سەردانەكەی بیدرسۆن بۆ سوریا بێ سوودە

10:38 - 2023-09-19
فەتحوڵڵا حوسێنی
242 خوێندراوەتەوە

فەتحوڵڵا حسێنی

گێر بیدرسۆنی نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سوریا، هیوای خواست رێككەوتنێك لەو وڵاتە بێتە ئاراوە، كە یارمەتیدەر بێت بۆ گەلی سوریا لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە، قسەكانی ئەو بەپرسەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە چوارچێوەی سەردانەكەی ئەم دواییەی هات بۆ دیمەشق و دیداری لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی سوریا، كە هاوكات بوو لەگەڵ راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەوەی پرۆسەی «چەسپاندنی ئاسایش» لە دێرەزۆر بەسەركەوتوویی كۆتایی هاتووە.

داوای بیدرسۆن لە حكومەتی دیمەشق
رەنگە بیدرسۆن داوا لە حكومەتی سوریا بكات، كار بە بنەمای «هەنگاو بەهەنگاو» و لیژنەی دەستووری بكات لەو وڵاتە، بەڵام هەموو ئەوانە سەقامگیری بۆ سوریا ناگێڕێتەوە وەكو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوەڕوانی دەكات، ئەگەر لایەنە گرنگەكان ناو ململانێی سوریا بەشداری گفتوگۆ و دانوستان و هەروەها ئەو لیژنانەی نەكەن كە كار بۆ پێكهێنانی دەكرێـت. 
لە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی ژمارە 2254دا، هاتووە كە دەبێت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان پاڵپشتی لە پرۆسەی سیاسیی بكات، بە بەشداری و جێبەجێكردنی لەلایەن خودی سورییەكانەوە، هەروەها رێز لەسەروەری و سەربەخۆیی و یەكێتی خاكی سوریا بگیرێت، ئەمەش هەمان ئەو كارەیە كە ئیدارەی خۆسەری و هێزەكانی سوریای دیموكرات كاری بۆ دەكەن لەو پرۆژە سیاسییەی هەیانە و هەروەها لەڕێگەی شكستپێهێنانی تیرۆر و چەسپاندنی ئەمن و ئاسایش لەو ناوچانەی، هێزە هەریمییەكان دەیانەوێت ئاڵۆزی تێدا دروست بكەن بە پاڵپشتی سیاسیی حكومەتی دیمەشق.
لە ئێستاشدا نەبوونی هیچ دەستپێشخەرییەك لەلایەن دیمەشقەوە، قەیرانی سوریا ئاڵۆزتر دەكات و گەلی سوریاش برسی دەكات، بەتایبەتی كە هەندێ ناوچەی هێمن كراون بەناوچەی گەرم و پڕ كێشە، دانوستانەكانیش بۆ چارەسەری سیاسیی نەیتوانیوە هیچ دەرەچەیەك بۆ قەیرانی سوریا و گەلانی بدۆزێتەوە.

 


هیچ چارەسەرێكی خێرا، نە لای حكومەتی دیمەشق و نە لای نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان نییە، واتا قەیرانی سوریا تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت و هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بە كارەسات و نەهامەتییەكانی ئەو وڵاتە تەنها وەكو سەیركەرێك وایە.

 

 


دەستپێشخەری عەرەب بۆ چارەسەری قەیرانەكە

رۆژنامەی (وەتەن)یش جەختی لەوە كردەوە، سەردانەكەی بیدەرسۆن لەچوارچێوەی دەستپێشخەریی عەرەب دێت بۆ چارەسەری سیاسیی لە سوریا، ئەمەش ئەستەمە لە وڵاتێكی لەتلەت كراودا كە چەندین لایەنی دژ بە یەكی سیاسیی و سەربازی تێدایەو  دەبێت دیاڵۆگێكی ناوخۆیی گشتگیری تێدا بكرێت نەك چارەسەری سیاسیی وڵاتانی هەرێمی لەو وڵاتە كە بێگومان سەرناگرێت، ئەگەر واقیعی پڕ نەهامەتی گەلانی سوریا و دوای 12 ساڵ لەشەڕ و كوشتار و ئاڵۆزی و دەستوەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە دەناڵێنێت.
واتا، ئێمە لەبەردەم سیاسەتی «نا چارەسەر»داین،  بیدرسۆنیش هیچ شتێكی تازەی پێ نییە، چونكە رژێمی سوریا هیچ بۆ چارەسەر پێشكەش ناكات، ئەمەش ناكۆكی نێوان هەردوولایە، بیدرسۆنیش پلانێكی بۆ جێبەجێكردن یان كەرەستەی فشار پێ نییە بۆ سەر رژێمی سوریا.
هەرچەند رژێمی سوریا سەردانەكەی بیدرسۆن بە ئیجابی سەیردەكات، چونكە بە وەهمی خۆی بەسەنتەری بڕیاری دەزانێت، ئۆپۆزسیۆنی عەرەبیش بەهەمان شێوە دەڕواننە سەردانەكە، وای دەبینن جێبەجێكردنی بریارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەسەڵات دەدات بە خۆیان وەكو ئۆپۆزسیۆن، لای خۆیەوە ئیدارەی خۆسەری و هێزەكانی سوریای دیموكرات سەردانەكە بە ئیجابی نازانن و پێیانوایە، هەوڵەكانی بیدرسۆن وەكو ئەوە وایە لە بیابانێكی وشكدا گۆرانی بڵێی، لەكاتێكدا ئاڵۆزی باڵی كێشاوە بەسەر هەموو سوریادا و تیرۆر و هەژاری و داڕمانی ئابووریش لەو وڵاتە بوونی هەیە و هیچ چارەسەرێكی خێراش، نە لای حكومەتی دیمەشق و نە لای نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان نییە، واتا قەیرانی سوریا تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت و هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بە كارەسات و نەهامەتییەكانی ئەو وڵاتە تەنها وەكو سەیركەرێك وایە.

بەردەوامی قەیرانی سوریا لە سایەی نەبوونی هیچ چارەسەرێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا

وتارەکانی نوسەر