ئەو پرسیارەی پێش کۆنگرەی پێنجەم وەڵام درایەوە

03:43 - 2023-09-21
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
305 خوێندراوەتەوە

یەکێک لە خاڵە ئیجابی و گرنگەکانی حزبی شۆڕشگێڕ یان جەماوەری، حزبی سەردەم یان دیموکراسی ئەوەیە، ریفۆرمی سیاسی یان بازدانی مێژوویی بەسەر هەر داخران و چەقبەستوویی و کەموکورتییەکدا بکات کە دێتەڕێگەی. حزب و هەر تەنێکی زیندوو بە جوڵە و هەناسەدان! لە تەنە نازیندووەکانی دیکە جودا دەکرێتەوە، ئەم تەعبیرە بۆ حزبیش راستە، حزبی زیندوو دەبێت بەردەوام لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی دیکەی باشتر بجوڵێت بەپێی باری سیاسی و ئەمنی و رۆشنبیری و دیپلۆماسی و پێویستی ناوخۆیی و دەرەکی.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، زیندووترین حزبە لەسەر گۆڕەپانە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەش، ئەم حزبە بەوە لە کۆی حزبەکانی دیکە جودا دەکرێتەوە بە شۆڕشێکی گەورەوە دێتەناو مێژووەوە و یەکەم هەنگاوی ئەم حزبە شۆڕش بووە دژی نادادی، ئەم دەستپێکە جوڵاندن و بازدانە بەسەر دۆخێکی ئەمنیدا کە کوردستانی گرتبۆوە و پێویستی بەهێز و جوڵانەوەیەک هەبوو ئەو دۆخە بشڵەقێنێت، لە رەورەوە مێژووییەکەشیدا لە باشووری کوردستان چەندان داهێنراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی و میدیایی و ژنان و  گەنجانەی بەرهەمهێناوە کە حزبی دیکە نەیتوانیوە لە مێژووی دووری خۆیدا بەرهەمیبهێنێت.
جوانترین ناوێک لە مێژوودا بە باڵای ئەم حزبەدا بڕاوە، ئەوە بووە پێیوتراوە "ماڵە گەورەکەی یەکێتی"، ئەم ناونانە ئیدیۆمێکی سیاسی رووت نییە، هیچ تەحلیل و تەحویلێکی دیکە هەڵنەگرێت، "ماڵی گەورە" لە پانتاییە کۆمەڵایەتییەکەشدا هێمایە بۆ ئەو ماڵەی کە چەندان کوڕ و کچ لێی جودا دەبنەوە و دەبنە ماڵی دیکە، بەڵام ئەم ماڵە هەر بە گەورەیی دەمێنێتەوە و هەمیشە کاروانسەرای نەوەکانێتی و وەک ماڵە سەرەتایی و گەورەکەی هەموان لێی دەڕوانن، یەکێتییش لەو خاڵەدا ماڵە گەورەکەی حزبایەتی و سیاسەت بووە لە کوردستان کە چەندان باڵ! و ماڵی لێ جوودا بۆتەوە، بەڵام ئەم ماڵە هەر وەک بناغەی خێزانێکی گەورەی سیاسی و حزبایەتی ماوەتەوە و دەمێنێتەوە.
دەمێک ساڵ پێش ئێستا، هەر هەڤاڵێک لەم حزبەدا دەربکەوتایە، بەویستی خۆی بوایە یان بەبێ ویست، دەبوو لە بەرە و باڵێکی ناو یەکێتی دابنرایە و ئەو پرسیارەی ئاراستە دەکرا کە "تۆ لە کام باڵی ناو یەکێتی ــ یت؟"، دۆخە سیاسییەکەی ناوخۆی ئەم حزبە وایکردبوو هەموو ئەو حزبانەی دیکەش دۆخی ناوخۆییان هاوشێوەی ناوخۆی یەکێتی بوون، لە سایەی یەکێتی و ئەو هەڵڵا و زەججەیەدا لەسەر یەکێتی هەبوون، خۆیان مەڵاس دەدا و خۆیان دەشاردەوە، نەک هەر ئەوەش بەڵکو زۆرجار لەسەر دۆخە نادروستەکەی یەکێتی وتاری سیاسی و خۆگیڤکردنەوەیەکی حزبیانەیان بەرهەمدەهێنا.
ئەو دەم و سەردەمە ئەو حزبانە پێیانوابوو یەکێتی لە دۆخی ناوخۆیی ئەوان تێناگات و نازانێت بیخوێنێتەوە و نازانێت لە ناوخۆیاندا چی دەگوزەرێت، لە کاتێکدا کەپووی! یەکێتی لە هەموان باشتر بۆنی باڵباڵێنی دەکرد لەناو هەر حزب و لە هەر شوێنێک بوایە، یەکێتی باشتر لە هەموو حزبێک تەعریفی باڵباڵێنی دەزانی بە ئەو باڵباڵێنانەی ئەوانیشەوە کە دواجار یەکێتی خۆی دەرهاویشتەی ئەو باڵباڵێنە ناوخۆییە بووە!، یەکێتی لە هەموو حزبێکیش باشتر توانی باڵباڵێنەکەی تێیپەڕێنێت و هەنگاو بۆ ریفۆرمێکی نوێی حزبی بنێت و بازێکی مێژوویی بدات.
ئەمڕۆژانە کە یەکێتی بەرەو پێنجەمین کۆنگرەی خۆی هەنگاو دەنێت، پێش کۆنگرە یەکێتی دەتوانێت گوتاری سەرکەوتن رابگەیەنێت و بیدات بە گوێی یار و نەیاردا، ئەو قسەیەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەواو راستە کە دەڵێت "پێکەوە دەچینە کۆنگرە و پێکەوە بەسەرکەوتوویی لێی دێینە دەرەوە"، ئێستا هیچ کەسێک و هیچ حزبێک ناتوانێت ئیدی داڕشتنی خەیاڵئامێزی ناڕاستی سەتحییانە بۆ باڵباڵێنی ناو یەکێتی بنووسێت و بخوێنێتەوە، پێش کۆنگرە یەکێتی ئەو ئامانجەی کۆنگرەی بەدیهێناوە کە یەکگوتاری و یەکدەستی یەکێتییەکانە لە قۆناغی داهاتووی کاری حزبایەتی و دیموکراسی و خەباتی نوێدا، پێش کۆنگرە یەکێتی وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە کە ئیدی هەموو یەکێتییەکان خاوەن یەک باڵ و یەک ماڵن، ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بۆ یەکێتیی کورد.
ئێستا هەموو یەکێتییەکان، لەسەر یەک رێبازن کە رێبازی (سەرۆک مام جەلال)ە، یەک باڵیشن کە باڵی کوردایەتی و خوێنی شەهیدان و سەرۆک (بافڵ جەلال تاڵەبانی) و یەکێتییە، ئەمەش هاوکێشەیەکی روون و پوخت دەداتە دەستەوە، کێ ئەم رێ و رێبازەی پێقبوڵ دەکرێت ئەوا دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ یەک یەکێتیدا بکات و درێژە بە کاروانی کوردایەتی بدات، هەر کەسێکیش ئەم یەک باڵی و یەک ماڵییەی یەکێتی پێیقبوڵ ناکرێت، ئەوا مێژووی یەکێتی بە خاترانەی کەس دەستی پێنەکردووە تا بووەستێت، ئەم مێژووە بەردەوام دەبێت و ئاسۆ روونە.

وتارەکانی نوسەر