باکگراوند

بە ئامانجگرتنی یەکێتی لە خێڵی حەمەوە بۆ فڕۆکەخانەی عەربەت

10:00 - 2023-09-24
جەمال ئارێز
275 خوێندراوەتەوە

(12)

ناگەڕێمەوە بۆ کۆی ئەو تەبکە و بۆسە ناوخۆیی و ئیقلیمییانەی لە 1975 ەوە بۆ یەکێتی و تێکۆشەرەکانی دەنرێتەوە و  کە هەموویان یەک ئامانجیان هەبووە، ئەویش کۆتاییهێنانە بە یەکێتی. 
تەنها هەڵوێستەیەک لەسەر دوو هەوڵی تر دەکەم کە ئەوانیش هەمان ئامانج و مەرامیان لە پشتەوەیە، بەڵام 22 ساڵ نێوانیانە.
ئەگەرچی تاکتیکی قۆناغەکانی خەبات لای یەکێتی بەگوێرەی زەمانە و زەمینە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، بەڵام ئامانج و ستراتیژە سیاسییەکەی  روون و رەوا بووە، بۆیە هەم لە سەرەتاوە زۆرترین جەماوەر و رێبواری سەرڕاستی کوردەواریی و کوردایەتی لە دەوری کۆبوونەتەوە و هەمیش ناحەزان و نەیارانی کوردەواری و کوردایەتی بە ناوخۆیی و ئیقلیمییەوە لە دەوری یەک ستراتیژ کۆبوونەتەوە کە لەناوبردنی یەکێتییە، بەڵام ئەوانیش بە تەکتیکی جیاواز.
22-ەمین ساڵیادی شەهیدانی خێڵی حەمە و ئەو تاوانە وەحشیگەرییەی تیرۆریستانی جوندولئیسلام بە دەرفەت دەزانم تا پەردە لەسەر جیاوازیی کارەساتەکەی خێڵی حەمە و بۆردومانەکەی هەفتەی رابردووی فڕۆکەخانەی عەربەت هەڵبدەمەوە، کە وێڕای جیاوازیی بکەرەکان و زەمان و زەمینی هەردوو تاوانەکە، ستراتیژەکەیان یەکێکە کە لێدانە لە باڵی کوردایەتیی هاوچەرخ.
باکگراوندی ئەوێ رۆژێی هەندێک میدیای کوردی سەبارەت بە کارەساتی خێڵی حەمە ئەوەبوو کە هەوڵێکی لێبڕاویان دا  تا شانی جوندولئیسلام لەو تاوانە خاڵی بکەنەوە و بیسوون بە شانی خودی یەکێتیدا و دەیانووت یەکێتی خۆی تەرمی شەهیدەکانی شێواندووە بۆ راکێشانی سۆزی خەڵک و (دوژمنانی ئیسلام!)، بەڵام زۆری نەبرد گرتەی ڤیدیۆیی کاتی تاوانەکە کەوتە دەست یەکێتی و هەموان بینیمان چۆن چەکدارە تیرۆریستەکان بە تەور و قەمەوە بەسەر تەرمی پیرۆزی شەهیدەکاندا دەگەڕێن بۆ شێواندنیان.
لەو باکگراوندەوە دێینەوە سەر  کردەوە تیرۆریستییەکەی هەفتەی رابردووی فڕۆکەخانەی عەربەت کە بەهۆیەوە سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆری کوردستان شەهیدبوون و سیانی دیکەش بریندار بوون کە تورکیا بەڕەسمی بەرپرسیارێتی خۆی لە کردەوە تیرۆریستییەکە راگەیاند.
بۆخۆم قسەم لەسەر تورکیا نییە، چونکە دیارە هەڵوێستی ئەو وڵاتە سەبارەت بە دۆزی کورد و هەر قەوارەیەکی کوردی چییە و چۆنە، بەڵام ئەوەی مایەی هەڵوێستەیە، گەلەکۆمەکەی میدیای نەیاری یەکێتییە لەسەر  بۆردومانەکە کە دژایەتییان بۆ یەکێتی وا بەری چاوی لێڵ کردوون، بوونەتە بووقێکی بەلاش و ئاو دەکەنە ئاشی میت و دەزگای هەواڵگریی سەربازیی تورکیاوە و پێش راگەیەندراوەکەی ئەنقەرە دەکەون لە پاساوهێنانەوە بەوەی هێزێکی سەربە رۆژئاوا و باکووری کوردستانی لێ بووە بۆیە ئەوێ کراوەتە ئامانج!
 دیارە ئەو بەناو میدیا و میدیاکارانە مێژوو ناخوێننەوە، ئەگەرنا دەبوو لەسەر چەواشەکارییە میدیاییەکەی سەردەمی تاوانی خێڵی حەمە، پێش دەرکەوتنی راستییەکان نەکەوتنایە و ئەو چەواشەکارییەیان بڵاونەکردایەتەوە،  چونکە دوور نییە لە داهاتوویەکی نزیکدا راستییەکان و ئامانجی ئەم گەلەکۆمەکە هاوبەشە ناوخۆیی و ئیقلیمی و میدیاییەش ئاشکرا ببێت و ئەوکات ئەوەی بەڕووسووری بەردەم مێژوو دەمێنێتەوە یەکێتییە و ئەوەی رووڕەشی بەردەم مێژووش دەبێت نەیارەکانی و میدیا بووقژەنەکانن.

وتارەکانی نوسەر