کاردۆ عوسمان هەورامی
كوردستان لەدوای دابەشبوونییەوە، زۆرترین مەترسی گۆڕانی دیمۆگرافیای لەسەر بووە و دوژمنانی هەوڵیانداوە لە ناسنامە راستەقینەكەی دایماڵن، بەڵام دوای راپەرین و لە باشووری كوردستان، تەعریب كردنێكی مۆدێرنانە هاتۆتە كایەوە، كە خۆمان و بەناوی جۆراوجۆرەوە دەیکەین.
كرانەوەی كوردستان بەتایبەتی دوای ئازادی عیراق لە عەرەبی ناوەراست و باشوور، چەندین سوودی ئابووری هەبووە، بەڵام لەبەرامبەردا چەندین زیانی كەلتوری و دیمۆگرافی لە كوردستان داوە، كە ئێستا بەهۆی ئاسانكاری زیاتر بۆیان خەریكە دۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەردەچێت و ئەوان دەبنە خاوەنی موڵك و سامانی كوردستان.
راستە كوردستان بەشێكە لە عیراق و ئەوان بۆیان هەیە بە ئازادی سەردانی بكەن و مامەڵەكانیان بەڕێبکەن، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین ئێرە دەوڵەتێكی ئەوروپی یان پێشكەوتوو نییە كە هیچ لێكدانەوەیەك بۆ نەتەوەیی نەكرێت و بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ مرۆڤ بكرێت، بەڵكو ئەوەی ئێستا روودەدات مەترسی جدییە لەسەر باشووری كوردستان، چۆن كەركوك بۆتە واقیع و ناتوانرێت عەرەبی هاوردە بگێڕدرێتەوە، ئەوە بێگومان لە هەولێر و سلێمانیش هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە، ئەگەر بە جدی مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت، چونكە ئەوان بە پێی یاسا دەبنە خاوەن موڵك و ئۆتۆمبێل و باخ و زەوی، هیچ بیانوویەك نییە بۆ لێوەگرتنەوەیان، بەتایبەتی لە دۆخێكی وەك ئێستادا كە هەرێم بەرامبەر بەغدا لاوازە، دادگای فیدراڵی بەویستی خۆی بڕیار دەدات و ئێمەش ناچارین پابەند بین.
بوونی عەرەبێكی زۆر و ئاسانكاری زۆر بۆیان، دۆخێكی بێمنەتی لای ئەوان دروستكردووە كە زۆرجار پابەندی رێكار و رێنماییەكان نابن، دەبینین لەسەر شەقام پابەندی یاسا و كامێرای چاودێری نین، لە نەخۆشخانەكان مامەڵەیان نەگونجاوە و وەك خزمەتكار سەیری هەموان دەكەن، رێگا دەگرن و بە دانس و خۆشی خۆیان شەقام دادەخەن، پارك و سەیرانگاكانیان پڕ كردووە، كە وایلێهاتووە، خێزانی كورد ناتوانێت بە ئازادی خۆی و بڕوات و چێژ لە سروشتی وڵاتەكەی وەربگرێت، بۆیە ئەمە مەترسی جدییە و پێویستی بە پلان هەیە، پلانێكی حەكیمانە، كە وەك كورد دەڵێن(نەشیش بسووتێت و نە كەباب).