مەسەلەکە هەرچۆن بێت

هەڵگەڕانەوەی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا

10:12 - 2023-09-26
خەڵەف غەفور
276 خوێندراوەتەوە

ململانێکانی بلۆکی سەرمایەداری و سۆسیالستی و دەستپێکردنی جەنگی سارد، پێگەی تورکیای بەشێوەیەکی گرنگ، لای وڵاتانی خۆرئاوا بەرزکردەوە، تورکیاش هەر زوو خۆی لەسەر بلۆکی سەرمایەداری یەکلاکردەوە و ئەوەی کردە دەرفەت بۆ سوودوەرگرتن لە هاوکارییە سەربازی و ئابوورییەکانیان، راستە پەیوەندییەکانیان لە قۆناغی جیاوازدا تووشی هەڵبەز و دابەز بووە، بەڵام هێشتا تورکیا لای وڵاتانی خۆرئاوا وڵاتێکی گرنگە، جەنگی روسیا- ئۆکرانیا وایکرد تورکیا زیاتر مانۆڕ بکات و هەردوولا بیانەوێ تورکیا زیاتر لە خۆیان نزیک بکەنەوە.
 تورکیا ساڵی 1987 بەشێوەیەکی رەسمی داوای ئەندامێتی لە یەکێتیی ئەوروپا کرد، ساڵی 1999 بووە بەربژێر بۆ ئەندامێتی لە یەکێتییەکە، لە ساڵی 2005 وە گفتوگۆی جدی بۆ وەرگرتنی تورکیا لە نێوانی هەردوولا دەستیپێکردووە، بەڵام هیچ بەرەوپێشچوونێکی وا رووی نەداوە کە ببێتە هۆکاری دڵنیایی بۆیان، بۆیە تورکیا، وەک سیاسەت و ستراتیژیی پارتی داد و گەشەپێدان، ئاڕاستەی سیاسەتی رووە و خۆرهەڵات وەربگەڕێنێ، بەڵام بە لەسەرخۆیی. پێوەرەکانی کۆپنهاگن کە مەرجن بۆ وەرگرتنی ئەندامێتی هەر وڵاتێک لە یەکێتیی ئەوروپا بوونەتە رێگر لەبەردەم تورکیا، رەنگە هەروا زووش نەتوانێ جێبەجێیان بکات کە ئەمانەن: یەکەم: پێویستە وڵاتەکە خاوەن دامەزراوەی دیموکراسیی دەوڵەتی بێت. 
دووەم: ئازادیی سیاسی و بیروڕا و رۆژنامەگەری و دوورکەوتنەوە لە دروستکردنی رێگری. 
سێیەم: ئابووریی ئازاد و پێشکەوتوو و بازاڕی سەربەخۆ. 
چوارەم: پاراستنی مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و کەمینەکان.
پێنجەم: سەربەخۆیی دادگاکان و دەوڵەتی پەیوەست بە یاساکان و زۆر شتی دیکەش. تورکیا لەم رووانەوە کێشەی هەیە، بۆ بە ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا. 
دوا راپۆرتی یەکێتیی ئەوروپا تورکیای نیگەران کرد، تاڕادەی هەڕەشەکردنی ئەردۆغان کە دەڵێت: تورکیا هەوڵدەدات رێگەی خۆی لە یەکێتیی ئەوروپا جیابکاتەوە.
ناچۆ سانچێز ئامۆر، پەرلەمانتاری ئیسپانی سەرپەرشتیی ئامادەکردنی راپۆرتەکەی کردووە و دەڵێت: تورکیا جیاکاریی لە ماف و ئازادییەکاندا دەکات، بەرپرسانی کوردی دەستگیرکردووە و لە کاری لاداون، کۆت و بەندی خستۆتە سەر زمانی کوردی لە کەرتی پەروەردەدا، دەستگیرکردنی بە کۆمەڵی رۆژنامەوان، هونەرمەند و چالاکوانانی کورد پێش هەڵبژاردنەکان و بەردەوام کاراکردنەوەی دۆسێی داخستنی هەدەپە.
ئەو راپۆرتە بۆ کورد هەوڵێکە بۆ زیاتر ناساندنی دۆزی کورد و ئەو سیاسەتە نابەجێیانەی لەسەری پەیڕەو دەکرێن، تورکیا ئەوە بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی دەبینێت و پێیوایە ئەوانە راست نین و بیانوون بۆ رێگریکردن لە ئەندامێتی وڵاتەکە لە یەکێتیی ئەوروپا.
رەوتی ئیسلامیی لە تورکیا، بەتایبەتی نەجمەدین ئەربەکان، هەوڵی بۆ گەڕانەوەی تورکیا بۆ جیهانی ئیسلامی دەدا، بەڵام نەیتوانی بە کردار ئەوە بکات و یەکێک لە هۆکارەکانی دوورخستنەوەی بوو لە دەسەڵات لە ساڵی 1997.
ئەردۆغان هەمان پڕۆژەی هەیە، بەڵام وریایانەتر مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسێیەدا دەکات، گەڕاوەتە بۆ بەشێک لە وڵاتانی ئیسلامی و خۆرهەڵات، بەڵام ناشتوانێ دەستبەرداری ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا ببێت، لەبەرئەوەی دۆزی کورد یەکێک لە رێگرییەکانە، گرنگە لۆبی زۆری لەسەر بکرێت بە ئاراستەی رەخساندنی دەرفەت بۆ چارەسەرکردنی دۆزەکەی.

وتارەکانی نوسەر