با دەست بە باڵی یەکێتیی دوای کۆنگرەوە بگرین

09:51 - 2023-10-03
هیوا محەمەد
358 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد


لە هەر کۆنگرە و گۆڕانکارییەکدا بۆ هەر حزبێک لە جیهاندا، کۆمەڵێک کەس زویر دەبن، چونکە پێیانوایە دابەزینی پلەکانیان بێوەیژدانی و بێ وەفایی حزبە بەرامبەریان.
زۆر جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە، ئەوەی دوو رۆژ خەباتی شاخی کردبێت لای من بەرز دەنرخێنرێت، چونکە لە نزیکەوە دەزانم ئازارەکانی شاخ چی بوون؟
ئێمە دەبێت بۆ ئەو زویر بوونە دوو شت لەبەرچاو بگرین، یەکەم لەبەر ئەوەی باوەڕمان بە دیموکراسی هەیە، ئەگەر خۆمان بە بژاردەی خۆمان جێگەیەکە چۆڵ نەکەین چۆن کەسێکی تر بێتە ئەو دەستەیەوە کە هەموو جارێک دەیڵێینەوە دەبێت باوەڕمان بە دەستاودەستکردنی پلە و پۆستەکان هەبێت؟ دووەم وەرنەگرتنەوەی پۆست بەو مانایە نییە ئیتر بیروباوەڕەکە لەدەست بدەین، یەکێتی خاوەنی ئایدیای خۆی بووە و هەیە، ئەمە پەیوەست نییە بە ناو بازنەی پلە و پۆستەوە، دەبینی کەسێکی دۆستی یەکێتی جاری وا هەیە لە 10 ئەندام چالاکترە و کاریگەریی زیاترە، یان لێدوانی کەسێکی دەرەوەی یەکێتی کە دان بە راستییەکدا دەنێت جێگەی زیاتر دەکاتەوە لای خەڵک تا ئەندامێکی سەرکردایەتی.
ئەوانەی کە بە بیروباوەڕی پتەوەوە لەگەڵ حزبەکەدا کار دەکەن، هیچکات بە دوور کەوتنەوەیان لە پلە باڵاکان زویر نابن و وەک سەربازێکی ون بەردەوام دەبن لەسەرخستنی حزبەکە، ئەگەر تەمەنیش مەودایان بدات، دەکرێت جارێکی تر بچنەوە ناو دەستە باڵاکان.
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە پێچەوانەی ئەم وتانەمانە، کاتێک دەبینین هەندێک کەس لەوانەی نەیان توانیوە دەنگی تەواوی هەڤاڵەکانیان بەدەستبهێنن بۆ چوونە ناو دەستە باڵاکان، دێن و لە میدیا و مینبەرەکانی نەیارانەوە یان بەشان و باڵی نەیاراندا هەڵدەدەن و کۆنگرە و کۆنفرانسی ئەوان لەوەی خۆیان بە باشتر وەسف دەکەن، یان لۆمەی زۆری ناهەقی ئەوەی خۆیان دەکەن.
خراپتر لەوەش تا مێژووی دوورکەوتنەوەیان لە حزبەکەیان تێپەڕێت، زیاتر خۆیان دەگونجێنن لە هەڵوێستی هەلپەرستانە و بەرژەوەندیخوازانە و لەژێر ناوی سۆز و خەمخۆرییانەوە بۆ حزبەکە، لەبری تانە بەردیشی تێدەگرن. 
یەکێک پشت لە خەباتگێڕەکانی خۆی دەکات و پێیوایە ئێستا وەک کورد یەک باوکمان هەیە و دەبێت هەموان رووی لێبنێین، یەکێکی تر دەڵێت یەكێتی بێ سەروبەرە و داکۆکی لە یەکێ تری لەخۆی خراپتر دەکات.

یەکێتی دەبێت چۆنیان  پێناسە بکات؟
ئەوەی دەبوا یەکێتی ئێستا بیکات، یان بیکاتە بڕیار، بە خائین ناساندنی هەر کەسێکی یەکێتییە کە واز دێنێت و دەکەوێتە بوختان هەڵبەستن، یان بەشان و باڵدا هەڵدانی لایەنێکی تر کە پێشتر خۆی لە ناو یەکێتیدا سەنگەریی لێگرتوون، بەمەبەستی تاوان خستنە پاڵ حزبەکەی پێشتری خۆی.
وازهێنان و گواستنەوەی سەنگەر بۆ هەرکەسێک ئاساییە، بەڵام ئەگەر وازهێنانەکە لەسەر جیاوازیی چۆنێتی کارکردن بێت، نەک بە مەبەستی زیان گەیاندن و گواستنەوەی زانیاری و شکاندنی شکۆی حزب بێت.
هەر تێکۆشەرێکی دێرینی ناو حزب، لەدوای ئەوەی بەرژەوەندییەکانی لەدەست دەدات، بکەوێتە ناو و ناتۆرە نان لە حزب و پێگەکەی لای خەڵک لاواز بکات، ئەوا دەچێتە دەرگای دژایەتی کردن و بە خراپ سوودوەرگرتن لەو پەیوەندییانەی کە لەگەڵ هەڤاڵە دێرینەکانیدا هەیەتی، گوایە دڵی دەسووتێ بۆ حزبەکەی، کۆمەڵێک تانەی بێبنەما دەدات لەوانەی لە سەرکردایەتی حزبەکەدان و پێیوایە مادام ئەوی تێدا نییە، ئیتر حزبەکە داتەپیوە.

وتارەکانی نوسەر