بوێریی بڕیاردان لە بەستنی پێنجەمین کۆنگرەدا

10:19 - 2023-09-27
نەوزادی موهەندیس
289 خوێندراوەتەوە

نەوزادی موهەندیس

بەستنی كۆنگرەی گشتی بۆ هەر حزبێكی سیاسی گرنگیی گەورەی هەیە لە روانگەی نوێبوونەوە و بەخۆداچوونەوە و رێكخستنەوەی كارەكان و هێنانە پێشەوەی توانا و وزە نوێكان و هەستانەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییە نوێكانی سەردەم. 
بەستنی كۆنگرە گەلێك گرنگ و هەستیارن، بەتایبەتیش لەم قۆناغە پڕ مەترسی و ئاڵوگۆڕییە خێرایانەی هەرێم و ناوچەكە و عیراقی پیادا تێپەڕدەبێت.
لەلایەكی تریشەوە مەترسی و هەستیاریشی هەیە كە زۆرجاران بۆتە مایەی دابەشبوونی حزب و لێكترازانی ریزەكانی و بچووكبونەوە و لاوازبوونی.
بڕیاری بەستنی كۆنگرە ئاسایی نییە لەم كات و ساتەدا كە لەلایەك یەكێتی لەو دۆخەی ناوخۆییەی كە پیاتێدەپەڕێت و لەلایەك تەواوی هەرێمی كوردستانیش  كە بەدۆخێكی شڵەژاو و ناجێگیری سیاسی و ئابووری و ئەمنیدا گوزەر دەكات و لەلای سێهەمیشەوە عیراقێكی لەرزۆك و لاواز و پڕ ململانێی‌ ناوخۆیی و ناوچەیی لە گێژاودایە، بڕیارێكی نا ئاساییە و دەكرێت بخرێتە چوارچێوەی بوێری و ئازایەتی و دەستپێشخەری سیاسییەوە، چونكە كۆنگرە پێویستی بە كەشوهەوای ئارامی ناوخۆی حزب و دواتریش كەشوهەوای ئارامی گشتی وڵاتەوە هەیە. 
یەكێتی هەموو كات مەحاڵی كردۆتە حاڵ و بڕیارە سەختەكانی لەكات و ساتی زۆر هەستیاردا داوە و سەرکەوتووش بووە.
كەم حزب هەیە لە كاتێکی شڵەژاوی ئاوهادا بڕیاری بەستنی كۆنگرە بدات و  بیكاتە نەریتێكی نوێ‌ و بوێرانەی سیاسی و هەموو تەوق و كۆسپ و تەگەرە و مەترسییەكان بخاتە لاوە.


كەم حزب هەیە
لە دۆخێکی نائارامی ئاوهادا بڕیاری بەستنی كۆنگرە
بدات و  بیكاتە نەریتێكی نوێێ بوێرانەی سیاسی و هەموو  كۆسپ و
تەگەرە و مەترسییەكان بخاتە لاوە

 

لە كوردستاندا چەندین حزبی سیاسی و رێكخراوی پیشەیی و جەماوەری و دیموكراسی هەن لە ترسی لاوازبوون و دووكەرت بوون و لەدەستدانی پۆست و پلە و ئیمتیازاتەكانیان بوێری ئەوەیان نییە كۆنگرەكانی خۆیان ببەستن.
بڕیاری بەستنی گۆنگرە، بە هێندەی گرنگی جاڕدان و سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێ‌ گرنگە بۆ یەكگرتوویی ناو یەكێتی  و ئاشتكردنەوەی جەماوەرەكەی و بەهێزكردنەوەی متمانە پێی.
گرنگە سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و لیژنەی باڵای ئامادەكاری بۆ كۆنگرە پشوو درێژانە و سنگ فراوانانە هەموو رەخنە و پێشنیازەكان ببیستن و كاریشیان لەسەربكەن.
رێگریی بکرێت لە مەحسوبیەت و مەنسوبیەت كە هەموو ئەو دیاردە قێزەونانە زیانی گەورەیان بە بەرنامە و پەیڕەو و جەستەی یەكێتی گەیاندووە لە رابووردوو و ئێستاشدا.
ئەم كۆنگرەیە نەیارانی یەكێتی تووشی شۆك و سەرگێژی كردوە، چونكە ناتوانن هیچ پیلانێكی نەیارانە دژی بەستنی كۆنگرەكە دابڕێژن.
خۆڕاگریی سەرۆك و سەركردایەتی و رێكخستن و جەماوەرەكەی یەكێتی خەونی زڕی هەموانی لە گۆڕنا و كارگەیشتە ئەوەی كە یەكێتی بە یەكێتی و یەكگرتوویی بمێنێتەوە و بەهێزیش بێت لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق.
ئێستا كەشوهەوایەكی چەند بارگاوی هەیە لەناوخۆ و لە چواردەوری یەكێتی، بەڵام هەستیش بەو هەست و پەرۆشی و خەمخۆریەش دەكەم لەناو ریزەكانی یەكێتی و دەرەوەشیدا بۆ مانەوەی یەكێتی وەك حزبێكی سیاسی گەورە و كاریگەر و بەهێز، سەرەڕای هەموو رەخنەكان لێی، لەپای هەوڵ و دڵسۆزی و پەرۆشییەكانی بۆ پاراستنی یەكڕیزیی گەلەكەمان و پاراستنی سەروەریی و مانەوەی قەوارەی هەرێم بەیەك و یەكگرتوویی كە زۆر جاران نەرمی زۆریشی نواندووە لەو پێناوەدا.

وتارەکانی نوسەر