بیری چیرۆکەکانی دەکەم

09:15 - 2022-04-23
رۆزا دڵشاد مەریوانی
479 خوێندراوەتەوە

یەکێک لەو شتانەی زۆر بیری دەکەم جگە لە بۆن و بەرامی خۆشی عەترەکانی و چێشتەکانی کە واملێدەکەن هەرچەند ئەو بۆنانە بێن بەسەرمدا ئەوم بیرکەوێتەوە دەزانیت چییە؟ بیری چیرۆک و بەسەرهاتەکانی سەردەمی زووی دەکەم، هەمیشە زۆر بەخۆشی و بە چێژ و جارجاریش کەمێک کۆمیدی بۆی دەگێڕاینەوە، بێگومان دەزانیت باسی کێ دەکەم کاتێک دەڵێم دوای دایک ئەو خۆشەویستە و بۆن و سۆزی دایکی پێوەیە؟
*دەزانم خۆیەتی دایکی دایکە وانییە؟
-بەڵێ نەنک ئەو بوونەوەرەیە سۆز و خۆشەویستی دایکی پێوەیە، بێگومان بۆ نەوەی ئێمە چیرۆک و بەسەرهاتەکانی نەنکمان کە بۆی دەگێڕاینەوە هەمیشە لە یادماندا چەسپیووە و هەرگیز بیرناچنەوە و چەندە دووبارە بوونایەتەوە قەت لێی بێزار نەدەبووین، چونکە هەر جارە و بەجۆرێک و بەتامێکی جیاواز بۆی باس دەکردین، بەڵام دەزانیت ئەو شتەی هەرگیز بیرمنایەت نەنکم بۆی باسکردبم پیاوێک بەرامبەر ژنەکەی توندوتیژ بووبێت یان ژنەکەی کوشتبێت، راستە باسی پیاوی رەزیل و دڵپیسی بۆ دەکردین بەس لەوە زیاتری باس نەکردووە!
توندوتیژی نەبووە؟
*باشە سەیرە ئایا لە سەردەمی ئەودا وەکو ئێستا ئەوەندە توندوتیژی بەرامبەر ژنان نەکراوە یان وەکو ئێستا هەبووە و لەبەرئەوەی سۆشیاڵ میدیا نەبووە کەس پێی نەزانیووە؟
-بە رای من لەو سەردەمەدا توندوتیژی و ژن کوشتن هەبووە، بەڵام رەنگە ساڵانە لە پەنجەکانی دەست تێنەپەڕیبێت یان ئەوەندە کەمبووە و دونیا وەکو ئێستا کراوە نەبووە ئەو جۆرە هەواڵانە بڵاونەبۆتەوە و هەموو کەس نەیبیستووە.
*من بڕوا ناکەم واتا تا دونیا پێشبکەوێت لەجیاتی ئەوەی توندوتیژی دژی ژنان کەمبێتەوە و زیاتر بە مافەکانیان بگەن و پارێزراو بن کەچی زیاتر دووچاری توندوتیژی و کوشتن دەبنەوە؟!
تەکنەلۆژیا دونیای داگیر کرد
-بێگومان ئەوە بۆ کۆمەڵگەی وەکو ئەوەی ئێمە راستە ئەگەر بە مەنتیق بیری لێبکەیتەوە دەبێت وابێت، من باس لە ئامار و لێکۆڵینەوە ناکەم، بەڵام رۆژێک تێناپەڕێت هەواڵی کوشتن یان توندوتیژی دژی ژنێک نەخوێنیتەوە یان نەبیستیت، چونکە کۆمەڵگەیەکی وەکو کۆمەڵگەی ئێمە بەشێوەیەکی زۆر خێرا پێشئەوەی ئاستی رۆشنبیری و بیرکردنەوەی کەسەکان بگۆڕێت و پێشبکەوێت، پێشکەوتنەکانی دونیا و تەکنەلۆژیا دونیاکەمانی داگیرکرد و هاتە نێو ژیانمانەوە، ئەوە وەکو ئەوە وابوو چەک بدەیتە دەستی منداڵێک کە نازانێت چیلێبکات، رەنگە ئازاری خۆی یان چواردەورەکەی بدات، هەروەها زۆرجار ئەو پێشکەوتنە لەپڕەی ژیان و دونیا وادەکات مرۆڤەکان لە مرۆڤبوونی خۆیان دووربکەونەوە و بەهێز لاواز بچەوسێنێتەوە کە لێرەدا ژن لەم کۆمەڵگانەی ئێمەدا خاڵی لاوازە، هەروەها ئەگەر ئەو مرۆڤەی لاوازترە لە هێزو توانای جەستەدا هەوڵیدا شۆڕش بکات بەسەر بەهێزەکەدا و وەکو ئەو داوای ماف و ئەو ژیانەی کرد، ئەو کاتە بە توندوتیژی وەڵامی دەدرێتەوە، لەبەرئەوەی کۆمەڵگەیەکی وەکو کۆمەڵگەی پیاوسالاری ئێمە زۆربەی زۆری تاکەکانی تەنیا بە رووکەش پێشکەوتوون، بەڵام لە ناوەرۆکدا هەر مێشکە دواکەوتووەکەیان هەیە، جگە لە تێکەڵبوونی چەندین کەلتور و بیرکردنەوە و جیاوازبوونیان لە یەکتری، بۆیە ئەو مرۆڤە نەزانەی چەکێکی وەکو تەکنەلۆژیات داوەتە دەستی ئەنجامەکەی توندوتیژی و کوشتن و سوتاندنی لاواز لەهێزا دەبێت لەلایەن بەهێزەوە، لێرەشدا هەمیشە ژن دەبێتە قوربانیی دەستی ئەقڵیەتی پیاوسالاری داپۆشراو بە پێشکەوتن و تەکنەلۆژیا.
کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان
نەک هەر ئەوە ساڵانی کۆتایی نەوەدەکان و سەرەتای دووهەزارەکان کاتێک لەو کۆمەڵگە پێشکەوتوانەی وەکو ئەوروپا و ئەمریکاوە تاوانی سەیر و سەمەرەمان لە رێی بەرنامەکانی کەناڵە ئاسمانییەکانەوە دەبیست و دەبینی هەرگیز لە وڵاتی ئێمەدا شتی لەو جۆرەمان نەدیبوو یان ئەگەر هەشبووبێت زۆر دەگمەن بوو، ئەو کاتە دەمانوت مرۆڤی پێشکەوتووی ئەو وڵاتانە هەموو دەروونیان نەخۆشە، کەچی ئێستا ئێمە لەوان خراپترمان لێ بەسەر هاتووە هەواڵ و تاوانی وا دەبیستین هەرگیز شتی لەو جۆرە نەبووە دایک تاوان بەرامبەر منداڵی خۆی بکات باوک بەرامبەر کوڕی خۆی یان بە پێچەوانەوە و زۆر شتی دیکە کە بە راستی راتدەچڵەکێنن و واتلێدەکەن گومان لە مرۆڤبوونی خۆت بکەیت.
وەکو جەنگەڵی لێدێت
*واتا تۆ مەبەستت لەوەیە تا دونیا پێشبکەوێت کۆمەڵگەکان وەکو جەنگەڵیان لێدێت و مرۆڤەکان پەلاماری یەک دەدەن و بەهێز لاواز دەچەوسێنێتەوە، ئەی کەواتە چارەسەر چییە لەو وڵاتانە چیان کردووە بەرامبەر ئەو هەموو تاوانانە و مرۆڤەکان چۆن خۆیان دەپارێزن؟
-بێگومان وایە تا دونیا پێشبکەوێت زۆربەی مرۆڤەکان لە مرۆڤبوونی خۆیان دووردەکەونەوە ئەوەی لەو کۆمەڵگانە دەیکەن بۆئەوەی هۆشیان بێتەوە کە هێشتا مرۆڤن یەکەمیان کردنی کاری خۆبەخشانە و خێرخوازییە هەر لە منداڵییەوە فێردەکرێن ئەو کارانە بکەن بۆ کۆمەڵگە، دووەم بەهێزیی یاساکان و جێبەجێکردنیانە واتا یاسا دەتوانێت وا لەپیاوێکی توندوتیژ بکات ئەوەندە کیلۆمەتر لە ژنەکەی نزیک نەبێتەوە، یاسا دەتوانێت وابکات منداڵێک لە دایکێکی توندوتیژ بسەنێتەوە و بیداتە خێزانێکی دیکە و بیکەن بە منداڵی خۆیان، ئەمە دوو نموونەی زۆر سادەن لەسەر جیاوازی چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی تاوان لەوێ بەراورد بە ئێرە، چونکە بە راستی ئەگەر هەموو رۆژێک دروشمەکانی نا بۆ توندوتیژی و کوشتنی ژنان بەرزبکەینەوە ئەگەر یاساکانمان نەگۆڕین و بەهێزی نەکەین و جێبەجێیان نەکەین ناتوانین رێ لە کوشتن و توندوتیژی بگرین نەک تەنیا بەرامبەر بە ژنان، بەڵکو بەرامبەر هەر مرۆڤێکی لاواز و بێدەسەڵاتی ئەم کۆمەڵگەیە، چونکە ئەگەر یاسات لە پشت بێت هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێت توندوتیژیت بەرامبەر بکات و بتچەوسێنێتەوە جا ژن بیت یان پیاو یان منداڵ، ئەو کاتە هەموو وەکو مرۆڤ ماف و ئەرکمان دەبێت.   

وتارەکانی نوسەر