خۆرئاوا و ئۆتۆمبێلی دوکەڵی مێشەکە

09:59 - 2023-09-24
شوان کەریم کابان
421 خوێندراوەتەوە

سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو، بەهۆی ئەوەی باوکم خەریکی حزبایەتی و کوردایەتی بوو(کە ئێستا هەندێک کەس گاڵتە بەو وشانە دەکەن) و بەشداربوو لە گرتنی مەخفەری پۆلیسی رانیە، بەو هۆیەوە نەفی کرا بۆ خوارووی عیراق و ئێمەشی لەگەڵ خۆی بردبوو، بەندە لە ناسڕیە چوومە قوتابخانە. ئەو سەردەمە خوارووی عیراق لە نەبوونی خزمەتگوزاری و نەداری زۆریی نەخۆشی، کەمێک لە ئێستا جیاوازبوو . 
هاوینان عەسرانێکی درەنگ، بۆ نەهێشتنی مێش و مەگەز و بەتایبەتیش مێشوولەی مەلاریا، ئۆتۆمبیلێک بەنێو شاردا دەگەڕا و لە رێی ئامێرێکەوە کە لە پشتەوەی دانرابوو، دوکەڵێکی سپی بڵاودەکردەوە، تێکەڵەیەکی دەرمانی دی دی تی بوو کە دەرمانێکی قڕکەری مێرووە، بە هەر کۆڵانێکدا دەرۆیشت، چەندین منداڵ دوای دەکەوتن و منیش چەند جارێک بە دوایدا رامکردوە کە دەشگەڕامە ماڵەوە، لەبەر ئەوەی بۆنی دوکەڵەکەم دەگرت، یەکسەر دەیانکردم بە حەمامدا و خۆشم و جلەکانیشیان دەشتم.
 کە گەڕاشینەوە کوردستان، سەرەتای حەفتاکان، چەند جارێک ئۆتۆمبیلی دوکەڵی مێشەکەم بینی و ئیتر من چیتر نەمدیوەتەوە. لەم چەند شەوەی رابردوودا سەیری هەواڵەکانی کەناڵی (روسیا الیوم) -م دەکرد و هەواڵی کارەساتە گەورەکەی لیبیای باس دەکرد و وێنەی شاری دەرنەی لیبیای پیشان دەدا، لەپڕ ئۆتۆمبیلی دوکەڵی مێشەکەم بەرچاوکەوت.
یەکەم: ئەوەی جێی داخ و حەسرەتە، ئەو هەموو قوربانییە زۆرەیە کە لە دەرەنجامی لافاوەکەی ئەو شارە و دەوروبەری کەوتۆتەوە. دووەم : بەهەموو تەمەنی دەسەڵاتی موعەمەر قەزافی، چارەکێکی ئەو ژمارەیە بەهۆی ئەو حوکمەوە گیانی لەدەست نەداوە. 
سێیەم : لیبیایەکی بێدەنگی ئارامی بێ کێشە، بەهۆی دەستتێوەردانی خۆرئاوا و ئەمریکاوە بە بیانووی روخانی دیکتاتۆریی و بەرقەرارکردنی دیموکراسی، بۆتە چەند بەشێک و چەند گروپێکی چەکداری تیادا دروستبووە و هەر ناوچەی بەدەست لایەکەوەیە و هەر رۆژەی لە شوێنێک شەڕ هەڵدەگیرسێ و بەدەیان کەسیش دەکوژرێن. 
چوارەم : هۆکاری ئەو لافاوە گەورە وێرانکەرە، روخانی دوو بەنداوی بەدوای یەکدا بوون کە ماوەیەکی زۆرە کەس هەڵسەنگاندنی توند و تۆڵیان بۆ نەکردبوون، بەهۆی ئەو بارودۆخەی دوای روخاندنی دەسەڵاتی قەزافی هاتۆتە ئاراوە. 
خەڵکی لیبیا  لەسەردەمی قەزافیدا دیموکراسی و ئۆتۆمبێلی دوکەڵی مێشەکەیان نەبوو، ئێستا لەم سەردەمەی خۆرئاوا و ئەمریکا بەسەر خەڵکی لیبیایان سەپاندووە، میلیشیا و گروپی ئیسلامی توندڕەو کوشتن و نائارامی و ئۆتۆمبێلی دوکەڵی مێشەکەیان هەیە، کەچی دیموکراسییان هەر نییە !.

وتارەکانی نوسەر