تورگوت ئۆزال، لە ساڵی 1989 تا 1993 بووە سەرۆک کۆماری تورکیا، پێشتریش لە 1983 تا 1989 سەرۆک وەزیران بوو، ئۆزاڵ لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک کۆمار، هەنگاوێکی گەورەی مێژوویی نا بۆ کرانەوە و چارەسەریی پرسی ئاشتی کورد لە تورکیادا، دەتوانین بڵێین ئەگەر ئەو هەنگاوەی ئۆزال بگەیشتایەتە ئامانج، ئەوا بەهەموو مانایەک (بازدانی مێژوویی) بوو.
دوای ئەوەی ئەو پرسە چووە پێش و گۆڕانکاریی گەورەی هێنایە ئاراوە و راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پرسی کوردی لە تورکیادا کردە واقیع، لەپڕ هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە (ئۆزال) جەڵتەی دڵ لێیداوە و بە پەلە گەیەنرایە نەخۆشخانە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە و دواتر مردنی ئۆزاڵ، لەشەقامی تورکیادا ئەو هەڵڵایە بەرزبووەوە کە ئۆزال بە ژەهراویکردن تیرۆرکراوە، ئەم چیرۆکە بووە دەنگوباسێکی تا ئەندازەیەک ئاشکرا و بێپەردە باس دەکرا، بەڵام دەستبەجێ نەسەلمێنرا، بۆیە ناچار لە 2012دا دادگا بڕیاریدا تەرمەکەی دەربهێنرێتەوە و پشکنینی بۆ بکرێت، دوای پشکنینیش دەرکەوت، ئۆزال لە رێگەی (لیمۆ)وە ژەهراوی کراوە.
شەوی رابردوو (16/4/2025)، میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە (سڕی سورەیا ئۆندەر) جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانی دەمپارتی، جەڵتەی دڵ لێیداوە و بەپەلە براوەتە نەخۆشخانە و نەشتەرگەرییەکەی 12 سەعاتی خایاندووە.
بە تێگەشتنی سیاسی، دەبێت لەم رووداوە وردبینەوە، چونکە هەفتەی پێشوو، (سڕی سورەیا) یەکێک بوو لەو کەسانەی لە وەفدی دانوستانی دەمپارتی دا بوو بۆ دیدار لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، بەپێی بەلاغی کۆتایی کۆبوونەوەکەش، دیدارەکە ئەرێنی بووە و چاوەڕوانیی بڕیاری دادگا دەکرێت تا بڕیار لەسەر چوارەم دیداری ئیمراڵی بدات و پرۆسەی ئاشتی بەردەوام بێت.
لەدۆخێکی ئاوهادا، کە سڕی سورەیا هەم پۆستێکی حکومیی هەستیاری هەیە و هەم ئەندامی وەفدەکەی ئیمراڵی و پرۆسەی ئاشتییە، کێشەیەکی گەورەدەبێت ئەگەر جەڵتە دڵەکەی ئەویش هەمان گومان و خوێندنەوەی جەڵتە دڵەکەی ئۆزاڵی بۆ بکرێت لەپێناو هەمان پرسدا کە پرۆسەی ئاشتییە.
ئەگەر جەڵتە دڵەکەی سورەیا ئەنجامێکی خراپ بدات بەدەستەوە، ئەوە پێدەچێت پرۆسەی ئاشتیش ئەنجامێکی خراپ بدات بەدەستەوە و بوەستێت، وەستانیش ئەوەندەی کۆتایی هەوڵەکان دەگەیەنێت، ئەوەندەش پێداگیریی نییە لەسەر بەردەوامبوون لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا.