یەکێتییەکی تۆکمەتر لە دوای کــۆنگرە

10:56 - 2023-09-19
سەفا محەمەد
805 خوێندراوەتەوە

سەفا محەمەد



هەرێمی‌ کوردستان لە رووی‌ سیاسی‌ و ئابوورییەوە لە تەنگەژەیەکی‌ گەورەدایە، بەردەوامیی‌ سیاسەتی‌ خۆسپێنی‌ و تاکڕەوانە  و پەیڕەوکردنی‌ سیاسەتی‌ ململانێی‌ لەگەڵ بەغدا، لە ئاستی‌ ناوخۆی‌ و دەرەکیدا لاواز کردووە، لە وەها دۆخێکدا یەکێتیی‌ نیشتمانیی کوردستان بڕیارێکی‌ چارەنووسساز دەدات، ئەویش بەستنی پێنجەمین کۆنگرەیە.
یەکێتی‌ لە دامەزراندنییەوە، چەندین ئاستەنگ و نشێوی‌ بینیووە لەسەر ئاستی‌ ناوخۆیی‌ و ئیقلیمی، هەرکات ئیدیعای لاوازیی‌ یەکێتی‌ کرا بێت، بەهێزەوە سەری‌ بەرزکردۆتەوە و لە جاران زیاتر و شلیگێرانەتر دەرکەوتووە.
ئەگەرچی‌ عیراق و هەرێم و ناوچەکە، بە قۆناغێکی‌ سەختی‌ سیاسی‌ و ئابووریدا و تێپەڕدەبێت، بەڵام هەرێم لەوپەڕی‌ دۆخی سەختی‌ ئابووریدایە و یەکێتی‌ وەک هەمیشە لەتەنیشت گەلەکەی‌ خۆی‌ وەستاوە و لەپێناوی مافەکانیدا قوربانی‌ گەورەی‌ داوە و ئامادەبووە سازش لە مافە حزبییەکانی‌ خۆی‌ بکات بۆ قازانجی‌ کۆمەڵانی خەڵک.
یەکێتی لە رێگەی خەباتی کوردایەتیدا باجی گەورەی داوە، بەردەوامیشە لەسەر ئەم خەباتە.
ئەگەرچی‌ هەڵبژاردنێکی‌ چارەنووسسازی‌ وەک ئەنجومەنی‌ پارێزگاکانی‌ عیراق لەپێشمانە، کەرکوک و نەینەوا و سەلاحەدین و دیالەش بەشداری هەڵبژاردن دەکات، یەکێتی‌ بە سیاسەتی‌ حەکیمانەی‌ خۆی‌ رێگر بوو لە پیلانگێڕییەکی‌ هەرێمی‌ و ناوخۆیی، کە مەبەستیان بوو کەرکوک لە دەستی‌ یەکێتی‌ دەر بکەن و بیکەنە گۆڕەپانی‌ شەڕ، یەکێتی‌ لە بارودخێکی وادا بڕیاری‌ پێنجەمین کۆنگرەیدا.
بەستنی کۆنگرە بۆ هەر حزبێکی‌ سیاسی‌ لەم دۆخە ئاڵۆزەدا، کارێکی‌ سەختە، بەڵام بۆ یەکێتی‌ لە مێژووی‌ خۆیدا رووبەڕووی‌ چەندین ئاستەنگی‌ سەخت بۆتەوە، بە سیاسەتی‌ حەکیمانەی‌ سەرکردایەتی‌ و کادر و هەڤاڵەکانی‌، کار بۆ سەرخستن و دووبارە رێکخستنەوەی‌ ریزەکانی‌ دەکات.
لەو چوارچێوەیەدا و بەشێوەیەکی‌ سروشتی‌، کاری‌ کۆنگرە، پێداچوونەوە بە فۆرم و هەیکەلی حزبی و پەیڕەو و پرۆگرامی‌ پێشووە و هەڵسەنگاندنە بۆ کارەکانی‌ لە ماوەی‌ رابردوودا و پێشکەشکردنی‌ بڕیار و راسپاردەی‌ نوێ و هەڵبژاردنی‌ سەرکردایەتییەکی‌ نوێیە.
ئەوەی‌ بۆ یەکێتی‌ گرنگە، داڕشتنەوەی‌ پەیڕە و پڕۆگرامێکە لەپێناوی زیاتر یەکخستنی‌ ریزەکانی‌، بۆیە دەبێت پەیڕەو بایەخی‌ زیاتر بە چۆنێتی‌ بدات نەک ژمارە و زۆر و بۆری‌. چۆنێتی‌ لەم قۆناغەی‌ ئێستادا، زامنی‌ پێشخستنی‌ سیاسەت و بەرنامەی‌ یەکێتییە و دەبێت هەڤاڵانی‌ یەکێتی‌ ئەوە بە گرنگ وەربگرن.
ئەوەی پێویستە یەکێتی‌ بە گرنگەوە لێی‌ بڕوانێت، پرسی راگەیاندنە، پێویستە زمانحاڵێکی‌ بەهێز بێت و لە ئاست ئەو خەباتە گەورەیەدا بێت کە یەکێتی‌ قوربانی‌ بۆ داوە، ئەمەش بەوە دەبێت کە هێڵێکی‌ گشتی‌ و فکری وەک ستراتیژ دەستنیشان بکرێت بۆ بڵاوکراوەکانی‌ یەکێتی‌، بەو ستراتیژە روونە راگەیاندنی‌ یەکێتی‌ دەزانێت چی دەوێت، بە نەبوونیشی، یەکێتی‌ تووشی‌ سەرلێشێوان دەکەن.

وتارەکانی نوسەر