هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کۆتاییهات، بەپێی دەرەنجامی بەرایی (رێژەی زیاتر لە 90 %)، پارتی داد و گەشەپێدان- ئەکەپە دۆڕاوی یەکەم و دەم پارتی، سەرەڕای بردنەوەی شارەوانی 10پارێزگا، وەکو دۆڕاوی دووەم دەبینرێن.
رجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان لە یەکەم وتاری دوای هەڵبژاردنەکدا دانی بە شکستەکەیدا نا و وتی: "ئیرادەی گەل خۆی لە سندوقی دەنگدان دەخاتەڕوو، خەڵکەکەمان لە رێگەی سندوقی دەنگدانەوە قسەی خۆیان دەکەن و ئەوانیش لە رێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە پەیامی خۆیان بە سیاسەتمەداران دەگەیەنن، ئێستا ئیتر گەل بڕیاری خۆی داوە و سندوقەکان داخراون، وەکو هەر پارتێکی سیاسی، ئێمەش بە دڵێکی گەورەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قبووڵ دەکەین، ئەو ئەنجامەی دەمانویست بەدەستمان نەخست، هیوادارم ئەنجامی هەڵبژاردن ببێتە مایەی خێر بۆ گەل، 31ی ئازار بۆ ئێمە کۆتایی نییە، بەڵکو خاڵی وەرچەرخانە".
دەم پارتی کە دۆڕاوی دووەمە، بەپێی ئامارەکان لەم هەڵبژاردنەدا بە نزیکەیی دەم پارتی دوو ملیۆن و400 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، ئەوە کەمبوونەیەوەیەکی پێوانەییە، چونکە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2019 پارتی دیموکراسی گەلان- هەدەپە چوار ملیۆن و 500 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە.
پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە جگە لەوەی بووە براوەی یەکەم، هاوکات، یەکەم: بۆ یەکەمینجارە رێژەی دەنگەکانی بگەنە نزیکە٪40.
دووەم: توانی 418 شارەوانی، ئەگەری زیادکردنیشی هەیە، بباتەوە، ئەوە ژمارەیەکی پێوانەییە.
سێیەم: سەرکەوتنەوەی جەهەپە لە ئیستانبوڵ (ئەکرەم ئیمامئۆغڵو 51 %ی دەنگەکان)، لە ئەنقەرە (مەنسور یاوەش 60 %ی دەنگەکان)، یەکجار گرنگە، تەنانەت پێشبینی و راپرسییەکانیشیان لێدانی سفر کرد.
چوارەم: جەهەپە لەوەشدا سەرکەوتوو بوو کە دەنگەکانی کوردی لە ئیستانبوڵ بە نزیکەی ٪8 بۆ خۆی برد، ئەمە سەرەتای دۆڕانی دەم پارتییە و دەرەنجامی خراپی دەبێت.
لەم هەڵبژاردنەدا دەم پارتی٪5 رێژەی دەنگەکان و 81 شارەوانیی ئاست جیاوازیان بەدەستهێناوە، رێژەی دەنگەکانی دەم پارتی لە ئیستانبوڵ بۆ ٪1،9 کەمیکردووە، لەکاتێکدا بەپێی ئامار و ژمارەکان دەبوو نزیکەی ٪10 بێت، ئەوە مانای چییە؟
دەم پارتی هەڵەی 2019 ی هەدەپەی دووبارەکردەوە لە ئیستانبوڵ و چووە هاوپەیمانییەکی ژێربەژێرەوە لەگەڵ جەهەپە، ئەوە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دۆڕانی ئەکەپە و ئەردۆغانە لە ئیستانبوڵ، روونە ئەو هەڵەیە هەروا تێپەڕنابێت و سێ کاریگەریی خراپی بۆ سەر دەم پارتی و کورد دەبێت.
یەکەم: ئەو یارییەی نێوان جەهەپە و دەم پارتی زوو تێکدەدرێت، پێشتریش تێکچوو، لەبۆنەی جیاوازدا باسم لێوەکردووە نزیکبوونەوەی جەهەپە و دەم پارتی بە کاریگەریی چەپەکانی ناو هەردوولایانە، زاڵبوونی ئەو چەپبوونە دەنگی زۆری شەقامی ئایینی کوردیشی لە دەم پارتی کردووە.
دووەم: مەترسییەکانی دانانی قەیووم زیاتربوون، زۆر نابات سەرۆک شارەوانییەکانی دەم پارتی لادەبرێن و قەیوم دەخرێتە جێگەیان.
سێیەم: هیچ هیوایەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەوڵەکانی چارەسەرکردنی دۆزی کورد نامێنێت و سەردەمێکی توندوتیژ دەستپێدەکات.
دەم پارتی بە نزیکبوونەوەی زیاتری لە جەهەپە، هەم خۆی بە دۆڕان دا و هەمیش ئەردۆغانی لە خۆی تووڕەتر کرد، بۆ کورد ئەم هەڵبژاردنە شووم بوو.