کۆنگرە دنیابینییەکی نوێی کار و خەباتی حزبایەتیی دیاریی دەکات

10:16 - 2023-09-26
رێبین عومه‌ر‌
173 خوێندراوەتەوە

 پێنجەمین کۆنگرەی (ی.ن.ک)، رەوتی سیاسی ئەو حزبە بەرەو قۆناغێکی گرنگ و چارەنوسساز دەبات، لە دوای پرۆسەی راستکردنەوەی رێرەو و تێپەڕبوونی تەنگژە ناوخۆییەکان و دیداری یەکێتیی کە تێیدا بەڕەهایی فۆڕمی کارو خەباتی حزبایەتیی تێداگۆڕدرا و جەماوەر و لایەنگر و گشت یەکێتییەکان بوون بە چەقی کار و خەبات و دروستکەری بڕیاری سیاسی یەکێتیی و رۆڵیان بە کردەیی لە دوبارە کێشانەوەی نەخشەی یەکێتییدا هەبوو،  دیداری یەکێتیی چالاکییەکی جۆری پەسەندکراو بوو کە سوڕی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەهێزترکرد، دوای ئەوەش سازدانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی گەڕی دوەمی ئەو گۆرانکارییەیە کە لە راستکردنەوەی رێڕەوی دیداری یەکێتییدا بە دیقەتەوە بەڕێوەچوو و یەکێتیی لە حزبێکی بێ سەرەوە کرد بە حزبێکی خاوەن سەرو جەستەیەکی بەهێز. 
ئەم کۆنگرەیە چارەنووس و کارو رێبازی حزبی بەگشتی دیار دەکات، کۆنگرە شەرعییەتی سەرۆکایەتی دەباتە ئاستێکی هەرەژوورتر کە سەرۆک دەکاتە نمایندەی هەموو یەکێتییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا سەرکردایەتی حزب بەکردەیی خاوەن رۆڵ دەبن و قۆناغی زۆری و بۆری تێپەڕدەکەن و زیاتر کاریگەردەبن لەسەر دروستکردنی بڕیاری سیاسی و ئاڕاستەکردن و بەهێزکردنی سووڕی ژیانی حزبایەتی بەشێوەیەکی تەندروست. 
کۆنگرە وەک رووداوێکی سیاسی، چەند بۆ لایەنگرانی یەکێتیی جێگەی گرنگییە، زیاتر لەوە بۆ غەیرە یەکێتییەکان پڕبایەخە و جێگەی دروستکردنی هیوایە، کۆنگرە بۆ یەکێتیی فرە رەهەندە، زۆرتر پەیوەستە بە ژینگەی گشتیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی و دیاریکردنی چارەنووسی ناوچەکە و کەشی ئازادی و سەربەستی و خزمەتگوزاری لەگشت رووەکانەوە، بەجۆرێک کاریگەریی لەسەر فکر و هەڵوێستی سیاسی و ئەدای حکومڕانییەوە هەیە، بەگشتی کۆنگرە جێگەی بێهیوایی پڕدەکاتەوە و دووبارە رەوتی خەبات دیاریی دەکات تا گەیشتن بە ئامانج.

وتارەکانی نوسەر