کاردۆ عوسمان هەورامی
بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی بۆ كۆتاییهێنان بە كورسی كۆتاكان له په‌رله‌مانی كوردستان، بووه جێگەی تانه‌ی لایەن و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی پێكهاته‌كانیش دژی وه‌ستانه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی شیكردنه‌وه بۆ هۆكارەكه‌ی و لێكه‌وته‌كانی بكه‌ن، تا بگه‌نه ئەنجامێکی باش، له‌بری ئه‌مه وه‌ك هه‌میشه قەوانه كۆنه‌كه‌یان لێدایه‌وه، كه دوورت ده‌خاته‌وه له تێگه‌یشتن له واقیعی بڕیاره‌كه و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردنێكی دروست له‌گه‌ڵیدا.
بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی له چوارچێوه‌ی تێگه‌یشتنیان بۆ ده‌ستووری عیراق ده‌رده‌كرێت، ئه‌وان ته‌فسیری ده‌ستوور له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته ده‌ستورییه‌كاندا دەکەن، نه‌ك شێوازی سكاڵا تۆماركردنه‌كه، بۆیه ئەمە ده‌ستووریی و ئیلزامییه و قابیلی تانه‌دا لێدان نییه.
هه‌رچی په‌یوه‌ستیشە به لابردنی كورسی كۆتاكان كه وا بانگه‌شه ده‌كرێت یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان داوای كردبێت، ئه‌وا ناڕاسته، به‌ڵكو یه‌كێتی داوای كردبوو كورسی كۆتاكان به یه‌كسانی له نێوان پارێزگاكاندا دابه‌ش بكرێت.
کۆمسیۆن پلانی دابەشکردنی کورسیی کۆتاکانی دانابوو
كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ئاماده‌كاریی بۆ ئه‌گه‌ری یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی بڕیاری دادگا كردبوو، به نووسراوی ژماره(2551) له رۆژی (30/11/2023) پشت به‌ست به كۆنووسی (2878) پێشنیازی دابه‌شكردنی كورسی كۆتاكانی كردبوو، كه هه‌ولێر چوار كورسی، سلێمانی چوار كورسی و دهۆك سێ كورسییان پێده‌درێت، به‌ڵام دادگا ته‌واوی كورسی كۆتاكانی نه‌هێشت، كه ئه‌مه‌ش هاوتا نه‌بوو له‌گه‌ڵ ده‌قی سكاڵاكه، به‌و پێیه‌ی كورسی كۆتاكان به‌و شێوه‌یه دژی بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كانه.
هه‌ربۆیه ئه‌وانه‌شی تانه‌ی لێده‌ده‌ن ناتوانن بڵێن دژی ده‌ستووره، به‌ڵكو ده‌ڵێن دژی «رۆحییه‌تی ده‌ستووره»، كه ئه‌مه‌ش لێكدانه‌وه‌ی خودی خۆیانه، قسه‌یه‌كی نازانستی و ناواقعییه و ده‌ستوور ماده و بڕگه‌ی هه‌یه، نه‌ك رۆح!.
هه‌رچی په‌یوه‌ستیشە به كورسیی كۆتاكان دوای بڕیاره‌كه، ده‌بێت ئه‌وه بزانین ماوه‌یه‌كی زۆره تێبینی له‌سه‌ر ئه‌دای كاركردنی ئه‌ندامانی كۆتاكان هه‌یه، كه بوونه‌ته به‌شێك له حزبێک و ره‌خنه‌ی جدی لێده‌گیرا، داوای ئازادكردنی كۆتاكان ده‌كرا له پاشكۆیه‌تی، به‌ڵام گوێیان نه‌ده‌گرت، بۆیه لایه‌نێك به ناچاری په‌نای بۆ به‌غدا برد، تا ئه‌م یه‌كسانییه بێته‌دی، كه به‌هۆی كۆتاكانه‌وه ناهاوسه‌نگیی سیاسی دروست ببوو.
نوێنەری پێکهاتەکان بڕیاردەر بن
ده‌بێت واقعی بین، ئه‌و نوێنه‌رانه، نوێنه‌رایەتی پێكهاته‌ی خۆشیان نه‌ده‌كرد، بۆیه كاركردنیشیان بۆ خودی خۆشیان نه‌بوو، به لابردنیان، ئێستا به مافی راسته‌قینه‌ی خۆیان و به ده‌نگی خۆیان ده‌توانن نوێنه‌ری راسته‌قینه هه‌ڵبژێرن، نه‌ك كه‌سێك به 200 ده‌نگی ئه‌منیی ببێته په‌رله‌مانتار، له‌وه‌ش زیاتر كاتێك كاندیدێك ده‌رده‌چێت، ئه‌وا به‌پێی سوێندی یاسایی ده‌بێته نوێنه‌ری هه‌موو گه‌لی هه‌رێمی كوردستان و به‌رگریی له مافه‌كانیان ده‌كات، هیچ په‌رله‌مانتارێك ناتوانی سوێند بخوات كه ته‌نها به‌رگریی له پێكهاته‌ی خۆی ده‌كات، بۆیه به‌پێی یاسا هه‌موو په‌رله‌مانتارێك نوێنه‌ری هه‌موو پێكهاته‌كانه.
هه‌رچی په‌یوه‌ستە به دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنیشەوە، ئه‌وه تاك بازنه‌یی زۆر كلاسیكه و له جیهاندا چه‌ندین ده‌یه‌یه مۆدێلی به‌سه‌رچووه، چونكه به‌هۆكاری بایكۆت و سیاسی و لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی رێگری ده‌كات له‌وه‌ی هه‌موو ناوچه‌كان نوێنه‌ری خۆیان هه‌بێت، به‌ڵام فره‌بازنه‌یی نوێنه‌رایه‌تی پارێزگاكان ده‌پارێزێت، هیچ هۆكارێك نابێته رێگر له‌به‌رده‌م نه‌بوونی نوێنه‌ری ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو.
له كوردستان كێشه‌كه هه‌ر ئه‌مه نییه، به‌ڵكو به‌هۆی پارێزگایه‌كی بچووكی وه‌ك دهۆكەوە لایەنێک هه‌موو جارێك ده‌بووه زۆرینه، چونكه چاودێریی سندوقه‌كانی ده‌نگدان كه‌م و سنوردار بوو، به‌هه‌ر هۆكارێك بێت به‌شداریش زۆر بوو، بۆیه نایه‌كسانی له نوێنه‌رایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتدا دروستكردبوو، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی بنەمای راسته‌قینه‌ی دیموكراسییه، بۆیه بڕیاره‌كه‌ی دادگا پێودا‌نگی دیموكراسی به‌هێزتر ده‌كات و نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ش بۆ پێكهاته‌كان فه‌راهه‌م ده‌كات.
ماوه‌ته‌وه بڵێین، نابێت ئه‌م بڕیاره بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی وا لێكبدرێته‌وه كه گه‌لی كورد دژی پێكهاته‌كانه، ناكۆكی له نێوان پێكهاته‌كان دروستبكرێت، به‌ڵكو ده‌بێت وه‌ك بڕیارێكی دروست سه‌یر بكرێت، عیبره‌ت وه‌ربگیرێت پێش په‌نابردن بۆ دادگای فیدراڵی و به‌غدا، هه‌وڵبده‌ین له ناوخۆ رێبكه‌وین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێم به په‌نابردن بۆ به‌غدا هەڵوێستی لاوازتر نه‌بێت و زیاتر له قاڵب نه‌درێت، كه له ئێستادا به‌هۆی نه‌مانی داموده‌زگای شه‌رعییەوە مه‌ترسیی جدی له‌سه‌ره.