بەگشتی لوبنان دەكەوێتە خۆرئاوای كیشوەری ئاسیا، لە باكوور و خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ سوریا هاوسنوورە، لە خۆرئاواوە لەگەڵ دەریای سپی ناوەڕاست، وڵاتێكی دیموكراسیی كۆمارییە و زۆرینەی خەڵكەكەی عەرەبی موسوڵمان و مەسیحین، خەڵكەكەشی دابەشبوون بەسەر 18 هۆزی جیاجیادا.
دانیشتوانی لوبنان زۆرینەی بە زمانی عەرەبی قسە دەكەن، هەندێكیش بە فەڕەنسی و ئینگلیزی، ئەم وڵاتە بە درەختی سیدەر بە ناوبانگە، لە پێشوودا بەشێكی زۆری وڵاتەكەی پێكهێناوە، بەڵام بەهۆی زۆری بەكارهێنانەوە كەمبوونەتەوە، ئەم درەختە وەك سیمبولی لوبنان لە ئاڵای وڵاتەكەدا هەیە.
كاتێك دەكەویتە گفتوگۆ لەگەڵ لوبنانییەكان ئاوات بۆ سەردەمی رەفیق حەریری دەخوازن، دەڵێن لە دوای كوژرانی ئەو بەدەست قەیرانی سیاسیی و ئابوورییەوە خۆشییان نەبینیوە.
لە دوای ساڵی 2019 وە ئەو وڵاتە قەیرانەكانی هێندەی تر بۆ خەست بۆتەوە، دەكرێت بڵێین نموونەی لوبنان هاوشێوەی وڵاتانی وەك عیراق، سوریا و ئێران و یەمەنە.
ئەم وڵاتە لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەنابرێت، دەسەڵاتێكی كارتۆنییان هەیە، بە ئاشكرا ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان هەستی پێدەكرێت، بەتایبەتی ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، لوبنانییەكان بە توندی هەژموونی دەرەكی بەسەر وڵاتە ماندووەكەیانەوە رەتدەكەنەوە و داوای هێزێكی نیشتمانی دەكەن.
داڕمانی لیرە كێشەی گەورەی بۆ لوبنانییەكان دروستكردووە، چونكە پارەكەیان نرخی نەماوە، هەموان راكەڕاكیانە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان، نرخی شتومەك ئێجگار گرانە، بەشێك لە لوبنانییەكان توانای كڕینی ژەمێك خواردنیان هەیە، هەلی كار زۆرە، بەڵام كەمیی مووچەكەی شوێنە بۆشەكان پڕناکەنەوە، دامەزراندنی حكومەیش بەهیچ شێوەیەك نەماوە.
هەموو لوبنان بگەڕێ كەمترین پۆلیسی هاتووچۆ دەبینێت، خاڵی پشكنینیان زۆر كەمە، هاوشێوەی كەرتەكانی دیكە قەیران بە سوپای ئەو وڵاتەوە دیارە، بە جۆرێك نیوەی سوپاكەیان دوای داڕمانی ئابوورییەكەی وازی هێناوە، چونكە مووچەكەیان بۆ زیاتر لە نیوە كەمكراوەتەوە.
لوبنانییەكان لە 24 سەعاتدا تەنها چوار سەعات كارەبای نیشتمانییان پێدەدرێت، ئەو كارەبایەی لە توركیاوە بۆیان دەهات بڕا بەهۆی ئەوەی نەیتوانی پارەكەی بدات، نەجیب میقاتی سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری لوبنان دەڵێت " ئەگەر نەوتی عیراق نەبوایە بۆ یەك خولەكیش كارەبا لە لوبنان نەدەبوو.
لوبنان بەرەو ئەوە دەچێت رێژەی گەنجی كەمببێتەوە و پیرەكانی زۆرتربن، دانیشتوانەكەی چوار ملیۆن كەسن، ژمارەی ئەو لوبنانییانەی كۆچیانكردووە بۆ دەرەوە هەشت ملیۆنە، بەپێی ئامارێك بەهۆی كەمی رێژەی لەدایكبوون، ساڵی 2050 دانیشتوانی لوبنان دەبنە سێ ملیۆن كەس.
لوبنان خاوەنی زۆرێك لە هونەرمەندی جیهانییە، وەك نەجوا كەرەم، عاسی حەلانی، وائیل كەفوری، راغب عەلامە، ئیلیسا و هەیفا وەهبی و نانسی عەجرەم، بەڵام رەخنەی ئەوەیان لێدەگیرێت سەرقاڵی پارە خڕكردنەوەن، وەك دەڵێن، هاوشێوەی سیاسییەكان ئاگایان لە میللەت نەماوە، هاوشێوەی سەرمایەدارەكانیش پارەكانیان بردۆتە دەرەوەی وڵات.
لەگەڵ ئەو هەموو قەیرانانەدا، لوبنان وڵاتێكی زۆر جوان و بچووكە، لە بەرزاییەكی زۆر پێكهاتووە، لەگەڵیشیدا شوێنێكی گەشتیارییە و زیاتر لە٪65 داهاتەكەی بەهۆی گەشتیارییەوەیە، بەهۆی ئەمەشەوە چەندین جار بە سویسرای خۆرهەڵات و بەیروتیش بە پاریسی خۆرهەڵات ناوزەد كراون.