خۆڕێکخستنەوە لەبەرامبەر هەڕەشەکان

10:57 - 2023-09-19
دانـا لوقـمان بـۆتـانی
346 خوێندراوەتەوە

دانـا لوقمان بۆتانی

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عیراق بەتایبەتی، لەهەمبەر گۆڕانکارییەکی گەورەی سیاسی و سەربازیی و نوخبەگەرایداییە. 
لە دامەزراندنی عیراقەوە، هیچ کات هێندەی ئێستا بەو رادەیە نەبۆتە جێگای سەپاندنی هەژموونگەرایی لایەن و وڵاتانی تر، خەریکە هەژموونی نوێ و ئەجێندای هاوبەشی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بۆ لاوازکردنی عیراق و چەندین یەکەی سیاسی تر یەک دەگرێت.
ئەمریکا خۆی بە خاوەنی ئەو کەلتورە دەزانێت کە عیراقی لەسەر بنیاتنراوە، لە دیدی ئەوانەوە لەنێو دوو ستراتیژدا بە ئاسانی قبووڵی هەژموونی دەسەڵاتێکی تر ناکەن جگە لەخۆیان:
یەکەمیان: عیراقی دوای ساڵی 2003 و رووخاندنی رژێمی بەعس کە رۆلێکی سەرەکییان هەبوو لە رێکخستنەوەی رێڕەوی ژیان و بەدامەزراوەیی کردنی گۆڕەپانی سیاسی و نووسینەوەی دەستوور کە مافی هەموو گەلان و پێکهاتەکانی تێدا دەستەبەر بکرێت.
دووەمیان: هاتنی داعش لە ساڵی2014ەوە، ئەمریکا لە رێگەی فڕۆکە و هێزە سەربازییەکانییەوە بە هاوبەشی سوپای عیراق و هێزەکانی پێشمەرگە، رۆلێکی بەهێزی لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی 
ناوچەکەدا هەبوو.
ئەم قۆناغەی ئێستای عیراق لە خاڵی جێگرکردنی هەژموونی وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانە لە عیراق، تیایاندا ئەمریکا خۆی بەستراتیژێکی بەهێزی نێو ئەو ململانێیە دەزانێت.
عیراق و هەرێمی کوردستان لە لووتکەی گۆڕانکارییەکانن لەبەردەم دەرفەت و هەڕەشەکان گوزەر دەکەن، وڵاتانی خاوەن ئەجێندا لەلایەک رۆڵیان هەیە لە دروستکردنی دۆخێکی ناسەقامگیر، لەلایەکی تریشەوە دەیانەوێت سوود لەم دۆخە ناجێگیرەی ئێستای عیراق وەربگرن، چونکە بابەتەکان فراوانتر بوون و تەنها پەیوەندی بە ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغداوە نییە، بەڵکو چەندین بواری تر هەیە ئەگەر خاڵی لێکتێگەیشتن زاڵ نەبێت و کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر نەکرێن، ئەوا وڵاتانی تر دەتوانن بە ئاسانی دۆخی عیراق لە بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە.
بۆ هەرێمی کوردستانیش گرنگە هەموو لایەنە سیاسییە کوردییەکان، لەم هەنگاوانەی ئێستا ئامادەییەکی باشیان هەبێت، چونکە دەتوانین لەنێو هەڕەشەکاندا بە سیاسەتی حەکیمانە سوود وەربگرین بۆ روبەڕوبوونەوەی تەحەدییەکان، بەڵام هەرگیز ناکۆکییە ناوخۆییەکان جگە لە لاوازبوون، هیچ دەرفەتێک جێناهێلێت، بۆیە پێویستە کورد هەڵگری یەکگوتاریی بن لە بەرامبەر هەموو پرسەکانی پەیوەست بە نێوان هەردوو حکومەت، بەتایبەت پرسی مووچە کە پەیوەندیی راستەوخۆی بەژیانی رۆژانەی خەڵکەوە هەیە، چونکە هەرکاتێک ژیانی خەڵک لە ئاستێکی بەرزدا بوو، شەرعیەت و بەهێزیی ناوخۆیی زیاتر دەبێت، لەبەرامبەر سیاسەتی دەرەکییش دەتوانین ئامانج و بەرژەوەندییە باڵاکان دەستەبەر بکەین.

 

هیچ سوپایەکی بیانی هێندەی سوپای نیشتمانیی وڵاتەکە خۆی، دڵسۆزی خەڵکەکەی نین

وتارەکانی نوسەر