هیوایەک لە جەنگیز چاندارەوە

09:46 - 2024-03-19
خەڵەف غەفور
316 خوێندراوەتەوە

رۆژی 16ی ئازاری 2024 کۆنفرانسی (ئاشتی و چارەسەریی بۆ پرسی کورد) لە ئامەد دەستی بەکارەکانی کرد، ئەو کۆنفرانسە بەدوای گەڵاڵەکردنی پڕۆژەیەکەوەیە بۆ پرسی کورد، بەتایبەتی لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە رۆژی 31ی ئازار 2024 بەڕێوەدەچێت، راستییەکەی جۆریکیشە لە سەرەتایەکی گرنگ بۆ قۆناغی سیاسیی دوورمەوداتر کە دەکرێت رووداوی گرنگی تیادا رووبدات.
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی- دەم پارتی لە بازنەی ئامەد یەکێک لە بەشداربووە کاریگەرەکانی کۆنفرانسەکەیە، خۆی هەر بەربژێرکردن و سەرخستنی چاندار بۆ پەرلەمانی تورکیا، یەکێک لە کارە هەرە باشەکانی دەم پارتییە، بەوپێیەی چاندار دۆستی دێرینی سەرۆک مام جەلال بوو کە بە وردی کاری بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەکرد، هاوشانی ئیسماعیل بێشکچی و کۆمەڵێک نووسەری دیکەی تورک کە بڕوای تەواویان بە کورد و پرسەکەی هەبوو. هەوڵەکانی چاندار بۆ باسکردن لە گرنگیی چارەسەری کێشەی کورد زۆرن، ئەو وەکو رۆژنامەوانێکی خاوەن ئەزموون، لە زۆر رێگەوە هەوڵەکانی خستبووەگەڕ بەتایبەتی کە تا کۆچی دوایی تورگۆت ئۆزال، سەرۆک کۆماری تورکیا راوێژکاری بوو، ئەو سەروەختەش رەوانشاد مام جەلال لە رێگەی قسەکردنییەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و تورگۆت ئۆزالەوە کە چانداریش ئاگاداری ئەو هەوڵانە بوو، کاری وردی بۆ چارەسەری دۆزی کورد کرد، یەکەم ئاگربەستی چەکداریش هەر ئەوکاتە بوو، بەڵام ئەو هەوڵانە لەباربران.
جەنگیز چاندار دەڵێت «ئەردۆغان سەیری ئەنجامەکان دەکات، چونکە هێشتا چوار ساڵی ماوە لە دەسەڵاتدا». 
لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کەوا دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کارنامەی یەکەمی حکومەت دەستوور دەبێت و دەستوورێکی نوێ پێشنیاز دەکەن. 
پێویستە مافی کورد و پرسی زمانی دایک بخرێنە نێو ئەو دەستوورەوە. لەو کاتەدا پێویستە بۆچوونی دەم پارتی و بزووتنەوەی کورد وەربگیرێت. هەموو ئەمانە ئەگەری زیندووکردنەوەی پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد دەهێننە ئاراوە، هەر بۆیە لەم کاتەدا داوای چارەسەر دەکرێت». 
ئەزموونی چاندار و ئەو جۆرە لە گەشبینی دەبنە سەرەتای هیوایەک بۆ ئەگەری زیندووکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی، راستە ئەردۆغان لە میتینگێکی پارتەکەیدا وتی: "ئەوە دوا هەڵبژاردنی ئەوە"، بەڵام بە روونی ویستی ئەوەشی هەیە دوای 2028 یش لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. 
رێگەی مانەوەی قورس نییە و بە دوو رێگە دەتوانێت ئەو کارە بکات، نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ، لەوەدا دەم پارتی دەتوانێت رۆڵی گرنگی هەبێت، دووەم پەنا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ببات و دەشتوانێت بە ئاسانی ئەوە بکات.  
یەکێک لە کارە هەرە باشەکانی دەم پارتی ئەوەبوو نەچووە ناو هاوپەیمانیی لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە، ئەگەر کاری وای کردبا، هێڵی سووری ئەردۆغانی دەبەزاند، ئەوەش هیچ هیوایەکی (با لاوازیش بێت)، بۆ ئەگەری چارەسەری دۆزی کوردی نەدەهێشتەوە.  
یەکێک لە هەڵەکانی دەم پارتی (هەدەپەی پێشوو) کردی ئەوەبوو دژی ئەردۆغان وەستایەوە لە گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی، قسەکانی چاندار لەبارەی نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بە مەرجی جێکردنەوەی بەشی کەمی داخوازییەکانی کورد تیایدا، دەرفەت دەدەنەوە دەم پارتی لەگەڵ ئەردۆغاندا رێبکەوێ، سەرکەوتنی دەم پارتی و ئەردۆغان دەرگا بە رووی ئەو دەرفەتەدا دەکەنەوە.

وتارەکانی نوسەر