پێنجەمین کۆنگرە، لە نێوان خەونی نەیاران و خواستی دڵسۆزاندا

10:17 - 2023-10-05
عەتا تەها
295 خوێندراوەتەوە

یەکێتی نیشتمانی کوردستان چ لە رابردوو چ لە ئێستادا حزبێکی سیاسی و سەربازی بووە و هەڵقوڵاوی ناو جەماوەرە، هەر ئەمە وایکردووە لەپێناوی پاراستنی خاک و خەڵکەکەی تێبکۆشێ و خەبات بکات، لەو پێناوەشدا قوربانی زۆریداوە، هەڵبەت مێژووی دامەزراندنی ئەم حزبە نیشتمانپەروەرە دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی بیستەم، ئێستا وانزیکەی نیوسەدە لە خەباتی شاخ و قوربانیدان و فیداکاریی تۆمارکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوتەریب بە خەباتی شاخ دەست و پەنجەی نەرمە لەگەڵ خەباتی مەدەنی و دیموکراسی و پڕۆسەی سیاسی ناوچەکە و رۆڵی کاریگەری هەبووە لە بەرقەرارکردنی ئاشتیدا، هەموو ئەمانە بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی گەلە.
ئەم حزبە کۆنگرەی پێنجەمی بە سەرکەوتوویی تێپەڕاند، ئەمە لە کاتێکدایە بارودۆخی سیاسی پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لاوازە و ناوچەکە بەگشتی بەدۆخێکی هەستیار و قەیرانی ئابووریی قورسدا  تێدەپەڕێت، هاوکات هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق و پەرلەمانی کوردستانی لە پێشدایە، بەڵام یەکێتی بەبێ گوێدانە دۆخی هەستیار و چەقبەستووی ناوچەکە و کێشە و قەیرانەکان بوێرانە وەک پیشەی هەمیشەی، پێنجەمین کۆنگرەی نێوخۆی بەست و بەسەرکەوتوویش لێی چووە دەرەوە.
لە بارودۆخێکی ئاوادا هێشتا جەماوەری یەکێتی و دۆست و کادیرانی کە پشتبەستن بە ئەزموون و مێژووەکەی، زۆر گەشبین بوون بە سەرکەوتنی کۆنگرەکە، لە بەرامبەریشدا هەرچی خەونی ناحەزان و نەیارانی یەکێتی بوو بە خەیاڵ پڵاوی خۆیان فاڵیان بۆ شکستی کۆنگرە دەگرتەوە، هەڵبەت ئەم خەونە لەکەم ئەزموونی و کاڵفامی سیاسی و بیر تەسکیی خۆیان بوو، وەلێ ئەوەی جێگای دڵخۆشیی جەماوەری یەکێتی بوو، سەرەنجام لە نێوان هەردوو بژاردەی خەونی نەیاران و خواستی دڵسۆزانی وەک ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرا، بژاردەی دووەم خەونی نەیارانی بە زیندوویی لە گۆڕ ناو بە هەموو لایەکی وت یەکێتی هێزێکی زیندووی کاریگەری گۆڕەپانی سیاسیی ناوچەکەیە و هەر بە زیندوویش دەمێنێتەوە.

وتارەکانی نوسەر