خەڵەف غەفور
دۆسێی هەرە گرنگ لە کۆبوونەوەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، پرسی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتی دووەمە لە یەکەمیان، پلان و بژاردەی جێگرەوەی نەکشانەوە، گۆڕینی ئەرکی هێزە چەکدارەکانە بەشێوەیەک دڵمەندی شیعەکان بێت زیاتر.
سودانی زۆر پێویستی بەو سەرکەوتنە دیپلۆماسییەیە، بەتایبەتی ئیتر عیراق بەرەو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی دەچێت و ویستی سودانییش ئەوەیە دەستەبەری مانەوەی لە پۆستەکەیدا بۆ حکومەتی داهاتوو بکات.
بانگەشەی ئەوەی سوپای عیراق، توانای پاراستنی خاک و خەڵکی عیراقی هەیە، بڕواپێکەر نییە
چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە بەشی زۆریان سوورن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، هێشتا توانای بڕیاردانێکی یەکلاییکەرەوەیان نییە کە ئەمریکا ناچار بە کشانەوە بکات، بەو پێیەی سەرکەوتوو نەبوون لەوەی ئەو داوایە رەهەندێکی نیشتمانی بدرێتێ، بەڵکو زیاتر بە ویستی هێزەکانی نزیک لە ئێران دەچوێنرێ.
ئارگۆمێنتەکە ئەوەیە کورد و سوننەکان لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا نین، بەڵکو لەگەڵ مانەوەیانن.
جەنەراڵ پات رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، پێش کۆبوونەوەی سودانی و بایدن رایگەیاندووە هێشتا مەترسیی داعش ماوە و دەیانەوێت دڵنیابن لە دووبارە سەرهەڵنەدانەوەی بەشێوەیەکی مەترسیدار، رەنگە ئەوە پەیامێکی روون بێت بۆ ئەوەی بگاتە سودانی و زۆر سوور نەبێت لەسەر کشانەوەی هێزەکانیان و رێگەچارەی دیکەی بۆ بدۆزنەوە.
ئەگەر گۆڕینی ئەرک وەکو بژاردە وەربگیرێت، ئەوا گفتوگۆی گەرمتری بەدوادا دێت لەسەر ئاستی شەقامی شیعی و عیراقی، ئەوە ناکاتە کۆتایی گوشارەکان بۆ کشانەوە، ناگاتە ئەوەش سودانی بە شکستخواردوو بناسرێت، چونکە دیپلۆماسیی لەنگ هەر ئەوەندەی لە توانادا هەیە.
گرفتی گەورە لە شێوازی سیاسەتکردنی هێزە فەرمانڕەواکانی عیراقدا، نەبوونی پڕۆسەی بڕیارسازی و سەربەخۆییانە لە کارکردندا، ئەوە دەرفەتی رەخساندووە بۆ بەهەند وەرنەگرتنی زۆر لە مەترسییەکان و نەبوونی ستراتیژیی سیاسی و ئەمنی و ئابووریش، مکوڕبوونیان لەسەر کشانەوەی بە گوشاری هێزەکانی ئەمریکا، لەبەرچاونەگرتنی گەورەتربوونی ئەو مەترسیانەیە کەوا کێشە سیاسی و ئەمنییەکان زیاتر دەبێت و بارودۆخی ئابووریش تووشی داکشانی زیاتر دەبێت. بانگەشەی ئەوەی سوپای عیراق، توانای پاراستنی خاک و خەڵکی عیراقی هەیە، بڕواپێکەر نییە، بەو پێیەی عیراق نە هێزێکی تۆکمەی هەیە، نە توانای سەربازیی پێشکەوتووە، نە خاوەن پیشەسازیی جەنگیی تایبەت بەخۆیەتی کە ئەوانە لە سیما هەرە دیارەکانی توانای سەربازیی بەهێزن.
لەگەڵ ئەوەشدا هێزی فرەجۆری لاگیری حزبی، مەزهەبی و کەسی هەن، کە لە دەرەوەی سیستمی بەرگریی عیراقی رەسمین و جووڵەپێکردنیان لە دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندا نییە.
ئەگەر عیراق و ئەمریکا رێبکەون لەسەر گۆڕینی ئەرکی سەربازیی، ئەوە جۆرێکە لە سەرکەوتن، ئەگەرچی دڵمەندی هیچ لایەکیان نییە، بەڵام بۆ قۆناغی ئێستا دەرەنجامێکی باشە.