هێز لە یەكێتیدایە

09:59 - 2023-09-28
عەتا تەها
381 خوێندراوەتەوە

لە مێژەوە وتراوە هێز لە یەكێتیدایە هەڵبەت ئەم قسە لە خۆڕا نەوتراوە و بەپێی ئەزموون دەركەوتووە كە مرۆڤ پێویستی بە یەكڕیزی و تەبایی و كۆدەنگییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی  نەیار و ركابەرەكانی. 
بێگومان ئەم بەراوردكارییە تەرجەمە بكەین لە پڕۆسەی سیاسی و حكومڕانیدا، هەمان وەڵام دەدات بەدەستەوە. 
لەسەر ئەمە دەیان نموونەی زیندوو لە پڕۆسەی سیاسی و حكومڕانیی هەرێمی كوردستاندا، ئەوەی پشتڕاست كردۆتەوە كە هەركات هێز و لایەنەكان  كۆك و تەبا بووبن، ئەوا زیاتر نزیك بوونەتەوە لە دەستەبەركردنی خواست و مافەكانی هاونیشتمانیان، بە پێچەوانەشەوە تاكو ناتەبا و ناكۆك بووبن، ئەوا بەرژەوەندیی میللەت كەوتۆتە مەترسییەوە. 
بۆ زیاتر سەلماندی راستییەكان، ئەو بارودۆخە نا هەموارە بوو كە چەند مانگێكە هەرێمی تووشی قەیرانێكی دارایی كردووە و لە نێویاندا بە پلەی یەكەم مووچەخۆران و هاووڵاتیانی هەرێمیش  بەگشتی باجی ئەو قەیرانەی داوە. 
هۆكاریش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە چەند مانگی رابردوودا، هەرێم بەهۆی پەرتەوازەیی و ناكۆكی نێوخۆیی و تا رادەیەك لێكترازانی هێز و لایەنە سیاسییەكان، هۆكارێكی سەرەكی بوو بۆ دروستبوونی قەیرانی مووچە كە وایكرد لێكەوتەكانی كار بكاتە سەر سستبوونی پڕۆسەی حكومڕانی لە هەرێم و رەنگدانەوەی نەرێنی هەبێت لە كۆی سیستمی حكومڕانی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان و تەواوی سێكتەرەكانی بەڕێوەبردن، هەر لە پەروەردەوە تا دەگاتە كەرتی تەندروستی و كەرتەكانی تری كارگێڕی،  بەڵام سەرەنجام دوای توێژینەوە و بەخۆداچوونەوەی بەشێك لە هێز و لایەنە سیاسییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا سەرنج و پێشنیازی بەشێك لە رۆشنبیران و  رۆژنامەنووسان لەسەر مەترسییەكانی ئەو بابەتە.
بەندەش یەكێك بووم لەوكەسانەی هەرزوو هەستمان بە هەستیاری قۆناغەكە كرد و بەشانازییەوە لە ژمارە 9001 ی رۆژنامەی كوردستانی نوێدا بە وتارێك لەژێر ناونیشانی هەرێم لەبەردەم مەترسییەكاندا، سەرنج و تێڕوانینی خۆمان خستەڕوو. 
ئەوەی جێگای دڵخۆشی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بوو ئەمجارەیان تەواوی هێز و لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی هەرێم بە یەك تیم سەردانی حكومەتی فیدراڵیان كرد بەمەبەستی تێگەیشتنی زیاتر و جەختكردنەوە لەسەر رێكەوتنی سیاسی لەسەر پرسە نیشتمانی و ئابوورییەكان و بەدەستهێنانی تەواوی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم.

وتارەکانی نوسەر