زۆرن ئەوانەی بەم پاشگر و پێشگرەی یەکێتی بە (مێژوو)ەکەی قەڵس و دڕدۆنگن، چونکە مێژوو بە خودی خۆیان و حزبەکەیان قەڵس و دڕدۆنگە، ئەوانە مێژوو دروستی نەکردوون و کون و قوژبنەکانی مێژوویان قۆستۆتەوە بۆ خۆسەپاندن.
باسکردن دەربارەی مێژووی هێزێکی سیاسی وەکو یەکێتی ئاوڕدانەوە نییە لە رووداوێک یان مێژوویەكی دیاریكراو، بەڵکو گوزەرە بەنێو سەرەوەریەکانی میللەتێکدا کە خۆی دەدات لە نیو سەدە خەباتی بێوچانی حزبێکی سەرتاسەریی کوردستانیی نیشتمانی کە پڕیەتی لە داستانی مەردایەتی و سەرکەوتنی سیاسی و وەرچەرخان و هەڵوێستی نەتەوایەتی.
ئەگەر سەرنج بدەین روئیای ئەم حزبە وەکو رێبەرێکی شۆڕشی نوێ و هەڵگیرسێنەری ڕاپەڕین و فەزای حوکمڕانی وەک هێزێکی کارامە و هەڵکەوتووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەو نەخشە رێگەیەی لەخەباتی سیاسیی خۆیدا دایڕشتبوو، وایکرد بیری کۆن و کلاسیکی جێبهێڵێ و قۆناغێکی جیاواز و نوێی کاری حزبایەتی لە کوردستان و ناوچەکەدا بە گۆڕینی فەلسەفەی خەباتی خۆی بێنێتە کایەوە و درێژەی پێ بدات.
كاتێکیش باسی مێژوو دەكەین لە ناو هەموو حزبەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا بە روونی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ بەتەنها یەکێتییە نە لەسەركەوتندا تووشی لووت بەرزی هاتووە و نە لە قۆناغە سەختەكانی خەباتیشدا تووشی شکستی گەورە و نائومێد بوون بووە بەپێچەوانەوە بەرەو ئامانجە گەورەکە هەنگاوی ناوە كە لەگەڵ پێویستیی قۆناغەکانی خەبات و داخوازی و ئاوات و ئامانجەكانی گەلەكەماندا گونجاوە و لەبەرپرسیارێتیش خۆی نەدزیوەتەوە، هەموو دەم هێزێکی باوەڕپێکروا و جێگای متمانەی گەل بووە، ئەوەش وایکردووە هیچ کەس و هێز و پارتێك نەتوانێ متمانەی خەڵکی كوردستان بە یەکێتی لەق بكات و گەورەیی و سەروەرییەکانی لێ بسێنێتەوە.