کۆڕا و کۆنگرە

نوێنەریی و نوێگەریی

10:34 - 2023-09-19
ئاریان محەمەد
301 خوێندراوەتەوە

ئاریان محەمەد

10

مەولانای رۆمی دەگێڕێتەوە، جارێك عاشق لە دەرگای ماڵی یاریدا و مەعشوق پرسی كێیە: وتی منم، دەرگای نەكردەوە و پێی ووت بڕۆ شوێنێك نەماوە بۆ تۆ، دوای ئەوە ئەویندار رۆیشت و سوتا و تێگەیی و پێگەیی و هاتەوە ‌و جارێكی تر لە دەرگای دایەوە، مەعشوق دووبارە پرسیەوە كێی، پێی وت: ئەوەی لە پشت دەرگاكەشە هەر تۆی، بەمە دەوترێت توانەوە و هەپرون بوون لە خۆشەویستی ئەوی تردا، دەی ئەوینی یەكێتییەكانیش بۆ یەكێتی هەر بەمجۆرەیە، دەزانین حزبەكەی ئێمە ئامرازی خەباتە، وەلێ ئامانجێكی پیرۆزیشە، ئەگەر لەدەرگاتدا و ووتت منم، نیشانەی ئەوەیە ناتەوێت لەناو ئەوینی مێژووەكەیدا بتوێیتەوە، وەڵامی دروست هەر ئەوەیە بڵێی ئەوەی لەو دیو دەرگاشە هەر تۆی، هەر یەكێتییە.
وێستگەكان لە ژیانی حزبدا گرنگن، بەشداری لە كۆنگرە و گەیشتن بە ئاستی دروستكردنی بڕیار ماف و خواستی هەموو هەڤاڵێكە، وەلێ ئەوەی گرنگترە یەكێتییە، هەر كەسێك خواستی ئەوەی هەبێت چوونی بۆ كۆنگرە بكاتە كەرەستەی بەكارهێنانی یەكێتی لە پێناو خۆی هەڵە دەكات، چونكە قۆناغی نوێگەری و بڕیاری یەكلایكەرەوە بە حەوجێی ئەوەیە هەڤاڵی یەكێتی خۆی بكات بە یەكێتی، نەك یەكێتی بكات بە خۆی، بەو مانایەی ئێمە لە ساتەوەختێكداین لە بری ئەوەی كۆنگرە لە بەشداریكردنی خۆماندا كورت بكەینەوە، دەبێت خۆمان لە بەرژەوەندی و سەرخستنی كۆنگرەدا كۆبكەینەوە، بەمجۆرە هێزی یەكێتی دەبێتە هێزی هەمووان و هەر هەڤاڵێكیش لەناو ئەم هاوكێشەیەدا بەشێكی زۆری هێزەكەی پێدەبڕێت، كەوایە ئەوەی دەچێتە كۆنگرە دەبێت وەك یەكێتی بچێ و ئەوەی دەرفەتەكەش بە هەڤاڵێكی دیكە دەبەخشێت، هەر دەبێت وەك یەكێتی كۆشش بۆ سەركەوتنی بكات.
هەموو تیۆرە سیاسییەكان و یاسای پارتەكان كۆكن كە بەشداریكردن لە كۆنگرە مافە، بەڵام باوەڕهێنان بە پرەنسیبی نوێنەرایەتی ئەركە، ئەركێك هەم رەنگدانەوەی متمانە و هاوئامانجی هەڤاڵانەی ناو ئۆرگانەكانە و هەمیش واتای تێگەیشتنێكی گشتییە لە جۆرایەتی كۆنگرەی پارتەكان، ئەمە بۆ كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی هەر زۆر دروستە، چونكە وێستگەی ژمارە پێنجی یەكێتی بۆ نمایشی هێز و باڵباڵێن و لیستكاری نییە تا ژمارەی زۆری ئەندامان ئەنجامەكان بگۆڕێت، بەڵكو هاوشێوەی كۆنفرانسەكانی شاخ بۆ بوونیادنان و سازدانەوەیە، بۆ نوێگەری و هەڵسانەوەیە، كەوابێت پرەنسیبی نوێنەرایەتی لە كۆنگرەدا بۆ تاودانی ئامانجێكی گەورەترە لە بەشداری و بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەش نەبەستراتەوە بە هۆڵی كۆنگرەوە، بەڵكو دەشێت لەو دیو هۆڵەكە هەڤاڵ بە هەڤاڵی یەكێتی خەبات بۆ بەدیهێنانیان بكەن.
 یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان «نوێگەری لە كاردا، كۆدەنگی لە بڕیاردا»، كردۆتە دروشمی ناوەندی كۆنگرە، بەدیهێنانی نوێگەری لە فیكر و میكانیزمەكانی خەبات و كۆدەنگیش لە بڕیارەكانیدا بۆ دەورانی دوای كۆنگرەیە، كە دەستپێكەكەی نوێنەرانمان لە كۆنگرەدا پەسەندی دەكەن و پێكەوەش لە خەباتی داهاتووماندا لە پێناو جێبەجێكردنیاندا دەتوێینەوە، بۆیە هاوشێوەی مەعشوقەكە كاتێك دەرگاكەمان بەروودا كرایەوە، یەكێتی ئێمە بین و ئێمەش یەكێتی، وەك حەزرەتی نالیش دەفەرموێ: بەم رەنگە دەبێ رەنگڕێژی عیشقی حەقیقی.

راستکردنەوە
* لە ژمارەی دوێنێی ئەم گۆشەیەدا، هەڵەیەكی تەكنیكی لە چاپی كاغەزیدا روویداوە، كە ئەڵقەی دووەم لە بری ئەڵقەی نۆیەم دانرابوو.
داوای لێبووردن لە نووسەر و خوێنەران دەكەین.

وتارەکانی نوسەر