جەمال ئارێز
وەک زانیارییەکان لەبارەی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە ئاشکرایان کردووە، ئەمجارەش پەیڕە و پڕۆگرامی نوێ لەناو کۆنگرەدا گەنگەشە دەکرێت و پەسەند دەکرێت، بۆیە بێگومان رەشنووسێک لەلایەن شارەزایانی کۆمسیۆنی ئامادەکاریی کۆنگرەدا ئامادەکراوە و لەناو کۆنگرەدا دەبێتە نەخشەڕێگە و بڕگە و مادەی بۆ کەم و زیاد دەکرێت تا پەسەند دەکرێت.
ئەوەی بۆ ئێمەی ئەندامانی دەرەوەی کۆنگرەی حزبەکەمان گرنگە، یەکلایی کردنەوەی کاندیدە بۆ پۆستە حزبی و حکومییەکان و کۆمسیۆنەکان و ئەرکی کۆنگرەیە لایەنەکانی ژیانی سیاسی و حزبی و کارگێڕی لە کۆنگرەوە یەکلایی بکاتەوە، وەک بڕیار و رێنمایی لە دەرەوەی پەیڕە و پڕۆگرام، تا دەستکاریکردن و هەموارکردنی هەر هەڵە و پەڵەیەک بە شەشەمین کۆنگرە نەسپێردرێت و لابردن و گۆڕینی خاوەن پۆستەکان لە نێوان دوو کۆنگرەدا نەبێتە گرێکوێرە و یەکێتی بەگشتی باجەکەی بدات.
لایەنی حزبی و سیاسی
بەگوێرەی دروشمی پێنجەمین کۆنگرە (نوێگەریی لە کاردا... کۆدەنگی لە بڕیاردا) بێت، دەبێت یەکێتی شێوازی نەریتی و سوننەتی کاری حزبایەتی بگۆڕێت، دیارە ئەو گۆڕان و نوێگەرییەش پێویستی بە جۆرە کەسێکە کە دیدگایەکی روونی هەبێت بۆ گونجاندنی سیاسەتی گشتیی یەکێتی لەگەڵ دۆخی هەنووکەیی و پێشکەوتنە کۆمەڵایەتی و تەکنۆلۆژییەکاندا، بۆیە ئەرکی کۆنگرەیە چەند خاڵ و مەرجێک دابنێت بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدی شایستە بۆ ئۆرگانە حزبییەکان جا ئەو ئۆرگانانە لەسەر چ نەزم و شێوازێک دادەڕێژرێنەوە، ئەوە کۆنگرە بڕیاریان لەسەر دەدات.
یەکێتی نوێ دەتوانێت بیری حزبایەتی خۆی بە توانای کەسانی شارەزا لە بواری زانست و ستراتیژی سیاسی و کۆمەڵناسی موتوربە بکات، دیارە مەرجی سەرەکی یەکێتیبوونیانە، بەڵام یەکێتی بوون بە مانا فیکرییەکەی نەک ئینتیمابوون تەنها لەسەر بنەمای سۆز و بەرژەوەندیی مادی.
مێژووی رابردووی کاری ئۆرگانەکان زۆر کەلێنی دروستکردووە کە بینیومانە لەبەر راگرتنی دڵی کەسێکی سەرەڕۆ و بێ دیسپلین و خزم و دەوروبەرەکەی کە گەرەنتیش نەبووە ئەو حاشیەیەی دەنگدەری یەکێتی بوون یان نا، بە سەدان دەنگدەری دڵسۆز و چالاکیان لە دەنگدان بە یەکێتی ساردکردۆتەوە، ئەوە ئەگەر دەنگیشیان بە رکابەرەکانی نەدابێت!
واباشترە ئەو کەسانەی دەستنیشان دەکرێن بۆ بەرپرسیارێتی و کادری باڵای ئۆرگانەکان، شارەزابن لە خوێندنەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانەی کە بۆی دادەنرێن، بەجۆرێک بتوانن نەک هەر خەڵکە زویربووەکەی یەکێتی ئاشتبکەنەوە، بەڵکو بتوانن لە ئەنجامی بەدەنگەوەچوونی کێشەکانی خەڵک و پراکتیزەکردنی سیاسەتی رەسمیی یەکێتییەوە خەڵکانی ناو چوارچێوەی خانەی خۆڵەمێشیش بەرەو یەکێتی بهێنن.
لایەنی ئیداری
مێژووی رابردووی یەکێتی لە کایەی ئیداریدا خاڵی گەش و رەشیشی تێدایە، کە زۆرجار خاڵە گەشەکان بایی ئەوەبوون لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەنگی هاووڵاتی غەیرە یەکێتیشی پێ خڕبکرێتەوە، بەڵام خاڵە رەشەکان بوونەتە مایەی زویرکردن و تەرەکردنی زۆرێک لە دەنگدەرە کۆنکرێتییەکانیش، ئەو خاڵە رەشانەش هەندێکیان پەیوەستن بە دۆخی رابردووی ناو هەناوی حزبیی یەکێتییەوە و بەشێکیشیان پەیوەستن بە لاوازیی خودی کەسایەتیی نوێنەرەکانی یەکێتییەوە لەناو ئیدارە و تێوەگلانیان لە گەندەڵیی ئیداریی و دارایی و هەندێکیشیان پەیوەست بوون بە دابەزینی ئاستی کورسی و قورسایی خودی یەکێتییەوە لە پەرلەماندا، کە زۆربەی جار لایەنە رکابەرەکان ئەوەیان قۆستۆتەوە و کورسییەکانی یەکێتییان لە دامەزارە حکومییەکاندا وەک و خێر و سەدەقە بەچاوماندا داوەتەوە.
ئەگەرچی وادەی تۆمارکردنی کاندید بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق بەسەرچوو و کۆنگرە فریای دانانی مەرج و سەوابیتی نوێ ناکەوێت بۆ ئەو هەڵبژاردنە، بەڵام کۆنگرە دەتوانێت بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە خولی داهاتوودا لەم کۆنگرەیەوە مەرج و سەوابیتی کاندید دابنێت و بەو پێوەرانە کەسایەتییەکان کاندید بکات بۆ هەر هەڵبژاردنێک لە داهاتوودا و بۆ ئەوەش دەکرێت سەنتەر و پەیمانگەی تایبەت بە مەشق و راهێنانی کەسانی تایبەت بە بواری پەرلەمانتاری، وەزیری بکرێتەوە و سەرکەوتووەکانی ئەو خول و مەشقانە لەڕووی ئەکادیمی و پڕاکتیکییەوە بخرێنە ناو لیستی کاندیدانەوە و لەوانیش ئەگەر یەکێتی (30) پەرلەمانتار یان (5) وەزارەتی بەربکەوێت (60) کاندید بۆ پەرلەمان و (10) کاندیدی بۆ وەزارەت هەبێت و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بە پێی (کۆدەنگی لە بڕیاردا) بڕیار لە باشترینەکانیان بدەن لەڕووی (حزبیبوون، توانست، نەزاهەت)ەوە.
لایەنی دیپلۆماسی
ئەمڕۆ کایەی دیپلۆماسی لە جیهاندا رۆڵێکی گەورە دەگێڕێت، بۆیە ئەگەر قەولە یەکێتی نوێ بکەینەوە، ئەرکی کۆنگرەیە بڕیار لەسەر کردنەوە و دامەزراندنی چەند پەیمانگە و سەنتەرێکی راهێنان و پێگەیاندن بۆ کادرە باڵاکانی دەرچووی زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بدات تا لەسەر دەستی ئەو دیپلۆماتکارانەی پێشووی خۆی و کەسانی بیانیش رابهێنرێن، تا بتوانێت لەو پشکانەی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان یان وەزارەتی دەرەوەی عیراق بەریدەکەوێت، کەسانی شایستە و لێزان بنێرێت و تەنانەت بۆ پەیوەندییەکانی حزبیش دەتوانێت سوود لە شارەزایی ئەوانە ببینێت، ئەوەش بە هەمان مەرجەکانی پێشوو.
بۆ ئەوەی پارەی حزب وەک رابردوو تەخشان و پەخشان نەکرێت، دەتوانرێت چەندین پڕۆژەی بەرهەمهێنی پیشەسازیی و کشتوکاڵی دروست بکرێت تا گەنجانی بێکاری گوندەکان و کەسانی خاوەن بڕوانامەی شارەکانی تێدا بخرێتەگەڕ
لایەنی دارایی
یەکێتی دەتوانێت لەڕووی داراییەوە سیاسەتی سک هەڵگوشین (تقشف) پەیڕەوبکات، چونکە مێژووی چەند ساڵی دوای راپەڕین دەریخست کە تەخشان و پەخشانکردنی پارە و دابینکردنی زیاد لەپێویستی ئۆتۆمبێل و خانوو و... بۆ هەندێک کادر و بەرپرس، نەک نەبوونەتە مایەی گەشەی یەکێتی، بەڵکو زۆرجار بوونەتە مایەی جۆرێک لە ناعەدالەتی و لەکاتی بەخشینیدا بە چەند کادر و بەرپرسێکی نا شایستە، سەدان ئەندام و کادری شایستەی لە یەکێتی دوورخستۆتەوە و لەکاتی بڕینیشیدا کەسە بەرژەوەندخوازەکە وەک ریفۆرمخوازێک خۆی ناساندووە و ریزەکانی یەکێتیی بەجێ هێشتووە و ئەوانەش کە لەسایەی ناز هەڵگرتنی بەشی یەکەمدا زویربوون، بەجۆرێک دڵیان شکاوە لەگەڵ یەکێتی ئاشت نەبوونەتەوە.
بۆیە لێرەوە دەبێت بگەینە ئەو بڕوایەی کە دەشێت بۆ ئەوەی پارەی حزب لە دەستێکی ئەمیندا بێت و تەخشان و پەخشان نەکرێت، حزب چەندین کۆمپانیا و بەرژەوەندیی ئابووریی هەیە و دەتوانێت لەجیاتی ئەو تەخشان و پەخشانە بۆ چەند کەسێک، چەندین پڕۆژەی بەرهەمهێن دروست بکات و لانیکەم گەنجانی بێکار و کەسانی خاوەن بڕوانامەی خۆماڵی تێدا بخاتەگەڕ بەگوێرەی بڕوانامە و ئاستی کۆمەڵایەتی، هەزاران کەس سوودی لێ ببینن، بەوەش چەندین ئامانج دەپێکێت:
1-کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری.
2-کەمکردنەوەی رۆیشتنی گەنجان رووە و مادەی هۆشبەر و سەرهەڵگرتن و تیرۆر.
بەو پێیەی سیاسەتی مامی گەورە گەڕانەوەیە بۆ خانووە قوڕەکان، دەبێت لا لە بوژاندنەوەی بەرهەمی خۆماڵیش لە دەرەوەی شارە گەورەکاندا بدرێتەوە، بۆ ئەوەش دەتوانرێت چەندین پڕۆژەی کشتوکاڵی و پەلەوەر و ئاژەڵداری و گەشتیاری دروستبکرێت.
بەوەش لەلایەکەوە ئەو دوو ئامانجە سەرەکییەکەی ئاماژەمان پێدا دەپێکێت و لەلایەکی دیکەشەوە بەشێکی قازانجی ئەو پڕۆژانە جگە لە سوودی گشتی، دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ دەغیلەی حزب و دەتوانێت وەبەرهێنانی زیاتری تێدا بکات و بەوەش لەجیاتی (500 - 1000) کەس کە هەندێکیان منەتیشیان بە حزب نەماوە، سەدان هەزار دۆست و لایەنگر و ئەندامی یەکێتی سوودمەند دەبن و دەشبێتە سەرچاوەیەکی کەسابەت بۆ خەڵکانی غەیرە یەکێتی کە ئەگەری هەیە لانیکەم دژایەتی یەکێتی نەکەن و ئەگەر دژایەتیشی بکەن نەتوانن وەک ئێستا خەڵکێکی زۆری (خانەی خۆڵەمێشی) فریوبدەن.