لە روانگەی یاساوە

تاوانی دزیکردن

09:41 - 2023-09-21
شۆخان‎ عەبدوڵڵا ‌ سەمین
1524 خوێندراوەتەوە

تاوانی دزیکردن، بریتییە لە دزین و بردنی ماڵێک بەبێ رەزامەندی خاوەنەکەی و بە ئامانجی گواستنەوەی خاوەندارێتییەکەی بۆ خۆی و دەستبەسەردا گرتن و داگیرکردنی،  وەک  زاراوەش دزیکردن بەگشتی بۆ ئەو تاوانانە بەکاردێت کە دەکرێن دژ بە خاوەندارێتییە کەسی و تایبەتەکان.
جۆرەکانی دزیکردن جیاوازن، هەندێکجار لە بڕێکی کەمی مادی خاوەندارەکان یان بڕێکی گەورە و زۆر یان لە بیرۆکە و فیکری تاکەکان یان لە پێشکەوتنەکانی ئێستادا دزیکردنی ئەلیکترۆنیش دەبینرێت.
تاوانی ئاماژەپێکراو بەگشتی لە جیهاندا بوونی هەیە، بەڵام بەڕێژەی جیاواز و هەرێمی کوردستانیش کەم تا زۆر روو بەڕووە لەگەڵ مەترسییەکانی ئەم تاوانە، هەروەها دزیکردن بەگوێرەی زۆرینەی ئایین و قانوون و پێوەرەکانی کۆمەڵگە لەجیهاندا کردارێکی بێزراوە و زۆرینەی مرۆڤایەتی کۆکن لەسەر بە تاوان ناساندنی هەر لەو باوەڕەشەوە لە  قانوونەکانیاندا  جێگەی تایبەتی هەیە و سزای قورسی بۆ دانراوە.
ئەمەش بەهۆکاری ئەو دەرئەنجام و شوێنەوارە نەرێنییەی جێدەمێنێت لەسەر ئاسایشی تاک و کۆمەڵگە و  تەنانەت کەسی بکەریش کە بریتین لە: بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ترس و دڵەڕاوکێ و نەمانی متمانە و ئاسایشی تاک و کۆمەڵگە و بە هەدەرچوون و تاڵانکردنی سەرمایە و ئابووریی تاک و لەناوچوونی ماندوبوونی بەشێک لە تەمەنیان، هەموو ئەمانە هۆکاری سەرەکین بۆ دروستبوونی ژیانێکی پڕ کێشە و نائارام.
هۆکارەکان:
لاوازی یان نەبوونی ئاسایشی کەسی یان گشتی لە هەردوو باردا  هۆکارن بۆ زیادبوونی تاوانی دزیکردن بەتایبەت ئەوکاتەی کەسەکان بۆ خۆیان ماڵ و سامانی خۆیان باش و توندوتۆڵ ناگرن خاوەن متمانەی لە رادەبەدەرن و هۆکار و رێگە خۆشکەرن بۆ دزەکان.
هەژاری و بێکاری هەندێکجار تەنگ بە کەسەکان هەڵدەچنێت و ناچاریان دەکات پەنا ببەنە بەر دزیکردن.
هۆکارێکی تر بەتایبەت لەناو هەرزەکاراندا بەدیدەکرێت لەکاتی خۆ بەکەم بینینیان بریتییە لە پڕکردنەوەی جیاوازی چینایەتی لەگەڵ چواردەوریدا و بەدیهێنانی خەونەکانی لە ماڵ و سامان و ئۆتۆمبێل لەڕێگەی دزیکردنەوە.
 دەشکرێت هیچ کام لەو هۆکارانە بوونیان نەبێت، بەڵکو بەهۆی بوونی دۆخی ناڕێکی دەروونی پەنا ببرێتە بەر دزیکردن کە پێی دەوتریت (ئارەزووی دزیکردن)، بەواتایەکی تر کەسەکە لەڕووی مادییەوە نە گرفتارە و نە پێویستێتی، بەڵکو گرێیەکی دەروونییە و دەکرێت بڵێین نەخۆشییە و پێویستی بە چارەسەر هەیە. 
 لەڕووی قانوونییەوە:
لە یاسایی سزادانی عیراقی و بە دیاریکراوی لە مادەکانی (439 - 449) زۆر بەڕوونی باسی وردەکارییەکانی دزیکردن و هەوڵدان بۆ دزیکردن کراوە و سەرجەم جۆرەکانی بەیان کردووە و باسی شوێن و کاتی دزیکردن و شێوەی کردنی رونکردووەتەوە و بڕ و ماوەی  سزادانیشی لەسەر چۆنیەتی روودان و چەندێتی و بڕ و شوێنەوارەکانی و مەترسییەکانی دیاریدەکرێت، بۆ نموونە: بە باندی دزیکردن یان روودانی تاوانی کوشتن لەپاڵ تاوانی دزیکردن  یان لە شەودا سزای تووندتر دەبێت بەجۆرێک لە ماوەی 24 سەعات دەستپێدەکات تا زیندانی هەتاهەتایی.
چارەسەر:
کارکردن لەسەر پەروەردەکردن، هەروەها کەسەکان خۆیان پارێزەری ماڵ و سامانی خۆیان بن و هەژاری و بێکاری کەمبکرێتەوە و قانوون بە سزای تووند و تەمێکەرەوە جێبەجێبکرێت، ئەوانەشی نەخۆشی دزیکردنن چارەسەری پزیشکی وەربگرن.

* پارێزەری راوێژکار و چالاکوانی نێودەوڵەتی

وتارەکانی نوسەر