وتاری ئه‌مڕۆ

(بەسەر ئەم دۆخەشدا زاڵدەبین و پێکەوە رووبەڕووی ئالنگارییەکان دەبینەوە)

10:42 - 2023-09-19
ستران عەبدوڵڵا
296 خوێندراوەتەوە

ستران عەبدوڵڵا

-1-

(گورگمان دی و نەترساین)

ئێمە لەم قەدەرە نیشتمانییە راناکەین، مادام بە نرخی سەرشۆڕی و تەسلیمبوون چارە دەبێت. ئێمە بە سیاسەت و بە دیپلۆماسییەت و بە شێنەیی و پشووی ژیرانە دەمانەوێت گەلەکەمان بە کەمترین زیانەوە لێی دەرچێت و زەرەر لە نیوەشی بگەڕێتەوە هەر باشە و خاسە، بەڵام مادام قیمەتەکەی گرانبەهایە و بۆ ئەوەیە ئیرادەی میللیمان قۆڵبەست بکرێت، بێ هاشوهوش و خۆنواندن و خۆگیڤکردنەوە  داینانەوێنین و نایسڵەمێین. ستەم و زوڵم و زۆر وەک ستراتیژی ناچاری ناکەینە عادەت و کۆڵانی داخراو و بنبەست. خۆ ئێوە سوپاکەی سەدام و عروبەی دونیاپەرستیتان لەبیرە کە زۆری کاولکرد و زۆری کرد لە دونیای زیندانی دوو جەمسەری و هەڵوێستە کپکراوەکانی شەرق و غەربدا کەچی هەر ماین و سەردەمی پێکانی سەروەری و فشەکەری سیاسەتی رەسمی دەوڵەت و  ئاڵۆزی بەها ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانیشمان دی . وەک ئەدەبیاتی مام دەیگوت : (گورگمان دی و نەترساین). نەوەکانی ئەمڕۆی  کوردەواریش هەنیەیان بەرزە وەک باوک و دایکەکانیان لە دەورانی هەڵەبجە و لە ئەنفال و لە جینۆسایدی کوردستاندا.



(حەوادسی زەمانە کە نایەتە تەخمین)
-2-

گشت لاپەڕەکانی مێژوو دەیگێڕنەوە
سلێمانی جێمەشقی تۆپ و تەیارەی داگیرکەرانی جاران و ریزبەندی بەرەنگاری حەرەس قەومی لە حامیە و لە گۆڕستانەکانی زەعیم سدیق و لە دەستنەپارێزی تۆپ و تەیارەی فاشستەکانی بەعس لە بۆردومانی زانکۆ بووە و هەر بۆ پایتەختی شۆڕشگێڕی و پایتەختی رۆشنبیری ماو بە پێوەیە. ئێستاش هەر (مەدینە سەعبەکەی) هەشتاکانی سەدەی بیستەمە کە داخی کردە دڵی سەددامەوە و چاکیشی کرد. ئێستاش هەر شاری شادی و سوعبەت و ژیانخوازییە، بەڵام باشترە سوعبەتی زبری لەگەڵدا نەکەن چونکە لەبیری ناکات و بۆ هەڵشاخان و قڵیشانەوە بەڕووی دوژمندا گرد و کۆی دەکاتەوە. دوپشکی عەرەبەتیش هەر ئەوەیە حاجی تۆفیقی پیرەمێرد لە غەریبی ئەستەنبوڵەوە یادی کردۆتەوە و سۆزی بۆی نواندووە کە بۆ خەڵکەکەی شیرینە و بۆ بێگانە تاڵە، وەک ژەهری مارە.
کوردستان نیشتەنی کەشتی نوحە و لەسەر چیای جودی تەختانی موعجیزەی نیشانداوە. بەندەکانی خوا لێرە، لە عەربەت، سلێمانی و کوردستان دەست لە کاری خوا وەرنادەن کە بە کورد خوڵقاندونی و هەر بە کوردیش دەدەن وەڵامی قەبریان. لە شارباژێڕ تا شارەزوور شەهید دەدەن و مەلا خدری نالی کە ساحیبی سێ دیوانە، شایەتی داوە ئینجا لە غەریبی قوستەنتینییە سەری ناوەتەوە.
لە پایتەختی شارەزوور کە کەرکوکی قودسە تا عەربەت، لە شەهید هاوکار و هاوڕێکانی تا هیوا و ئیڤان خوێن دەبەخشن و شەهید رابەریش لە شار و باژێڕ بۆ ئەم قوربانییە دێتە دەنگ.
کوردایەتی و یەکێتییەکەی زۆر پشوودرێژە و بێ هەڵچوونی درۆزنانە گەرەکێتی لە راڕەوەکانی سیاسەت و تەگبیری دۆسێ چارە بکا و نەزیفی گرژی و دوژمنی رابگرێت، بەڵام مادام کوردبوون قەدەرە با قەدەری خودایی بەخێر بێت و لە دەست تەعریب و تۆرانی و پیلانگێری ڕەسمی چاوساغانی دوژمن راناکا و لەڕووە. وەک سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانیش لە پەیامەکەیدا وتی:‏‎ ‎پشت بەخوای گەورە و ئێوە پێکەوە بەسەر ئەم دۆخەشدا زاڵدەبین).

‏‎
             
( ناتوانی وا بکەی کورد نەبین)
-3-

جا پەیامی دوایینی یەکێتی و کوردایەتیش ئەوەیە کە ئەگەر دژی تۆقاندن و تیرۆرن و مەبەستتان ئەمن و ئەمانە ئەوا دژەتیرۆری یەکێتی بە فیعلی لە تۆماری نێودەوڵەتی بەرەنگاری تیرۆریستاندا ناوی هاتووە. کەچی ئێوە بە فیتی چاوساغان دژەتیرۆرتان لێ بۆتە ملۆزم و دومەڵی سەر دڵ، تەنها لەبەرئەوەی تیرۆر و داعشی تەمبێ کردووە و ئەوەی کردووە کە ئەزێتی هاوپەیمان و هاوئاوازەکانی داعشی داوە.
دژە تیرۆری یەکێتی هێزێکی نیشتمانی  دەربەست و حازر بە دەستە کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر و مەنزومەی ئەمنی عیراق و دەولی لێی رازین و لێی رادەبینن ئەرکی قورس راپەڕێنێت. 
پەیامەکە روونە، یەکێتیانە و پەرۆشانە و کوردستانییە؛  ئەم دەڤەرە حەزی لە ئاشتی، ئازادی و ژیاندۆستییە و بۆ ئەمەش مەسجی ئاوەدانی و هامشۆیی و هاوسێیەتی بە کەڵکی هەیە.
فڕۆکەخانەی شارستانی و ئاوەدانی هەیە کەچی بە تۆپزی و بە کەیفی چاوساغان گەرەکیانە ئەزێت و ئازاری بدەن. (بەسەر ئەم دۆخەشدا زاڵدەبین)
بەڵام سلێمانی ناتوانێت کوردستانی نەبێت و کوردستانیش ناتوانێت حاشا لە بەهرەی خوایی بکات کە بە کورد خولقاندونی، جا لە عەربەت بن یان لە عەرەفە، لە شارباژێڕ بن یان لە شارەزوور و پایتەختە دێرینەکەی؛ کەرکوک.
بەندەکانی خوا هەر حەزیان لە خلقەتی خوا و زمانی خۆماڵی خوایە، وڵاتەکەیان نیشتەنی جودییە و ناتوانن (وا بکەن کورد نەبین).
بۆ شەهیدەکانیش لاواندنەوەی پیرەمێرد جوانترینە:
(سەیری ئەمانە کە: هەمووی کوردی سەفشکەن
گیانیان پێشکەش ئەکرد و ئەیانوت بژی وەتەن
قوربانی تۆن بەڕیزە کە غەم لە بەر نەبی
بۆ ئێمە مردنە ئەگەر ئازادەسەر نەبی
مەگری، مەناڵە، با بە خەفەت دڵشکست نەبن
نەختێ لە لات ئەمێننەوە بۆ بەهەشت ئەچن).

وتارەکانی نوسەر