مەسەلەکە هەرچۆن بێت

دیپلۆماسیی لاواز و وردە دەوڵەت

09:38 - 2024-03-26
خەڵەف غەفور
359 خوێندراوەتەوە

خەڵەف غەفور


لە ماوەکانی داهاتووی نزیکدا، ئەگەر گۆڕانکاریی کوتوپڕ نەیەتەپێش، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بە ئەجێندایەکی وردەوە دەچێتە عیراق، لە هەردوو حاڵەتەکەدا ئەو دوو هاتن و چوونە ئاماژە نین بۆ دیپلۆماسیی سەرکەوتووی عیراق، بەڵکو ناچارکردنین بە جێبەجێکردنی زۆر داواکاری و کەمترینیشیان سوودی عیراقی تێدایە. 
یەکێک لە داواکانی بەشێک لە هێزەکانی شیعەی عیراق، کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەیە لەسەر خاکەکەیان، ئەو داوایە لە سەردەمی نوری مالیکی-یەوە کاری لەسەر دەکرێ و سیناریۆی زۆریان لەبارەوە خراونەتەڕوو، تا دەگاتە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە کە داواکان گەرمکرانەوە، بەڵام هێشتا ئەمریکا ملی بۆ جێبەجێکردنی ئەو ویستە سیاسییە نەداوە.
 ئیدارەی بایدن کە لە دۆناڵد ترەمپەوە تا زۆر چاودێری سیاسیی گەورە و بچووک، بە لاواز و کشاوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەسفی دەکەن، گفتوگۆی لەسەر پرسی کشانەوەی هێزەکانی لە عیراق دەستپێکردووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی هەن، محەمەد شیاع سودانی یەکێک لە داواکارییەکانی لە بایدن کشانەوەی هێزەکانیان دەبێت، بەڵام باس لە ئیمزاکردنی کۆمەڵێک گرێبەستی ئابووری و بازرگانیش لەگەڵ کۆمەڵێک لە کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا دەکرێت، رەنگە ئەوەیان بە دەم چەورکردنیش بناسێنرێ، بەتایبەتی سودانی لەبەردەم گوشاری زۆری شیعەکاندایە و نایەوێ سەردانەکەی شکستخواردوو بێت. 
لەگەڵ ئەوەشدا هیچ گەرەنتییەک نییە ئەمریکا ئەو ویستەی شیعەکان جێبەجێبکات، بایدنیش پێویستی بە سەرکەوتنی دیپلۆماسییەکەیەتی بۆئەوەی هاوکاری بێت لە بانگەشەی خۆهەڵبژاردنەوەی بۆ گەڕی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی.
 سەردانی سەرۆک کۆماری تورکیاش هەر لە هەمان ئاست و شکڵدایە، ئەجێنداکەی پڕن لە داواکاریی قورس کە عیراق دەخاتە بەردەم چاڵێنجی گەورەوە، یەکەم: دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت بە لەبەرچاوگرتنی زۆرینەی ویستەکانی تورکیا.
 دووەم: بە تیرۆریست ناساندنی پەکەکە و هاوکاریکردنی لە شەڕکردن لەگەڵی. 
سێیەم: بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کردنەوەی دەروازەی سنووریی دیکە، ئەمەیان بۆ هەرێمی کوردستان زیانی زۆرتری دەبێت لە رووی جووڵەی ئابوورییەوە. 
چوارەم: تورکیا دەیەوێت پێکهاتەی تورکمان سەنگی زیاتریان هەبێت، هەروەها عەرەبی سوننەش، هەردوو ویستەکە قورسن بۆ هێزەکانی شیعە.
 لە ئەجێندای هەردوو سەردانەکەدا، هەرێمی کوردستان ئامادەیی نابێت، بەتایبەتی لە رووی ویست و داواکارییەکانەوە، بەڵکو تووشی جۆرێک لە پەراوێزخراوی سیاسی و دیپلۆماسی دەبێت، بارودۆخی شێواوی سیاسیی هەرێمی کوردستانیش یاریدەدەرە بۆ ئەو پەراوێزخستنە.
 عیراق کارەکتەرێکی سیاسیی کاریگەر نییە لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکی لاوازی هەیە، هێزی سیاسیی ناوخۆی بنەمای دیپلۆماسیی بەهێزە، عیراق ئەو بنەمایەی نییە، بەڵکو پەرتەوازەیە، زیاتر لەوەی دەوڵەتێکی یەکگرتووی هەبێت وردە دەوڵەتی هەیە، ئەوە هێزی سیاسی دابەشدەکات، تواناکانی کاریگەربوون لاوازدەکات، دامەزراوەی دەوڵەتی و بڕیارسازی لە مەنگەنە دەدات، بگرە فرە بڕیاری لە یەک دەوڵەتدا بەرهەم دەهێنێت، هەر ئەوەیە وایکردووە لە سیاسەتی دەرەوەدا هەموان داوایان لە عیراق هەبێت بێ ئەوەی ئەویش داوای گەورەی هەبێت. هیچ ئاماژەیەک نییە دیپلۆماسیی عیراق وا زوو بەهێزببێتەوە بەو پێیەی ئاماژەکانی کۆتاییهاتن بە وردە دەوڵەتیش نین.

وتارەکانی نوسەر