سەردانەکەی ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری کاتیی سوریا بۆ فەرەنسا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، یەکەم سەردانە بۆ ئەوروپا، دیداری نێوان (ماکرۆن و شەرع)، کە هەم هەڵگری دنیابینی جیاوازن بۆ ماناکانی تیرۆر و تیرۆریزم، هەم نمایندەی دوو سیستمی جیاوازی سیاسی دەکەن، نە بێئاگایی پاریسە لە دنیابینی و مێژووی شەرع، نە بێئاگاییشە لە مێژووی پێکدادانە ناوخۆییەکانی سوریا.
پێش هەر وڵاتێکی ئەوروپی، فەرەنسییەکان مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە لە دژایەتیی فیکری توندڕەویی و تیرۆر، وەک چۆن مێژوویەکی دیاریشیان لە سوریادا هەیە و ئەو وڵاتە داگیرکراوی فەرەنسای پێش جەنگی یەکەمی جیهانە و ساڵی 1938 دەسەڵاتدارێتیی فەرەنسا لە ناوچەکانی هەتایی و ئەنتاکیا و ئەسکەندەروونە کۆتایی هات و سەرچاوە مێژووییەکانیش دەڵێن ئەگەر فەرەنسا هاوکاریی تورکیای نەکردایە لەڕێگەی ریفراندۆمێکی ساختەوە، ئەوا تورکیا نەیدەتوانی ئەو ناوچانە ببات بۆ خۆی.
ئەوەی لە سەردانی شەرع-دا بۆ پاریس دەخوێنرێتەوە، ئەوەیە:
یەکەم/ ماکرۆن دەیەوێت هەموو هێزی مۆدێرنێتە و رۆشنگەریی فەرەنسی لەم سەردانەدا پیشانی ئەحمەد شەرع بدات تا دابڕانێکی گەورە لە مێژووی دوو قۆناغی جیاوازی مێنتاڵێت و دنیابینیی ئەودا بکات و سوریا بەرەو خۆرئاوا ببات نەک گەڕانەوە بۆ جیهانی خۆرهەڵات و داخرانە ناوخۆییەکەی.
دووەم/ فەرەنسا، سوریا بە کۆلۆنیالی خۆی دەزانێت و فەزڵی خۆی بەسەر ئەو وڵاتەوە دەبینێت، دوورنییە وەک زۆر وڵاتی دیکەی ئەفریقیایی کە فەرەنسا باجی لێوەردەگرتن، باجی ساڵانە لە سوریاش وەربگرێت، شەرع بخاتەژێر پەستانی داواکارییەکی لەمجۆرەوە.
سێیەم/ فەرەنسا مێژوویەکی پڕ خوێنی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و جەنگی ناوخۆیی و پێکدادانی کاسۆلیک و پرۆتیستانت هەیە، ئەم خاڵە بۆ فەرەنسییەکان گرنگە و فەرەنسا و خودی ماکرۆن داوا لە شەرع دەکات، سوریا دووربخاتەوە لە پێکدادانی لەمشێوەیە، بەتایبەت دوای رووداوی عەلەوییەکانی کەناراوەکانی سوریا و دروزەکانی سووەیدا.
ئەم سەردانەی شەرع بۆ ئەوروپا و فەرەنسای لانکەی رۆشنگەریی و فەلسەفە، بەمانای بەسوریابوونی فەرەنسا نایەت، بەڵکو لە بنەمادا ئیمانوێل ماکرۆن دەیەوێت بە شەرع بڵێت ئەوان سوریایەیەکی بە فەرەنسابوویان! دەوێت، یان لانی کەم سوریایەکیان دەوێت لە دەرەوەی مێژووی سەد ساڵی رابردوو.
بەمانایەکی تر، ماکرۆن سەرسام نییە بەو مێژووە پێنج مانگییەی کە شەرع و دەسەڵاتەکەی لە سوریادا پیشانیانداوە، بەڵکو دەیەوێت سوریا بە رووی ئەوروپا و فەرەنسادا بکاتەوە و وێنەی پاریس پیشانی شەرع بدات کە دوای تێپەڕاندنی پێکدادانە ناوخۆییەکان، ئێستا پاریس و هەموو فەرەنسا لە چ کرانەوەیەکی مێژووییدایە و دەکرێت سوریاش بەهەمان خەون بگات.