جۆگەیەکی باریکی ئاو لەشاری پاوەوە دێت و سنووری هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لەیەکتر جیادەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی بووەتە چیرۆکی سەیری ناو خەڵک و گەشتیاران، بەڵام بۆ کورد بەشێکە لە مێژوویەکی غەمگین و رەهەندێکی سیاسی وەرگرتووە، ئەگەر چیرۆکی ئەڤینداری لەنێوان کوڕانی ئەمبەر و کچانی ئەوبەر دروست بێت، دەتوانن پێیەکانیان لە ئاوەکە رۆبکەن و دەستی یەکتریش بگرن، بەڵام مانەوەیان لە ماڵێکدا بەشێوەیەکی یاسایی، پێویستی بە فیزا و پاسپۆرت هەیە، دەنا وەکو دوو ئەڤیندار و هاوژینی قاچاغ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
چیرۆکی دیکەی واش لەسەر سنووری نێوان باکوور و خۆرئاوای کوردستان هەیە، بەڵام سنووری ئەوێ تەلەبەندکراوە و دەستیشکراوە بە دروستکردنی دیواری چیمەنتۆ، ئەوە ترسە لە گۆڕینی چیرۆکی ئەڤینداری بۆ یادەوەری سیاسی و مێژوویی، نەکا کوردانی باکوور و خۆرئاوا یەکتر لە مەرام و پیلانی وڵاتانی داگیرکەر ئاگاداربکەنەوە و ببنە هاوسەنگەر و هاوخەباتی یەکتر.
کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپی و جیهانی لەسەر خاکی کوردستان تاقیکردنەوەی زۆریان کردووە، خاک و نەتەوەیان لەیەکتر دابڕیوە، سامانی سەر و ژێری زەوییان بردووە، هەر بەوەشەوە نەوەستاون، بەڵکو کوورەی داگیرکەرانیان پێ گەرم کردووە و هەوڵیانداوە مرۆڤی کوردی پێ نەوی بکەن، دەیان داستانی شۆڕشگێڕی و ئەڤیندارییان سەرنگوم کردووە، وەکو ئەوەی کورد مرۆڤ نەبێت چارەنووسێکیان بۆ دروستکردووە، کەوا هەر مەینەت و رۆڕۆ بەشی بێت.
باشە کە سەیری مێژووی دزراوی کورد دەکەیت، پڕە لە بەرەنگاری و بەرخودان، لەوێدا هەر داستانی گیانبازی نییە، بەڵکو چیرۆکی ئەڤینداریش هەن، دکتۆر ئاتێلای تورکمان کە بووەتە پێشمەرگە لە خەباتی کوردایەتیدا، ئەڤینی فاتمە خانی خەڵکی گوند زیاتر پەیوەستی دەکات بە شۆڕشەوە، بەڵام چارەنووسی شۆڕشگێڕە ئەڤیندارەکانیش وەکو پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکان ئاکامی شەهیدبوونە، وەکو چۆن بەشێکیان خۆری ئازادیی کوردستانیان نەبینی، ئەو دوانەش خەونەکانیان بردە ژێر گڵ و بە ناکامی سەریان نایەوە.
بەدرێژایی سەد ساڵ، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کورد، ویستی ئازادانە لە جۆگە ئاوە باریکەکەی بیارە بپەڕێتەوە و بەسەر تەلبەند و دیوارەکەی قامیشلۆ و کۆبانێدا سەرکەوێ، رووبارێ خوێن سەرڕێژ بوو و هێشتا هەر لە نیوەی کاروانەکەداین، نەشبووەتە پەند و وانە بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی کورد، هەر شیر و تیغ لە یەکتر دەسوین.
سنووری دەستکرد بەرهەمی سیاسەتی چەوتی کۆڵۆنیالیزمی جیهانییە، سروشتی کوردستانی دابەشکردووە، جۆگە، رووبار، چیای سەرکەش و رێی ئاسکە کێوییەکانیشی لەت لەت کردووە، رەنگە گۆڕی پێشمەرگەی شەهیدیش هەبێت، کێلەکەی لە خۆرئاوا و لە ئەژنۆ بە خوارەوەشی کەوتبێتە بەشی باکووری کوردستان، هێشتاش جیهانی بێ دەربەست، کەمترین ماف بە نەتەوەی کورد رەوا نابینێ.
لەگەڵ ئەو هەموو سیاسەتە ناڕەوا و داگیرکارییەی سەر کورد، هێشتا هۆکارەکانی مانەوە و یەکگرتنەوەی هەن، بۆ نموونە زمان و کەلتورەکەی، فۆلکلۆر و کەلەپووری، مێژووی خوێناوی و گیانبازی، چیرۆکە ئەڤیندارییەکانی شایانی ئەوەن بکرێنە شاکاری سینەمایی جیهانی، ئەوە پێویستی بە نیشتمان و نەتەوەسازی بەرنامە بۆ دانراو هەیە، خەریکە درەنگ دەبێت، با فریابکەوین.