وەک دەزانین، لە هەر وڵاتێک لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمان ئیتر شەرعیەت دەدرێتەوە بە دامەزراندن و رێکخستنەوەی هەیکەلی حکومەت و هەموو دامودەزگاکانی پەیوەندیدار بە نوێکردنەوەی هەیکەلی بەڕێوەبردنەکەی.
سەرەتا حکومەت دروستدەکرێت، پارێزگارەکان، قائیمقام، بەڕێوەبەری ناحیەکان، سەرۆکی فەرمانگەکان، بەڕێوەربەرە گشتییەکان هتد.. زۆری دیکە دەرەنجامی پەرلەمانێکی نوێن و ئەوانیش نوێ دەبنەوە.
بە واتایەکی تر، پەرلەمان کە شوێنی یاسا دانانە، لەهەر خولێکدا ژیانی کۆمەڵگەکە رێکدەخات و دەیگونجێنێت لەگەڵ سەردەمەکەدا.
هەر وڵاتێک پەرلەمانی نەبێت، یان دیکتاتۆرییە و حکومڕانیی لای تەنها کەسێکە، یان لە بناغەدا هەر وڵات نییە و خاوەن کۆمەڵگەیەکی تەندروستیش نییە و لەوانەیە کە بەبێ سەر و پاش هەر دەڕۆن.
لەسەرەتای دروستبوونی قەوارەی هەرێمەوە، لە چەندین قۆناغدا گازندە لەسەر چۆنێتی پێکهاتنی پەرلەمان کراوە، بەتایبەتی ئەوانەی کە تێیدا وەک پەرلەمانتار دەستبەکار بوون.
زۆرێکمان وت دەبێت پەرلەمان رێزی لێبگیرێت و لەسەرووی هەموانەوە بێت، پێویستە پەرلەمانتارەکان کەسایەتی بە توانا بن و خاوەن ئەزموونی کارکردن و چالاکی بن، کەسانێک بن خۆیان داهێنەر بن لەپاڵ ئەوەی کە حزب پێیان دەڵێت و بۆیان دیاریدەکات خۆشیان هەنگاوی نوێ و بنیاتنەر بنێن، بەڵام پێدەچێت قسەکەمان راست بووبێت کە سەردەمی داخستنی دەرگای پەرلەمان بۆ دوو ساڵ، وتمان ئەم وڵاتە گرنگە بێ پەرلەمانیش دەڕوات بەڕێوە.
وتمان گرنگیدان بە پەرلەمان و مامەڵەکردن لەگەڵی وەک دەستەی بڕیاردەر و نرخ پێدانی، رەنگدانەوەی باشی دەبێت لەسەر هەموو دامودەزگاکانی دیکەی هەرێم و حکومڕانی، واتا لە کوێدا پەرلەمانێکی تۆکمەی رێزلێگیراو هەبێت، بەڕێوەبردنی وڵاتیش لە لووتکەدا دەبێت.
زانیمان کە پەرلەمانی کوردستان تەنها هەیکەلێکە بۆ شەرعیەتدان بەوەی کە گوایە سیستمی حکومڕانییمان دیموکراسییە، بەڵام دەرکەوت هەرچی کراوە تەنها بڕیاری (حزبی تاکڕەو بووە) لە رێگەی بەدەستهێنانی( دەنگی زۆرینەی گوماناوییەوە)، ئەگەر نا پەرلەمان هیچ دەسەڵاتێکی نەبووە و ئەو پێگەیەی نەبووە کە دەبوا بیبێت.
ماوەی چوار مانگە پەرلەمان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی سڕ کراوە تا هەڵبژاردنی داهاتوو( ئەگەر بکرێت) واتا ئێستا ئێمە بێ پەرلەمان دەڕۆین بەڕێوە، هەڵبژاردنیش هێشتا پێنج مانگی ماوە.
لە 25 ی ئەم مانگەشدا هەمان دادگا کۆتایی بە کاری ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم هێنا، هەر ئەوە ماوە حکومەت، دادگاکان، پارێزگارەکان و تا خوارەوە بە نایاسایی بناسێنرێت، ئەوەش کە دروست دەکرێتەوە دەبێت لەژێر هەلومەرجی یاساییدا بێت.
پێدەچێت ئەمەی داداگای فیدراڵی دەیکات کە هەمووی دەستوورییە و لێی لانەداوە، ئەو هەڵوێستە سیاسییە سزا ئامێزانە بێت کە سیاسییەکانی عیراق دەیانەوێت بە هەرێمی بگەیەنن، بەڵام لە رێگەی یاساوە.
دەپرسین، ئایا ئەمە ئەنجامی سیاسەتی تاکڕەوی و عینادی و گوێنەدانی سەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکومەت نییە، کە ئەمانە دێنە پێش؟
بە نەمانی پەرلەمان هیچ شەرعییەتێکیش بۆ سەرۆکایەتییەکانی تر نامێنێت.
بۆیە ئەگەر بتوانین بە ئەزموونێکی نوێوە، بە تۆبەکردنێکی راستەقینەوە، بچین بەرەو هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەوا رەنگە سومعەی ئەم هەرێمە سەر لەنوێ بگەڕێنینەوە، دەنا هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی چاوەڕوانمانە.