ئەمریکا و تێپەڕاندنی قۆناغی رقلێبوونەوە

09:36 - 2025-04-07
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
91 خوێندراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە دواین وتاریدا و دوای سەپاندنی سزا بەسەر چەند وڵاتێکی خۆرهەڵاتیدا، رایگەیاند: «دەبێت هەمووان ئەمریکایان خۆشبوێت».
پرسی (خۆشویستن) و (رقلێبوونەوە)ی ئەمریکییەکان لەلای گەلانی خۆرهەڵات و جیهانی عەرەبی ـ ئیسلامی، پرسێکە ناخی تاکی ئەمریکی داگیرکردووە، لە جەنگی کەنداوی 1991ەوە، ئەمریکییەکان لەگەڵ ئەم ئیدیۆمە دەژین، لەجەنگی 2003ی عیراقیشدا، کۆڵن پاوڵ مەفهومە موخالیفەکەی ئەم دەستەواژەیەی بەکارهێنا و وتی «بۆچی خۆرهەڵاتییەکان رقیان لە ئەمریکایە؟».
بوشی کوڕ لە وەڵامی پرسیاری: بۆچی رقیان لێمانە؟ دەڵێت «چونکە ئێمە ئازاد و خۆشگوزەرانین و چاویان بە ئێمە هەڵنایەت»، تێڕوانینە سەیرەکانی بوشی کوڕە وادەکات (بۆب ودوارد) کتێبێک لەسەر بوش دەنووسێت بەناوی (BUSH,S WAR _ 2003) و تێیدا خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ ویستەکانی بوش و پەیوەندی 11ی سێپتەمبەر بە پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە دەکات، لەوێدا بە قووڵی باسی ئەو رقلێبوونەوەیە دەکات.
کێشەی خۆشنەویستنی ئەمریکا لەلای خۆرهەڵاتییەکان، وابەستەیە بە وەجهی سیاسی و هێزی ئابووریی ئەمریکاوە نەک رووخسارە عەلمانییەکەی، ئەمریکا بۆ هیچجارێک نەهاتووەتە خۆرهەڵات بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگە مەزهەبی و تائیفییەکان و بنبڕکردنیان، بەڵکو زۆرجار هاتنەکانی ئەمریکا بۆ هەڵلووشینی سەرچاوە ئابووریی و داراییەکان بووە لەگەڵ لەناوبردنی ئەو هێز و حکومەت و تاکانەی ئەمریکایان خۆشنەویستووە، ئەمەش بەلای خۆرهەڵاتییەکانەوە، مایەی رقلێبوونەوەیە، نەک خۆشویستن.
خۆرهەڵاتییەکان پێیانوایە، ئەمریکا غروورێکی گەورەی بەرامبەر گەلانی خۆرهەڵات هەیە و خۆی بە گەورەتر و جوانتر! دەبینێت، بۆیە لەمێنتاڵێتیاندا ئەوە دروستبووە ئەم دوو بەرە و دوو شارستانیەتە جیاوازە ناهاوسەنگە، ناتوانن یەکترییان لە رۆحەوە خۆشبوێت، هەر خۆشویستنێکیش لەنێوانیاندا بەناچاری بێت، ئەوەندەی ماددی دەبێت، ئەوەندە رۆح تێیدا باڵادەست نابێت.
دیوێکی دیکەی ئەم خۆشویستنەی ئەمریکا داوای دەکات، مێژووییە و کەمێک دەگەڕێتە دواوە بۆ ناو مێژوو، پێچەوانەیە بەو خۆشویستنە رۆحییە سۆڤێتییەی پێشتر لە وڵاتانی خۆرهەڵاتدا هەبووە، ئەمریکا دەیەوێت قۆناغی رقلێبوونەوە تێپەڕێنێت بۆ خۆشویستن، بەڵام ئەمریکا چەندە بیەوێت ئەو مێژووە خۆشەویستییە سۆڤێتییە تێپەڕێنێت؛ ناتوانێت، چونکە سۆڤیەت لە رێگەی بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیاوە چووبووە دڵ و دەروونی زۆرێکی حزب و دەسەڵات و هێزی خۆرهەڵاتەوە، نەک لەژێر پەستانی سەپاندنی باجدا، خۆشیان بوێت.
ئەو خۆشویستنەی سەرۆک و کاربەدەستەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی خۆرهەڵاتدا بەدوایدا دەگەڕێن، ئەوەیە کە دەیانەوێت قۆناغی خۆشویستنی سۆڤیەت -یان بیرببەنەوە و خۆشویستنی ئەمریکا بکەن بە جێگرەوەی هەموو خۆشەویستییەکی دیکە، بەڵام وەک (ئەحمەد زەکی) وەزیری پێشووی نەوتی سعودیە دەڵێت «ئەوە روونادات، ئەمریکا هەموو هاتنەکانی بۆ خۆرهەڵات بۆ نەوتە، بەڵام سۆڤیەت لە رێگەی بیری شیوعیەت و خۆشەویستییەوە بووە».

وتارەکانی نوسەر