ئەگەر کورد خۆی پێیوابووبێت هیچی نەبووە مایەی ترسی نەیارەکانی بێت و وایانلێبکات دژی کورد بووەستنەوە، دواجار حەقیقەتی چەند پارچەییەی کورد بەوشێوەیە نەبووە کە کورد لە خۆی روانیووە و گوتاری خۆی لەسەر هەڵچنیوە. 
لە دیدگای نەیارەکاندا تۆ جەستەیەکی نەتەوەیی و سیاسی و مێژوویی و نیشتمانیت و شایانی قبووڵکردن نیت، ئەم دیدگایە چەندە لایەنی نەرێنی هەبێت دواجار رەنگە لایەنی ئەرێنیشی هەبێت کە وەک هاندانێک بۆ کورد بشکێتەوە و بتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت.
لە روانگەی ئەم دوو وێنەیەوە «وێنەکەی بەغدای کورد» و «وێنەی کورد لەلای نەیارەکانی»، بۆ ئێمەی کورد دوو وێنەی گرنگن، بەڵام وێنەکەی دوژمنان بۆ ئێمە گەلێک بەماناتر و بەشانازیترە وەک ئەو واقیعە ناوخۆییەی کە خۆمان بەرکەوتەی دەکەین، چونکە وێنەی کورد لەلای نەیارەکان وێنەیەکی تەواوترە و ئایندەی کوردیش پەیوەستە بەو مامەڵەیەوە کە نەیارەکان لەگەڵیدا دەیکەن.

وتارەکانی نوسەر