پێنجەمین کۆنگرە، خۆسازدان و خۆڕێکخستنەوە

10:16 - 2023-09-26
کارمەند لەتیف
366 خوێندراوەتەوە

ئەم مانگە یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان پێنجەمین کۆنگرەی خۆی دەبەستێت، گەرچی چوارەم كۆنگرە چوار ساڵی بەسەردا تێنەپەڕیوە، بەڵام ئەم كۆنگرەیە بە سەرجەم لایەنە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکانییەوە، چارەنووسی ئەم حزبە دیارییدەكات كە بەرەو یۆبیلی زێڕین لە خەبات و تێکۆشانی خۆی هەنگاو دەنێت.
بڕیاردان لەبەستنی کۆنگرە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرنگ و پێویست بوو تا پێش دوو هەڵبژاردنی چارەنوسساز لەهەرێم و لە کەرکوک، ئەو بابەتانەی پێویستتیان بە چاککردن هەبوو، راست بکرێنەوە و بخرێنەوە سەر سکەی ئاسایی خۆی ئەوساش ئەم فارگۆنە بەهێزەی شەمەندۆفێری کوردایەتی بە توندو تۆڵی بڕوات و خێراتر بگاتە کەناری ئارام.
ئێستا ی،ن،ک لەهەموو کات زیاتر پێویستی بەئامادەیی تەواو هەیە تا لەسەر ئەرزی واقع خۆی نەشتەرگەریی گرفتەکانی خۆی بکات بۆ ئەوەی بەتین و تاوەوە بەجۆش و خرۆشەوە بچێتە ناو هەڵبژاردنەکان و سەرکەوتوانە و براوەش لێیان بێتە دەر.
لەم قۆناغەدا گرنگترین شت کەپێویستە تەرکیزی بخرێتە سەر، بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی نەتەوەی کورد و بەدەستهێنانەوەی مافەکانیەتی بەتایبەتی لەکەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان، ئەمەش بەیەکخستنەوەی ناوماڵی خۆی و رێکخستنەوەی کاروبار و راستکردنەوەی جەستەی خۆی دەبێت، بۆیە ئێستا بەستنی کۆنگرە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی لەهەموو کات زیاتر پێویستەو زەروریەتێکی ئانییە، بەکوردی و بە کورتی دەبێت پێش هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و پەرلەمانی کورستان، چەند مەسەلەیەک کۆتاییان بێت و چەند شتێکی تر بێنە جێگایان و کەموکوڕییەکان رێک بخرێنەوەو بچنەوە سەر شاڕێی دیسپلینی حزبی.
کۆنگرە پرۆسەی پەڕینەوەیە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر، راستکردنەوەی رێڕەوەی کاری سیاسییە، توند و توڵکردنەوەی پەیوەندییە لەنێوان هەموو ئۆرگان و ڕێکخراوەکان و کادرانی یەکێتیدا، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێویستییەتی دۆزینەوەی چارەسەر و بڕیاردانە لەسەر گرفتەکان، ئەم تەوەرەش لەناو کۆنگرەدا ئاسانتر چارەسەر دەکرێ و کۆنگرە دەتوانێت ئاماژە بۆ کەم و کورتییەکان بکات.
لەم کۆنگرەیەدا دەبێت بەرژەوەندیی یەکێتی و سەرخستنی لەپێش هەموو بەرژەوەندییەکانی ترەوە دابنرێت، بەکردەوەش مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێوست و گرنگە ی،ن،ک لە خۆیەوە دەست پێبکات ڕێز لەبڕیارەکانی کۆنگرە بگیرێ و هەنگاوێکی گەورە بۆ قۆناغی داهاتوو بنێت و ئەو ئومێدەش هیوای هەموو یەکێتیەکان و کادرە ماندونەناس و دڵسۆزەکانێتی.

وتارەکانی نوسەر