(70)
له‌مێژ بوو چه‌ند رۆمانێكی ئه‌دیبی فه‌ره‌نسی فرانسواز ساگان له كتێبخانه‌كه‌ی ماڵه‌كه‌مدا بوو، به‌ڵام هیچیانم نه‌خوێندبۆوه چونكه ئێمه‌ی نه‌وه‌ی ئایدۆلۆژیاكان گاڵته‌مان به رۆمانه‌كانی ساگانی كچه بۆرژوادا ده‌هات، تا ساڵی نه‌وه‌ده‌كان له‌بێ كتێبیدا موراجه‌عه‌ی كتێبخانه‌كه‌م ده‌كرده‌ووه، ئه‌و ساڵانه كۆڵن ویڵسن و فرانسواز ساگانیشم دۆزییه‌وه.
له‌ده‌فته‌ری ساڵی 1996 دا له‌باره‌ی رۆمانی (به‌یانیت باش..)ی ساگانه‌وه نووسیوومه: (رۆمانێكی خه‌مناكه، خه‌مێكی وجودی، ئه‌و جۆره خه‌مه‌ی له‌گه‌ڵ مرۆڤدا له‌دایك ده‌بێت، بێئه‌وه‌ی هێشتا هیچ تراژیدیایه‌ك له ژیانیدا روویدابێت، ره‌نگه خه‌می پێشوه‌خته‌ی مرۆڤ بێت بۆ ئه‌و ژیانه‌ی وه‌كو ساتێكی تیژڕه‌و تێده‌په‌ڕێت..).
ساگان له‌ته‌مه‌نی نۆزده ساڵیدا رۆمانه‌كه‌ی بڵاوكردۆته‌وه، كه یه‌كه‌م به‌رهه‌می بووه، به‌ڵام وه‌كو بۆمبێك له‌گۆڕه‌پانی ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسیدا ته‌قیوه‌ته‌وه، بووه به‌پڕفرۆشترین كتێبی ئه‌و ساڵه، فرۆشی كتێبه‌كانی نووسه‌ره گه‌وره‌كانی فه‌ره‌نسای تێپه‌ڕاندووه، وه‌كو سارته‌ر، دی بۆڤوار، ئاراگۆن، بیكێت وهتد،..
كۆمێنت: (رۆمانه‌كه بوو به دروشم و هێمای نه‌وه‌ی دوای دووه‌م جه‌نگی جیهانی، ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی هه‌موو به‌هایه‌كی دێرین و چه‌سپاوی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی ره‌تده‌كردووه، بابوباپیرانی به به‌رپاكردنی دوو جه‌نگی جیهانی تۆمه‌تبار ده‌كرد، نه‌وه‌یه‌ك به‌دوای خودی خۆی و به‌های نوێ‌دا ده‌گه‌ڕا، زۆریان خۆیان له فه‌لسه‌فه‌ی وجودیدا ده‌دۆزییه‌وه..).
ساگان له سایه‌ی بوونگه‌راییه‌كاندا گه‌شه‌ی كردووه، به رۆمانه‌كانی به شێوازێكی ئاسان و میللیانه گوزارشتی له‌و فه‌لسه‌فه‌یه كردووه، له ساڵ 1954 دا به‌رۆمانێكی (118) لاپه‌ڕه‌یی بیریباوی كۆمه‌ڵگه و مه‌شهه‌دی روناكبیریی پاریسی شڵه‌قاندووه، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا خه‌ڵاتی ره‌خنه‌ی پێبه‌خشراوه، سارته‌ریش له‌باره‌یه وتارێكی نووسیوه كه تیایدا ده‌ڵێت: (دڕنده‌یه‌كی بچكۆله‌ی سه‌رنجڕاكێش و به‌هره‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌و رۆمانه‌كه به‌رجه‌سته‌ی فه‌لسه‌فه‌ی بونیادگه‌رییه).
فرانسواز ساگان(1935-2004)، زیاتر له چل به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی هه‌یه له رۆمان و شانۆنامه، سیناریۆی بۆ گه‌لێك فیلمی سینه‌مایی و درامای ته‌له‌فزیۆن نوسیووه، گه‌لێك له رۆمانه‌كانی كراوه به فیلمی سینه‌مایی له‌فه‌ره‌نسا و هۆڵیوودیش، ئه‌مساڵ له‌چاپێكی نوێی خانه‌ی ئه‌لمه‌دا-دا جارێكی تر ئه‌م رۆمانه‌م خوێنده‌وه، وه‌كو ئه‌وه وابوو پێشتر نه‌مخوێنبێته‌وه.