پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی لە دۆخێکی هەستیاردا

10:11 - 2023-09-26
عومەر قادر وسو
437 خوێندراوەتەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەندارێتی مێژوویەکی پڕ لە قوربانی و خەباتە لەپێناوی بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد و خۆش گوزەرانی و سەرفرازی بۆ کۆمەڵگە 
یەکێتی وەک هێزێکی سیاسی و بنەڕەتی  لە نەخشەی سیاسی عیراقدا رۆڵی خۆی دەبینێ. پێویستە ی ن ک بە دیدێکی سەردەمییانە لە ئایندەدا خواستی نەوەکانی داهاتوو لە بەرنامەیدا بەرجەستە بکات و بە ئەرکی سەرەکی خۆی بزانێ و رۆڵی شایستەی تێدا ببینێ. 
بە دڵنیاییەوە کۆمەڵانی خەڵک بە پەرۆشەوە لە بارودۆخی ناوخۆی یەکێتی دەڕوانن، پێویستە ئەم تێڕوانینەی خەڵک و پەرۆشییان بە هەند وەربگیرێت و جەماوەر بە سەرچاوەی پێشکەوتن و گەشەکردنی یەکێتی بزانرێت، بەتایبەتی ئەم دۆخە هەستیارە لەبەرچاو بگیرێت لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق. 
لەپێناوی کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو و ئایندەیەکی گەش بۆ یەکێتی پێویستە:
* کۆنگرە مەسەلەی دانانی  پەیڕەو لە ناو کۆنگرەدا بەتەواوی یەکلابکاتەوە و بە پوختکراوی پەسەندی بکات. 
* پێویستە هەڤاڵانی بەشداربوو هەست بە بەرپرسارێتی بکەن، گۆڕانکارییەکان ئەوەمان لێدەخوازێ کە کادرانمان لە تاکێکی گوێگرەوە بگۆڕێن بۆ تاکێکی چالاکی رەخنەگر و بەشدار لە بڕیار و نەخشەڕێ سیاسییە چارەنووسسازەکان کە بۆ ژیانی حزب و کۆمەڵگە پێویستە.
* بەستنی کۆنگرە بۆ یەکێتی گرنگە بۆ داڕشتنەوە و پێداچوونەوە بە دید و سیاسەتەکانیدا و داڕشتنەوەی سیاسەت و بەرنامەی نوێ بۆ کاروباری رێکخراوەیی خۆی. بڕیاری کردنەوەی چەند کۆمیتە یەکی رێکخستن لە شارێکدا هەڵبوەشێنرێتە، لەکاتێکدا کومیتەکانمان لەئاست کاروچالاکیی ڕێکخراوەییدا نین، چەندین رێگە و بەرنامەی تر لەبەردەممانە، دەتوانین سوودیان لێببینین، بۆ دانانی هەر بەرنامەیەک پێویستە رای کادرەکان بکرێتە بەرنامەی کار.
 * پێویستە یەکێتی  بوێرانە هەروەکو ئەوەی بڕیاری بەستنی کۆنگرەی داوە، پڕەنسیپەکانی حزب بەهەند وەربگرێ و کاری جدی لەسەر بکات بە سەرجەم خاڵ و مادە و بڕگەکانی پەیڕەو و پڕۆگرامی یەکێتیدا بچێتەوە، هێڵی سیاسی  خۆی دیاری بکات بۆ راستکردنەوەی ئەدای حکومەت و دۆخی ئابووریی خەڵک کە لە سایەی ئەم کابینەیە شکۆی بۆ کەس نەهێشتۆتەوە.
* ئەرکی کادرانی یەکێتییە کە شیاوترین کەسایەتییەکان هەڵبژێرن لەوانەی کە خاوەن دیدێکی نموونەیین و لەسەر ئەرزی واقع دەیانەوێ جێبەجێی بکەن، بۆ کاندید بوون بۆ سەرکردایەتی، چونکە رۆڵبینینی سەرکردایەتی یەکێتی تەنها بۆ ناوخۆی یەکێتی نییە و پێویستیمان بە سەرکردایەتییەکی بەهێز و ئاست بەرز هەیە، بەتایبەتی کە ئەمڕۆ یەکێتی لە حکومڕانیی عیراقیشدا رۆڵی پێشەنگ دەگێڕێ. 
*  دەستەگەری و ململانێ ناوخۆیییەکان زیانی گەورەی لێکەوتۆتەوە، دۆست و لایەنگر و ئەندامانی یەکێتی، بۆ ئایندەی حزبەکەیان بە پەرۆشن، پێویستە میکانیزمێکی گونجاو بدۆزرێتەوە کەمترین زیان بە ریزەکانی یەکێتی بگەیەنێ، پێویستە کۆنگرەی ئاشتەوایی و برایەتی بێت.
 دەبێت رێبازی یەکێتی هەروەکو رابردوو لەگەڵ رەوتی ئێستادا کۆک بێت، هاوتەریب لەگەڵ خواست و پێویستییەکانی خەڵک بێتەوە، ئەو حەقیقەتە فەرامۆش نەکا کە یەکێتی بەشێوەیەک بۆتە جێگەی هیوا و متمانەی خەڵک، چاوەڕوانییەکانی بۆ سەروەریی و دەسکەوت و داهێنانی زیاتری داوا لێدەکا و چاوی ئومێدی لە هەموو حزبەکان زیاتر لەسەر یەکێتییە. 
پێویستە هەموو ویست و بەرژەوەندییە تاکییەکانمان لە بۆتەی توانا و ئاواتەکانی گەلەکەماندا بتوێنینەوە . 
* پێویستە کۆنگرە هەنگاوی سەردەمیانە بهاوێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ سەرجەم کەموکووڕییەکان کە دیارە ناتوانین نکۆڵی لە هەبوونی بکەین، لە ژیانی رێکخراوەیی و حکومڕانیمان لەناوخۆی هەرێم و لە عیراقی فیدراڵ، بەتایبەتی لەناوچە جێناکۆکەکان. 

بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆی سەرجەم هەڤاڵانی یەکێتی بەرامبەر خوێن و قوربانیی شەهیدان و ماندووبوون و گیانفیدایی پێشمەرگە و سەرجەم نەبەردییەکانی کە یەکێتی لەپێناوی بەهێزبوونی یەکێتی گیانی خۆیان بەخشی. 
بەو هیوایەی یەکێتی بەردەوام لە گەشەکردن و گۆڕاندا بێت، خۆی بگونجێنێت لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر و سەرکەوتنی گەلەکەمان فەراهەم بکات .

وتارەکانی نوسەر