لەناو رووداوەکاندا

بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و بازدانی مێژوویی

10:07 - 2023-10-02
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
502 خوێندراوەتەوە

لە روانگەی ئەو چەندجارەوە كە پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ئەنجومەنی نوێنەران دواخراوە، جێگەی پرسیارە بۆچی ئەم بابەتە هێندە قورس كەوتۆتەوە بەلای هەندێك هێزی سیاسی عیراقییەوە؟ 
نەك هەر ئەوەندەش بەڵكو لایەنێكی هێندە مەترسیدار لەم بەپارێزگابوونەدا نییە تا هەر هێزێك یان هەر فراكسیۆن و ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران، دەنگی پێنەدات و بیانووی دیارینەكردنی سنووری ئیداری بۆ بهێننەوە.
(دەنگنەدان بەبێ هۆ)، یان (هەر دژایەتییەكی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە) لەلایەن هەر فراكسیۆن و هێزێكی سیاسییەوە بێت، مەترسیدارە! مێنتاڵێتێكی نەخوازراوە بۆ ماف و قوربانییەكانی ئەو شارە، چونكە لە كاتێكدا هەڵەبجە پێویستی بەوە نییە رێكەوتنی سیاسی لەسەر بكرێت و بخرێتە دەنگدانەوە و بخرێتە بەرامبەر ناوچەی دیكەی وەك تەلەعفەر و شوێنی دیكە، هاوكات لە رووی فیكریشەوە دەبێت هەڵوەستە بكەین لەبەرامبەر هەر فیكرێكدا هێشتا مافی بە پارێزگابوون بە هەڵەبجە رەوا نەبینێت و دژایەتی بكات.
پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەنها پرسێك نییە تێكەڵ بە بابەتی نەتەوەیی بكرێت و لە روانگەی كوردستانیبوونیەوە دژایەتی بكرێت، بەڵكو روانگەیەكی جیۆسیاسی و بازرگانی و ئابووریی هەیە بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان، ئەم شارە لە هەر كوێیەكی جیهاندا بوایە زۆر لە ئێستای زیاتر خزمەتی پێكرابوو و هەروەها تایبەتمەندیی خۆیی پێدرابوو و رەچاوی دۆخە گشتییەكەی كرابوو، دەبوو سەركردەكانی هێزە سیاسییە عیراقییەكان كە دوای ساڵی 2003 لە وڵاتانی دیکەوە هاتنەوە بۆ عیراق، چ بە ئەگەری بینینی شارەكانی هاوشێوەی هەڵەبجە لە جیهاندا و چ لە روانگەی بڕوا بوونیانەوە بە خەباتی كورد لەپێناوی لە ناوبردنی رژێمی  دیكتاتۆری بەعس و بە سیستماتیككردنی عیراق و دیموكراسی بۆ گەلانی عیراق، بەبێ ئەوەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە پێویستی بەوەبێت بۆ سێجار بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، هاوڕای هەر دەنگ و داوایەكی كورد بوونایە كە بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی هەڵەبجە پێشكەشی حكومەتی عیراق و ئەنجومەنی نوێنەرانی دەكەن.
سەرەڕای ئەوەی هیچ شارێكی عیراق هەمان تایبەتمەندی هەڵەبجەی نییە بۆ بوون بە پارێزگا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەك چۆن فراكسیۆنە كوردستانییەكان شەرت و مەرجیان بۆ هیچ شارێكی دیكەی عیراق نییە بۆ بوون بە پارێزگا، دەبوو فراكسیۆنەكانی دیكەی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانیش هیچ مەرج و بەربەستێك لە بەردەم ئەم بە پارێزگابوونەی هەڵەبجەدا دانەنێن و بیسەلمێنن كە ئەوان هەر جۆرە مێنتاڵێتێكی خراپ و نادیموكراسیی و هەر بیرێكی شۆڤێنی و ناسیۆنالیستییان تێپەڕاندووە كە دژایەتی كورد و كوردستان بكات.
لە ئەگەری  هەر دواخستنێكی دیكەدا بۆ دەنگدان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە وەك نۆزدەهەمین پارێزگای عیراق، دەبێت بڵێین: هەڵەبجە هەموومان دەخاتەوە بەردەم دوو مێژوو و دوو خوێندنەوەی نوێ، یەكەمیان كرانەوەی عەقڵ و بازدانی مێژووییانەی عیراق بە رووی ماف و بوونی پێكهاتەی جیاوازی وەك كورد، دووەمیشیان داخران و چوونەوە ناوخۆی عیراق و چەقبەستوویی ئەو بیركردنەوە نادیموكراسی و بێڕەحمەی هەڵەبجەی خنکاند و بەهۆیەوە بووە پایتەختی شەهیدان.

وتارەکانی نوسەر