هێرشی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت قۆناغێکی نوێی مەترسییەکان

09:43 - 2023-09-21
فەرید دڵشاد
195 خوێندراوەتەوە

کێ لە پشت هێرشەکەوەیە؟
وەک دیارە ئەم هێرشە بەدرۆن کراوە، کاتێک لێکدانەوە بۆ ئەوە بکەین کێ لە پشت ئەم هيرشانەوەیە دامەزراوەی رەسمیی تایبەتمەندی عیراق ئاماژە بە تورکیا دەدەن، چونکە تورکیا ئێستا خاوەنی درۆنێکی زۆرە و خۆی  بەرهەمی دەهێنێت و دیارترینیان دۆنی بەیرەقدارە.  ئەو وڵاتە زۆربەی هێرشەکانی بە درۆن دەکات و  هەر لە قەندیلەوە بگرە تا دهۆک و شنگال و گەرمیان و سلێمانی.
دیقەتی شوێنی  بۆردومانکە بدەن!
شەهید و قوربانییەکان    ئاماژەن کە بەڵێ هێزێکی دژە تیرۆر لەو فڕۆکەخانەیە بووە، بێگومان بەئامانجگرتنی ئەو فڕۆکەخانەیە دوای پیلانێکی ورد و زانیاریی هەواڵگری ورد بووە، چونکە ئەگەر سەیری شوێنی بۆردومانەکە بکەین،  تەنها شوێنی هێزەکە بۆردومانکراوە و شوێنی تری فڕۆکەخانەکە زیانی بەرنەکەوتووە.
بۆچی دژە تیرۆر دەکرێتە ئامانج؟
وەک دیارە هێزەکانی دژەتیرۆر یەکێکن لە تۆکمەترین هێزەکان، هەر ئەم بەهێزییەیان وایکردووە چەندین جار لە چوارچێوەی روبەڕوبوونەوەی تیرۆری داعشدا و بە هاوئاهانگی هێزی هاوپەیمانان هاوکاریی دژە تیرۆری رۆژئاوای کوردستان بکەن و چەند ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیشیان پێکەوە کردووە، دەشێت ئەم پەیوەندییە تورکیای نیگەران کردبێت بۆیە گورزی لە دژە تیرۆر وەشاندبێت.

پەیوەندیی تورکیا و یەکێتی
وەکو بینیمان بەهۆی پەیوەندییەکانی یەکێتی و رۆژئاوای کوردستانەوە بەتایبەتی پەیەدە کە تورکیا بە باڵێکی پەکەکە لە قەڵەمی دەدات، تورکیا بەئاشکرا نیگەرانیی خۆی بە یەکێتی راگەیاندووە هەر لە داخستنی نوێنەرایەتی یەکێتییەوە لە ئەنقەرە و راگرتنی گەشتی ئاسمانیی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا.
بۆیە بە شیکردنەوەی هاوکێشەی ئەم پەیوەندییانە، بەدوور نازانرێت پەنجەی تۆمەتبارکردن روو لە تورکیا بکرێت.
 بە حوکمی ئەوەی ماستەرنامەکەم لە بواری ئەمنیدایە، پێموایە ئەو هێرشەی ئەمڕۆ سەرەتای قۆناغێکی نوێ و سیاسەتێکی نوێی تورکیایە لە هەرێمی کوردستان، ئەو وڵاتە هەر نایەوێت یەپەگە و پەکەکە بە درۆن بکاتە ئامانج، بەڵکو پێدەچێت دژەتیرۆری کوردستانیشی خستبێتە بەرنامەی خۆیەوە. 
تورکیا هەواڵگری خۆی لە هەرێم بەهێز کردووە
وەک دەردەکەوێت تورکیا شانەی هەواڵگریی خۆی لە هەرێمی کوردستاندا بەهێز کردووە و خەریکە درۆن دێتە ماڵەکانیشمانەوە و لە رابردووشدا بینیمان چەندین ئۆتۆمبێل کرانە ئامانج لە چەمچەماڵ و پێنجوێن و شارباژێڕ، ئەمەش دیسانەوە سیاسەتێکی نوێی تورکیایە بەوەی تەنها شەڕی پەکەکە ناکات، بەڵکو شەڕەکەی هێناوەتە ناو ماڵی ئێمەوە.
یەکێتی چی بکات؟
یەکێتی لە چوارچێوەی روبەڕوبوونەوەی تیرۆردا و بە هاوئاهەنگیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هاوکاریی هەسەدە و دژە تیرۆری رۆژئاوای کردستان دەکات و باجی زۆریشی لەسەر  ئەو هەڵوێستە دژبە تیرۆرەی داوە، بەڵام دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سیاسەتی سەرۆک مام جەلال لە راگرتنی هاوسەنگیی پەیوەندییەکاندا و بانگەوازی هەمیشەیی بۆ ئاشتی و گفتوگۆ و هاوکات پەرۆشە بۆ پێشێل نەکردنی سنوور و سەروەریی وڵاتانی دراوسێ تا هیچ جموجۆڵی سەربازیی و چەکداریی هیچ لایەنێک نەبێتە پاساو بۆ دەستوەردانی دەرەکی لەلایەن وڵاتانی ئیقلیمی و پێشێلکردنی سنوور و سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عیراق و ئەنجامەکەی بە تاوانێکی وەک ئەوەی فڕۆکەخانەی عەربەت بشکێتەوە و چەند رۆڵەیەکی ئەم گەلە شەهید ببن و چەندانی دیکەش بریندار ببن و ترس و دڵەڕاوکێش لەناو خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی سنووری سلێمانیدا بڵاوبکاتەوە.

شوێنی بۆردومانەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت

وتارەکانی نوسەر