گرنگیی بەدەستهێنانەوەی كەركوك بە هەڵبژاردن

10:17 - 2023-11-12
کارمەند لەتیف
334 خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكەی كوردستان كە بڕیارە لە مانگی 12ی 2023 بەڕێوەبچێت، دەرفەتێكی زێڕینە بۆ كورد تا لەو پارێزگایە بگاتەوە لووتكەی دەسەڵات كە لە ساڵی 2017دا بەشێكی زۆری ئەو دەسەڵاتانەی لەدەستدا.
دەنگدان و چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان لە مانگی كانوونی یەكەمدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ كێشانی نەخشەی سیاسی و ئیداریی نوێ و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی كە لەو ساڵەوە دروستبووە، بە پێچەوانەشەوە لە دەستدانی زیاتری دەسەڵات و هەژموونی كورد لەم هەڵبژاردنەدا ناسەقامگیریی ئیداری و گرژییەكانی سنووری ئەو پارێزگا ستراتیژییە زیاتر دەكات.
 كارەكتەرە سیاسییە ئیقلیمییەكان هەریەكەیان بە جۆرێك هەوڵدەدەن لە رێگەی دۆستەكانی خۆیانەوە پێگەی لایەنە دڵخوازەكانیان لە كەركوك بەهێزتر بكەن، بۆ ئەوەش پێویستیان بە ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخی ئەو پارێزگایەیە تا زۆرترین دەستكەوت كۆبكەنەوە، بۆیە بەدەستهێنانەوەی ژمارەی پێویستی دەنگ و كورسی لە پارێزگای كەركوك لەلایەن كوردەوە بەگشتی و كاندیدەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەتایبەتی، گرنگییەكی زۆری هەیە و دەبێت بۆ كورد و یەكێتی ئەولەویەت بێت و هەوڵ بدرێت ئەو ژمارە كورسییە بەدەستبهێنێتەوە كە پێش ساڵی 2017 هەیبوو، دیارە ئەو هەنگاوە گرنگەش تەنها بە چوونەوە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگدان بە كاندیدانی كورد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەدەستدێتەوە.
بەداخەوە وتاری سیاسیی ئێستای لایەنە كوردستانییەكان لە عیراقدا جۆرێك لە پەرتبوونی پێوە دیارە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لەسەرەتاوە پەرۆشی یەكڕیزیی بووە و هەوڵی داوە كورد بەیەك لیست بەشداری لەو پڕۆسەیەدا بكات، بەڵام لایەنەكانی تر بە دەنگ ئەو خەمخۆرییەی یەكێتییەوە نەهاتن، لەئەنجامدا لەگەڵ حزبی شیوعیی كوردستان چووە ناو هاوپەیمانێتییەكەوە و پێكەوە كێبڕكێی لایەنەكان دەكەن، ئەو هەنگاوەش باڵانسی دەنگەكانی كورد لە شارەكە زیاتر دەكات، لەبەرامبەردا لایەنە كوردستانییەكان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكەدا لە ساڵی 2005 بەیەك لیست بەشدارییان كرد و لەكۆی 41 كورسیی ئەوكات، 26 كورسیی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیان بەدەستهێنا و بوونە هێزی یەكەمی پارێزگاكە و زۆربەی جومگە هەستیارەكانی پارێزگای كەركوكیان بە پۆستی پارێزگاریشەوە وەرگرت. 
دۆخی كەركوك وەك شاری فرەنەتەوە و پێكەوەژیان لەدوای ریفراندۆم گۆڕانكاریی بەرچاوی بەسەردا هات، كۆنترۆڵی كارگێڕی و سەربازی و ئەمنی گواسترایەوە بۆ حكومەتی فیدراڵی، دەسەڵاتی بەڕێوەبردن لە دەستی كورددا نەما كە زۆرینەی پارێزگاكە پێكدەهێنێت و لەڕووی مێژووییەوە شارێكی كوردستانییە، هێزی پێشمەرگە كە شارەكەی لە هێرشی داعش پاراست، كشاونەتەوە بۆ دەرەوەی كەركوك.
هەروها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك حزب و كاری رێكخراوەیی لە شارەكە مایەوە و خەڵكەكەی بەجێنەهێشت و لەگەڵ هێوربوونەوەی دۆخەكەشدا پاش ماوەیەك بەشێكی دیكە لە حزبەكانیش گەڕانەوە بۆ شارەكە و چالاكییە حزبییەكانیان دەستپێكردەوە، بەڵام بەداخەوە وەك ئاماژەمان پێدا ئەو رووداوانە ململانێی نێوان لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانی قووڵتر كردەوە، ئەوەش دەرفەتێكی بۆ هەندێك بەرپرسی شۆڤێنیست و رەگەزپەرست رەخساند كە لە دەرەوەی سیاسەتی رەسمیی دەوڵەتی فیدراڵ، بەگوێرەی بەرپرسیارێتی خۆیان هاووڵاتیانی كوردی كەركوكیان خستەوە ژێر گوشاری جۆراوجۆرەوە و لە شوێنی دوورخستنەوەی هەر كارەكتەرێكی كورد لە پۆستە ئیدارییەكان، عەرەبێكیان بەوەكالەت لە شوێنەكەی بەسەر خەڵكدا سەپاند. ناكۆكییەكانی ناو ریزی لایەنە كوردستانییەكانیش ئەنجومەنی پارێزگاكەی بەتەواوەتی پەكخست.
هەنووكە ئەم هەڵبژاردنەی مانگی داهاتوو فاكتەرێكی گرنگی بەهێزبوونەوەی كورد دەبێت تا بتوانن مافەكانی خۆیان بەدەستبهێننەوە لە رێگەی سندوقەكانی هەڵبژاردنەوە.
لەدوای ئەو رووداوانەوە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ سیاسەتی تەعریبـی تێدا زەقكراوەتەوە بەتایبەتی بە هاوكاریی پارێزگاری بەوەكالەتی پارێزگاكە كە زۆرجار لە رێگەی هەندێك هێزی ئەمنیی نزیك لەخۆیەوە دەست بەسەر زەویی جووتیارانی كورددا دەگرن لە گوندەكانی دەوروبەری شارەكە و بە شێوازی جیاجیا و پاساوی جۆراوجۆر تەنگەتاویان دەكەن تا سیاسەتی تەعریب لە رێگەی ئەو پاساوانەوە ببوژێننەوە.
ئەوەی ئێستا گرنگ و پێویستە، ئەوەیە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان، بە بەرنامە و كاری لێبڕاوانە هاووڵاتیانی شارەكە جۆش بدەنەوە تا جووتیاران، فەرمانبەران، مامۆستایان و كاسبكاران، گەنجان و لاوانی پێگەیشتوو بە گوڕوتینەوە و بەگیانی كوردایەتییەوە بچنەوە سەر سندوقەكان و دەنگ بدەن بە كاندیدە كوردەكان لەناویشیاندا كاندیدەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

خەڵکی کەرکوک چاوەڕوانی فەراهەمکردنی زیاتری خۆشگوزەرانییەکانن

وتارەکانی نوسەر