هـەوێـن

عیراقی سەرۆک تاڵەبانی

09:42 - 2023-10-04
نەرمین عوسمان
627 خوێندراوەتەوە

نەرمین عوسمان

 
مێژووی عیراق بێ قسەکردن لەسەر سەردەمی سەرۆک مام جەلال  پڕ دەبێت لە کەموکوڕی و نادیدەیی سیاسی، سەردەمێکی تەواو جیاواز لە هەموو رووەکانەوە، ئەویش بەهۆی جیاوازی جیهانبینی و سیاسی مام جەلال بوو لە هەموو سیاسییەکانی دیکە لەسەر ئاستی کوردستان، عیراق و تەنانەت ناوچەکەش.
بەشداری سیاسی مام جەلال دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست، گەنجێکی پڕ خەون و هیوا، ئازا و بوێر، ئاشتیخواز و ناتوندوتیژ، خودان رۆشنبیری سیاسی و نەتەوەیی، بڕوابوو بە دیموکراسی و فرەیی سیاسی، دیپلۆمات و گەڕیدەی نەتەوەیی لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان، دامەزرێنەری پەیوەندی فرە رەهەند کورد بە خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان.
شۆڕشی نوێی دوای نسکۆی 1975، دەبێتە وێستگەیەکی جیاواز لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا، مام جەلال لەو ساتەوەختەوە دەبێتە کاریزما و کۆکەرەوەی جیاوازییەکان، لەوێدا کۆتایی بە مێژووی تاک حزبی و سەرکردەیی و تاک رەنگ و دەنگی دێت، ئیتر سەرۆک مام جەلال مێژوویەکی جیاواز دەنەخشێنێت، کاروانەکە دەگەیەنێتە ئازادی بەشێکی زۆری کوردستان و عیراق و دەبێتە یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی عیراقی دوای پڕۆسەی ئازادی عیراق کە کارەکتەری مام جەلال رۆڵی دیار و کاریگەری لە رووخاندنیدا هەبوو.
عیراق لە سەردەمی سەرۆکایەتی تاڵەبانیدا، دەستیکردبووە بناغەدانانی سیستمێکی دیموکراسی، گرنگیدان بە فرەیی سیاسی و بەشداری هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان لە پڕۆسەی فەرمانڕەواییدا، جەختی لە پەیڕەوکردنی دیموکراسیەتی تەوافوقی کردەوە و کێشەکانی لەسەر مێز و ماڵەکەی خۆی چارەسەر دەکرد، هەیمەنەی مام جەلال لەسەر سیاسەتی تەواوی هێزە عیراقییەکان بەدیدەکرا.
سەرۆک مام جەلال خاوەن دیدگای جیاواز بوو بۆ پڕۆسەی حوکمڕانی، هیچ سێکتەرێکی لەبیر نەدەکرد، فرەیی سیاسی، پێکهاتەکان، دیپلۆماسیەتی بنیاتنەرانە، ژن و ژینگە و مافەکانی مرۆڤ، گرنگیدان بە نووسەر و رۆژنامەوانان، پێکهاتە ئایینییەکان، تەنانەت گرنگیدانی زۆری بە هونەر و هونەرمەندان و خەمی بۆ دابینکردنی ئازادی بیروڕا و نووسین و بڵاوکردنەوە.
یەکێک لە لایەنە هەرە دیارەکانی سیاسەتی سەرۆک مام جەلال جەختکردنەوە بوو، جەختکردنەوە لە گرنگیدان بە هەڵە و دەستکەوتە سیاسییەکان، پێشنیازکردنی چارەسەری گونجاو، پێکەوەژیان و پاراستنی سیاسەتی چەپکە گوڵەکە، لاکردنەوە لە دۆست و هاوڕێ و هاوخەباتە دێرینەکانی، لەوکاتەی زۆر سەرقاڵ و پڕکار بوو، رووداوێکی مێژوویی یان دۆستێکی دێرینی بیردەکەوتەوە و دەیکردە بۆنەیەک بۆ رێزگرتن لە خەبات و مێژوو و گفتوگۆی بنیاتنەرانە.
لە عیراقی سەرۆک مام جەلالدا سەرەتای دیموکراسی دانرا، تەوافوق کرایە بنەمای بەشداری سیاسی، پەیڕەویکردن لە سیاسەتی گفتوگۆ و دانیشتن لەسەر یەک مێز بۆ چارەسەری کیشەکان لەبری شەڕ و سەنگەر لە یەکترگرتن، بۆیە ئێستا هەر عیراقییەک خەم لە کۆچکردنی مام جەلال دەخۆن و دەبینن عیراقی ئێستا دەکرا وەکو عیراقی سەردەمی مام جەلال بوایە.
سەرۆک مام جەلال دوای پڕۆسەی ئازادی، عیراقی لە شەڕی گەرم پاراست، شوناسی دایەوە بە پڕۆسەی سیاسی، تەبایی بەرهەمهێنا، هەر بۆیە لەسەر هەموو ئاستەکان عیراقی سەرۆک مام جەلال وەبیر دەهێنرێتەوە و بە گرنگییەوە باس دەکرێت.

وتارەکانی نوسەر